ئێران: ئەمریکا دەیەوێت کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز بکات و رێککەوتنەکان پێشێل دەکات

6 کاتژمێر پێش ئێستا

رووم میدیا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پێشێلکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی گرتنەدەستی کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز دەدات، جەختیشیکردەوە کە تاران چیتر بەرامبەر دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان بێدەنگ نابێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە 18ـی تەممووزی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی مادەی 5ی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە تەنگەی هورمز، بەڕێوەبردنی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە دەبێت بە راوێژ لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە بێت، بەڵام واشنتن ئەو بنەمایانەی پەراوێز خستووە.
بەقایی لە بارەی رێکارە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەوە گوتی: "رێکارە سنووردارکەرەکانی ئەم دواییەی ئێران لە تەنگەی هورمز، وەڵامدانەوەیەکی بەرپرسانە بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستدرێژکارانەی دەیانویست ئەم رێڕەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەستوەردانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن کە بە گوتەی ئەو، دەبنە هۆی بەرهەمهێنانەوەی جەنگ و توندوتیژی.
لە کۆتاییدا، بەقایی هۆشداری دا لەوەی کە ناوچەکە لە قۆناخێکی هەستیاردایە و رایگەیاند، ئێران چیتر بێدەنگی بەرامبەر ئەو دەستوەردانانە نانوێنێت کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بە ئامانجی ئەوەی ئاسایش لە ناوچەکەدا بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی.

ژمارەی خوێندراو : 56 جار

هەواڵی زیاتر