زەنگی مەترسی لە کەنداو؛ تاران واشنتن بە "پەیمانشکێنی" تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی وەڵامی سەخت دەکات

5 کاتژمێر پێش ئێستا

روون میدیا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمی و تونددا، ئەمریکا بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئیسلامئاباد تۆمەتبار دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانیان بە هەموو توانایەکیانەوە بەرگری لە خاکی وڵاتەکەیان دەکەن و چیتر بوار بۆ دەستدرێژی ناهێڵنەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد لە 18ی حوزەیرانی 2026 بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لایەنی ئەمریکی بەردەوام بووە لە پێشێلکردنەکان. تاران دەڵێت خولی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا لە 17ی تەمووزەوە، هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، دەستیپێکردووە و واشنتن بە بەکارهێنانی پاساوی ناڕاست بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران تۆمەتبار دەکات.
سەبارەت بە دۆسیەی حساسیشی تەنگەی هورمز، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە بەپێی مادەی 5ی یاداشتنامەی ئاشتی، بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەکە دەخرێتە ئەستۆی ئێران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت ئەم ڕێککەوتنە پەکبخات و ڕێڕۆی کەشتییەکان بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنێت.
لە پەیامێکیشدا بۆ وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو، تاران هۆشداری دا کە نابێت خاک و تواناکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت و جەختی کردەوە کە هەر هێرشێک لە خاکی هەر وڵاتێکەوە ئەنجام بدرێت، وەک سەرچاوەی هەڕەشە دەبینرێت.
کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ژێر ڕێنیشاندانەکانی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەییدا، "دانوستاندن بە واتای تەسلیمبوون نایە" و لە بەرامبەر بەردەوامبوونی زۆرداریی ئەمریکادا، وەڵامی زۆر سەخت دەبێت.

ژمارەی خوێندراو : 97 جار

هەواڵی زیاتر