سوپای ئەمریکا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە چەندین مووشەکی ئێرانی خستۆتە خوارەوە و
بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سعودیە بۆردومانی چەند شوێنێکی عێراقیان کردووە کە
لەلایەن "حەشدی شەعبییەوە" بەکارهێنراون بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ڕۆژانی
ڕابردوودا. لە بەرامبەردا سوپای پاسداران ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر
"پایگایەکی ئەمریکی لە ئوردن"، بەمەش کۆتایی بە سەردەمێکی هێوربوونەوەی
کاتی لە شەڕەکەدا هات.
فەرماندەیی
ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕێگریکردنی لە هەموو ئەو مووشەکە ئێرانییانە
پشتڕاستکردەوە کە ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرابوون، و
ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە ئامادەباشیی تەواودان"، بێ ئەوەی هیچ
وردەکارییەک دەربارەی ئاڕاستەکردنی ئەو مووشەکانە ڕوون بکاتەوە.
لە
ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا، ئەمریکا و سعودیە ئەنجامدانی هێرشی هاوبەشیان لە عێراق
ڕاگەیاند کە بڕیارگەی گرووپە چەکدارەکانی وەلائی بۆ ئێرانی کردبووە ئامانج، وەک
وەڵامێک بۆ دەیان هێرش کە لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا بە ڕێنمایی سوپای پاسدارانی
ئێران ئەنجامدرابوون.
هێزەکانی
ئەمریکا هۆشدارییان دا کە هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا یاخود ژێرخانی
وزەی سعودیە، ڕەنگە بەرەو ڕێکاری زیاتریان ببات.
ئەم ئاڵۆزییە
دوای ئەوە هات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران تووشی قۆناغێک لە
هێوربوونەوە بوون کە بۆ چەند ڕۆژێک هیچ لایەنێکیان هێرشی ڕانەگەیاندبوو، ئەمەش
دوای نزیکەی دوو هەفتە لە ئاڵۆزی کە بۆردومانی شەوانەی ئەمریکای بۆ سەر شوێنەکانی
ئێران (بەتایبەت باشووری ئێران) دەگرتەوە، لەگەڵ بەئامانجگرتنی وڵاتانی ناوچەکە
لەلایەن تارانەوە، لەوانەش ئوردن کە سەربازی ئەمریکی تێدا کوژران.
لە لایەکی
دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکان
بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەنجامدراون و "ئامانجەکانی
سەر بە میلیشیاکانی ناو خاکی عێراقیان پێکاوە کە پەیوەندیدار بوون بە
بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە".
ڕاگەیەندراوەکە
ئاماژەی بەوەش کردووە: "جەخت دەکەینەوە کە ئێمە هەوڵی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە
نادەین، بەڵام وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە کە بکرێتە سەرما."
دوای
ئەنجامدانی هێرشەکان، دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە چەندین بارەگای لە ناوچە
جیاوازەکانی عێراق ڕووبەڕووی چەندین هێرش بونەتەوە، لەوانەش نەینەوا لە باکووری
وڵات و بەسڕە لە باشوور. هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی لە لێدوانێکدا بۆ
جەزیرە ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکان سەربازگەی (الفاتح المبين)یان لە پارێزگای
واسیت لە باشووری وڵات کردووەتە ئامانج.
پاشان حەشدی
شەعبی کوژرانی ٢٠ کەس و برینداربوونی ٣٢ کەسی دیکەی ڕاگەیاند لە ئامارێکی
سەرەتاییدا بۆ ئەو هێرشانەی کە چەندین بارەگایانی لە پارێزگاکانی عێراق کردبووە
ئامانج.
بەیانیی ڕۆژی
چوارشەممە، عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێنماییدا بە بەستنی
کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی دوای هێرشە
ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە.
سعودیە دوێنێ
سێشەممە ڕایگەیاندبوو کە بۆ دووەم ڕۆژی لەسەرەک پەلاماری ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی
خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە لە
عێراق" ئاڕاستە کرابوون، لە کاتێکدا حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە
نەوتکێشێکی سعودییان نەچار کردووە بگەڕێتەوە لە چوارچێوەی ئەوەی نێویان نابوو
"گۆڕەپانی ئابڵۆقەدان لەسەر شانیشینەکە".
سەرۆک وەزیرانی
عێراق لەو کاتەدا فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوە لەو هێرشە بکەن کە
سعودیە ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاندبوو. سوپای عێراقیش جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی
کردەوە بە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک یان ڕێڕەوێک بۆ
هەر هێرشێک کە وڵاتانی خوشک یان دۆست بکاتە ئامانج.
بەڵام گروپە
چەکدارەکانی عێراق هەر ڕۆڵێکی خۆیان لە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر سعودیە
ڕەتکردەوە.
"بەرخۆدانی
ئیسلامی لە عێراق" کە هاوپەیمانییەکە لە گرووپە چەکدارەکان پێکهاتووە،
ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ڕۆژی دوشەممە لەلایەن حووسییەکانەوە ئەنجامدراون، کە
پێشتریش بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە
ڕاگەیاندبوو.
لە مەڕ ئەم
بابەتەوە، تەلەڤزیۆنی ئێران لە سەرچاوەیەکی سەربازیی ئاگادارەوە گواستییەوە:
"ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەو تەقەمەنییانەوە نییە کە لە وڵاتانی دیکەوە
بەرەو ئامانجەکانی ناو سعودیە تەقێنراون"، واشی زێدە کرد کە
"پەیوەستکردنی هەر کارێک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە
ئێرانەوە، هەڵەیەکە لە هەڵسەنگاندنەکاندا."
ئوردن بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، کە
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس گواستوویەتیەوە، شەوی ڕابردوو ئێران هێرشێکی مووشەکی
بالیستی ئاڕاستە کردووە و وردەکارییەکەی ڕوون نەکردووەتەوە، بەرپێش ئەوەی هێزەکانی
ئەمریکا و سعودیە هێرشی ئاسمانی لە عێراق ئەنجام بدەن، جەختیشی کردەوە کە دوو
هێرشەکە پەیوەندییان بە یەکەوە نییە.
بەڵام ماڵپەڕی
ئاکسیۆس لە سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە گواستییەوە کە ئێران مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی
"پایگایەکی ئەمریکی" لە ئوردن کردووە و ڕێگریکردن لە مووشەکەکانیشی
پشتڕاستکردەوە.
لەولاشەوە،
سوپای ئوردن ڕایگەیاند کە ٥ مووشەکی ئێرانی خستۆتە خوارەوە کە خاکی شانیشینەکەیان
کردبووە ئامانج، بێ ئەوەی ئاماژە بە سروشتی ئەو شوێنانە بکات کە ئامانج بوون،
ئەمەش دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە بە چەندین مووشەکی
بالیستی هێرشی کردووەتە سەر ئەوەی بە "پایگایەکی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا لە
ئوردن" ناوی بردبوو.
سوپای پاسداران
هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی کرد "ئەگەر هەرەشە و جوڵەی هێزەکانی
ئەمریکا" دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەردەوام بێت.
سوپای ئوردن
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ماوەی ئەم
مانگی تەممووزەدا ٧٠ مووشەکی بالیستی ئێرانی و ٢٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستۆتە
خوارەوە کە لە خاکی ئێرانەوە هاتبوون، لە کاتێکدا ئاماژەی بە ڕێگریکردن لە فڕۆکەی
بێفڕۆکەوانی دیکەش کردبوو کە سەرچاوەکەی دەستنیشان نەکردبوو.
لای خۆشیەوە،
پەیامنێری جەزیرە تامر الصمادي لە سەرچاوەکانەوە گواستییەوە کە جەختیان کردووەتەوە
سەرچاوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە سوپای ئوردن دیاریی نەکردبوون عێراق بووە، و
ئاماژەی بەوە دا کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەوانەیان هەڵداوە.
دۆناڵد ترەمپ
سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاندبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە
شەوی هەینییەوە هێرشەکانی سەر ئێرانی ڕاگرتووە -کە بۆ نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام
بوو- بۆ ئەوەی "دەرفەتێکی سنوردار" بداتە دیپلۆماسیەت دوای گوشاری
ناوەندگیرەکان، بەڵام تاران لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە "لەگەڵ واشنتن دانوستان
ناکات".
ئێران و
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە حەوتی ئەم مانگی تەممووزەدا هێرشەکانیان
دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای هەرەسهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە سایەی بەردەوامی
جیاوازییەکان دەر باری هاتوچۆی دەریایی لە ڕێڕەوی گەرووی هورمزدا.
خولی نوێی
ئاڵۆزییەکان ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکە و زیادبوونی لایەنە
بەشداربووەکان، لە سایەی تێپەڕینی سعودیە لە ڕێگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە
دامەزراوەکانیانی دەکردە ئامانج، بۆ بەشداریکردن لە بۆردومانکردنی شوێنەکانی ناو
عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ژمارەی خوێندراو : 77 جار