عێراق و تورکیا ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتیان واژۆکرد؛ ڕۆژانە 750 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت

6 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ تورکیا بە "دەستکەوتێکی ستراتیژی" وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانە لانیکەم 750 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکرێت.
روون میدیا

ئەمڕۆ شەممە (1ـی ئابی 2026)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دەستکەوتێکی ستراتیژیی گرنگ بۆ دابینکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوتمان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ تورکیا بەدیهات."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی نوێیان بۆ گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان واژۆکردووە، کە تێیدا کەمترین ئاستی هەناردەکردنی ڕۆژانە 750 هەزار بەرمیل دەبێت.
عەلی فالح زەیدی جەختیشی کردەوە کە کۆمپانیا عێراقی و تورکییەکان دەستبەجێ ئەرکەکانیان لەم چوارچێوەیەدا دەستپێدەکەن. هاوکات ئاشکرای کرد هەردوو حکومەت لە هەوڵدان بۆ تەواوکردنی "ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی" کە سێکتەرەکانی نەوت، کارەبا، سەرچاوە ئاوییەکان و بوارەکانی دیکەی گەشەپێدان و سەقامگیری دەگرێتەوە.
ڕێککەوتنی پێشووی نەوتی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە 26ـی تەممووزی ڕابردوو کۆتایی هاتبوو. ڕێککەوتنە نوێیەکە کە لەگەڵ وەزارەتی وزەی تورکیا و کۆمپانیای (بۆتاش) واژۆکراوە، بەردەوامیی هەناردەکردن بۆ ماوەی یەک ساڵی تەواو کۆنتڕۆڵ و دڵنیا دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند ئامانجی بەغدا تەنیا هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نییە، بەڵکو لە ماوەی ئەم ساڵەدا کار دەکەن بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێتر بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەوەش لە ڕێگەی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە مێژووییەکەی ساڵی 1973ـی نێوان هەردوو وڵات.

ژمارەی خوێندراو : 69 جار

هەواڵی زیاتر