روون میدیا– بەشی شیکاریی سیاسی
دیمەنێکی سیاسیی کەم وێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوە؛ لە کاتێکدا بزووتنەوەی حەماس بۆ یەکەمجار ڕەزامەندیی سەرەتایی دەربڕیوە بۆ سنووردارکردن و ڕادەستکردنی پلەبەپێی چەکەکانی و ڕادەستکردنی ئیدارەی غەززە بە لیژنەیەکی تەکنۆکرات، حکومەتی ئیسرائیل لە کەسایەتیی داواکاری چەککردنی حەماسەوە بووەتە گەورەترین کۆسپ لە بەرامبەر جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەکەی دۆناڵد ترەمپ.
هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل تەنیا پەیوەندیی بە پرسی چەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو باڵادەستییە سەربازی، مەیدانی و دەستکەوتە سیاسییە ناوخۆییانەی کە کابینەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ ترسی لەدەستدانیانی هەیە.
+نەخشەڕێگەی ترەمپ؛ ١٥ بەند بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ
نەخشەڕێگەکە لە ١٥ بەند پێکهاتووە (وەک بەشێک لە پلانە گشتگیرەکەی ترەمپ کە لە ٢٠ خاڵ پێکهاتووە) و جەخت لەسەر ئەم تەوەرە سەرەکییانە دەکاتەوە:
+ ڕاگرتنی تەواوەتیی کردارە سەربازییەکان.
گواستنەوەی دەسەڵاتە ئیداری و ئەمنییەکان بۆ "لیژنەی نیشتمانی بۆ ئیدارەدانی غەززە".
هەڵوەشاندنەوەی چەکە قورسەکان، تونێلەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەک و کۆگا کردنیان لەژێر سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی.
جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری و دواتریش کشانەوەی تەواوەتی و پلەبەپێی سوپای ئیسرائیل.
بەپێی شیکارییەکانی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، لەوانە سەنتەری "مۆشێ دایان"، تێگەیشتنی جیاواز بۆ چەککردنی حەماس هەیە؛ حەماس دەیەوێت چەکە قورسەکان کۆگا بگرێت و سووکەکان بهێڵێتەوە، لایەنی نێودەوڵەتی باس لە هەڵوەشاندنەوەی گشتگیر دەکات، و ئیسرائیلیش داوای دەرکردنی یەکجاریی چەک دەکات لە کەرتی غەززە. بەپێی خەمڵاندنە ئەمریکییەکان، پرۆسەی جێبەجێکردن ڕەنگە ٦ مانگ تا ساڵێکی پێبچێت.
+ سێ ناڕەزایەتییە سەرەکییەکەی تەلئەبیب
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ئیسرائیل سێ سەرنج و ناڕەزایەتیی سەرەکیی گەیاندووەتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان:
لەناونەبردنی چەکە کۆکراوەکان: ڕەتکردنەوەی هێشتنەوەی چەکەکان لە ناوخۆی غەززە لەژێر چاودێریی لیژنەی فەلەستینی.
ڕۆڵی قەتەر و تورکیا: دژایەتیکردنی بەشداریکردنی قەتەر و تورکیا لە لیژنەی بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر پابەندیی لایەنەکان.
بەستنەوەی دەستی سوپا: لێسەندنی ڕێگەپێدانی هێرش و ئۆپەرسیۆنی سەربازی لەو ناوچانەی دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی هێزی سەقامگیری و بپۆلیسی فەلەستینی.
مەترسیی سەرەکیی ئیسرائیل لەوەدایە کە نەخشەڕێگەکە مافی "کوشتن و تیرۆرکردنی ئامانجدار"ی لێ دەسێنێتەوە. شیکەرەوە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پلانە دەستی سوپا دەبەستێت و ڕێگە دەدات حەماس بە ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئەندامانی لەناو پلیسدا وەک هێزێکی پشتی پەردە بمێنێتەوە.
+نەتەنیاهۆ لە نێوان مانۆڕی سیاسی و گەمەی "هێڵی زەرد"
لە ڕووی مەیدانییەوە، لە ئێستادا ئیسرائیل کۆنترۆڵی زیاتر لە %٦٠ی کەرتی غەززە دەکات. بەرنامەی ترەمپ داوا دەکات سوپا بگەڕێتەوە دواوەی "هێڵی زەرد" (کە %٥٣ی خاکەکەیە) و دواتریش کشانەوەی تەواوەتی ئەنجام بدرێت، بەڵام نەتەنیاهۆ سوورە لەسەر مانەوە لە شوێنەکانی ئێستای تا کۆتاییهاتنی پرۆسەکە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەتەنیاهۆ تاکتیکی "ڕەزامەندیی زارەکی و دواخستنی مەیدانی" بەکاردێنێت. ئەو نایەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٧ی تشرینی یەکەم بڕیاری کشانەوە بدات، تا تووشی کێشەی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕاستڕەوەکانی نەبێت.
+فشارەکانی هاوپەیمانیی ڕاستڕەو و مەترسیی ئایندەی سیاسی
لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ناو کابینەکەی ئیسرائیل (بە تایبەت ئیتامار بن غەفیر و بتسلئیل سمۆتریچ) بە تەواوی دژی ڕێککەوتنەکەن. بن غەفیر ڕایگەیاندووە تەنه ڕێگەچارە "هانپدانی کۆچکردنی فەلەستینییەکان و لەناوبردنی حەماسە".
+ سەرکردایەتیی ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە کە چوونە ناو ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی:
هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە.
دۆڕاندنی کارتەکانی کۆنترۆڵکردنی زەوی و دروستکردنی ناوچەی ئارام.
دەرکەوتنی نەتەنیاهۆ لەبەرامبەر دەنگدەرانیدا وەک سەرۆکێک کە بێ "سەرکەوتنی تەواوەتی" شەڕی ڕاگرتووە.
لە لایەکی ترەوە، ڕاپرسییە نوێیەکان دەریانخستووە کە %٤٥ی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی دژی ڕێککەوتنەکەن و تەنها %٢٧ پشتیوانی دەکەن، ئەمەش زیاتر نەتەنیاهۆ بەرەو توندکردنی هەڵوێستەکانی پاڵ پێوە دەنێت.
+گەمەی ترەمپ؛ ئیسرائیل لە نێوان دوو بەرداشدا
تەلئەبیب لە بەردەم گوشارێکی بەرچاویشدایە لەلایەن کۆشکی سپییەوە. سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ تووشی بێهیوابوونی گەورە دەبێت ئەگەر ئیسرائیل هاوکاری نەکات، بەتایبەت کە واشنتۆن تەنها داوای جێبەجێکردنی ئەو پرۆپۆزەڵە دەکات کە پێشتر ئیسرائیل خۆی ڕەزامەندیی لەسەر دابوو.
شیکەرەوە سیاسییەکان هۆشداری دەدەن کە ڕەتکردنەوەی ئاشکرای ئیسرائیل دەبێتە هۆی سەرکەوتنێکی پرۆپاگەندەیی بۆ حەماس و دروستبوونی دابڕانێکی قووڵ لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبی.
دەرئەنجام: ئیسرائیل دژی بنەمای چەککردنی حەماس نییە، بەڵکو دژی ئەوەیە کە دەسەڵاتی بڕیاردان و چاودێریکردن لە دەستی خۆی دەربچێت و بدرێتە دەست چاودێریی نێودەوڵەتی. نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات تا دوا سات مانۆڕی سیاسی بکات و ڕێککەوتنەکە دوابخات، مەگەر فشارەکانی ترەمپ ناچاری بکەن بچێتە ژێر بار بارودۆخە نوێیەکە.
ژمارەی خوێندراو : 73 جار