دوای چەندین دەیە لە حەسانەوە و دڵنیایی لەژێر سێبەری «ئاشتی درێژخایەن»دا، ئەورووپا لە ئێستادا خۆی لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی قورسدا دەبینێتەوە. ئەو کیشوەرەی پێی وابوو شەڕە گەورەکان بۆ هەمیشە کۆتاییان هاتووە، دوای داگیرکاریی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا لە خەوی غەفڵەت بەئاگا هاتەوە و ئێستا ناچاری باجی قورسی پشتگوێخستنی لایەنی بەرگریی خۆی دەدات.
سیاسەتە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ و ڕەخنە ئاشکراکانی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکان لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ڕاستییەکی تاڵی بۆ ئەورووپا دەرخست؛ مەترسی هەڵگرتنی چەترە ئەمنییەکەی ئەمریکا لەسەر ئەوروپییەکان بووەتە واقیع. سزاکانی ترەمپ دژ بە ئیسپانیا و کێشانەوەی هێڵی بازرگانی لەگەڵی، لەگەڵ داواکارییە کۆنەکانی بۆ کڕینەوەی گرینلاند، ئەورووپای خستە بەردەم بژاردەی پشت بەخۆبەستن .
لەگەڵ ئەم فشارە دەرەکییانە، ناوخۆی ئەورووپاش بەدەست چەندین قەیرانی هاوتەریبەوە دەناڵێنێت:
یەکەم؛ کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری بۆ 1.1% و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ 3.1% لە ساڵی 2026دا، لەگەڵ قەیرانی وزە، بژێوی دوو لەسەر سێی خێزانە ئەورووپییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
دووەم؛ بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگای (V-Dem)، «شەپۆلی سێهەمی ستەمکاری» کاریگەری قورسی کردووەتە سەر وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و بەریتانیا.
سێهەم؛ بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچی نایاسایی وڵاتانی ناچار کردووەوە بە سەپاندنەوەی سنووردارکردنی توندی سەر سنوورەکان.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە، ئەورووپا پڕۆسەیەکی بێ پێشینەی چەکداربوونەوەی دەستپێکردووە؛ تێچووی بەرگریی لە ساڵی 2020ەوە بە ڕێژەی 98% زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا بگاتە 454 ملیار یۆرۆ (واتە 2.4%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی یەکێتیی ئەورووپا). بۆ نموونە ئەڵمانیا بودجەکەی گەیاندووەتە 118 ملیار یۆرۆ و پڕۆژەی هاوبەشی وەک دەبابەی (Capint) لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیادا پەرەی پێدەدرێت.
واقیعی نوێ پێمان دەڵێت کە چیتر ئەورووپا ئەو دوورگە ئارام و بێوەیەی جاران نییە؛ لە ئێستادا لەسەر کانونێکی داگیرساو وەستاوە و بەهۆی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی وزە، هەڵاوسان، درز تێبوونی دیموکراسی و هەڕەشەی بەردەوامی شەڕەوە، هێواش هێواش لەسەر ئاگرێکی کز دەکوڵێت.
تەرخانکردنی سەدان ملیار یۆرۆ بۆ کڕینی چەک، ڕەنگە تەنها هێورکەرەوەیەکی کاتی بێت، بەڵام ناکوژێتەوە لەو ئاگرەی لە ژێرپێیاندایە. مەترسییەکە تەنها لە سنوورەکانەوە نیە، بەڵکو تەقینەوەکە لە ناوەوە چۆک بە ئەوروپییەکان دادەنێت و بۆ هەمیشە مێژووی ئاشتی لەو کیشوەرەدا دەکاتە خۆڵەمێش.
https://youtube.com/shorts/Oc3H0K8hUk0?si=F55ydTHoGH5lbdlM
ژمارەی خوێندراو : 6 جار
https://youtube.com/shorts/Oc3H0K8hUk0?si=F55ydTHoGH5lbdlM