دۆخی بازاڕەکانی قوربانی لەم وەرزەدا لە وڵاتانی عەرەبیدا وەک یەک نییە؛ لە لایەکەوە ئاژەڵ بەشێوەیەکی ڕێژەیی زۆرە، بەڵام لە لایەکی ترەوە نرخەکان بە شێوازی جیاواز بەرزبوونەتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ گرانیی تێچووی عەلەف، گواستنەوە، وزە، دەرمانی ڤێتێرنەری و کاریگەریی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان لەسەر ڕێڕەوی هاوردەکردن دەگەڕێتەوە.
ئەو زانیارییانەی پەیامنێرانی "جزیرە نێت" لە زاری بازرگان، ئاژەڵدار، کڕیار و بەرپرسانەوە کۆیان کردووەتەوە، دەریانخستووە کە ئەمساڵ ڕەفتاری کڕیاران گۆڕانکارییەکی ڕوونی بەسەردا هاتووە؛ زۆربەی خێزانەکان ڕوویان لە کڕینی ئەو ئاژەڵانە کردووە کە تێچوویان کەمترە، یان چەند ماڵێک پێکەوە بەشدار دەبن لە قوربانییەکدا، یاخود کڕینەکەیان بۆ ڕۆژانی کۆتایی پێش جەژن دواخستووە، بەو هیوایەی نرخەکان دابەزن یان داشکاندن بکرێت.
١. میسر
بازاڕەکانی میسر بەهۆی گرانیی عەلەف، وزە، گواستنەوە و حەقدەستی کرێکارانەوە، بەرزبوونەتەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، جگە لەوەی شەڕی سوودانیش هاوردەکردنی پەکخستووە.
محەممەد سەڵاح کە بازرگانێکی مەڕە لە پارێزگای جیزە دەڵێت: "نرخی عەلەف، بەتایبەت سۆیا و گەنمەشامی، ئەمساڵ زیاتر لە ٣٠٪ بەرزبووەتەوە. تەنانەت نرخی کوتان و دەرمانیش ١٥٪ زیادی کردووە و حەقدەستی ڕۆژانەی کرێکاریش لە ١٠٠ جەنەهەوە بۆ ٢٠٠ جەنەهـ دوو هێندە بووە."
لەلایەکی ترەوە، دکتۆر محەممەد عیماد (پزیشکی ڤێتێرنەری) ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی گۆشت خۆی بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرزبووەتەوە و کیلۆی گەیشتووەتە ٤٧٠ جەنەهـ (٨.٨ دۆلار). وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، بڕێکی زۆر ئاژەڵ و گۆشتی بە نرخی پاڵپشتیکراو خستە بازاڕەوە، بەڵام هاووڵاتیان دەڵێن بڕەکە زۆر کەم بوو و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا حجزکردن کۆتایی هات. هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش ١٥٪ی تری خستووەتە سەر نرخی ئاژەڵەکان.
٢. جەزائیر
شەعلالی حاج، بەرپرسی ژووری کشتوکاڵی ویلایەتی عەین دەفلا دەڵێت: "گەورەترین کێشەی ئاژەڵداران نرخی عەلەفە. هەرچەندە بارانبارینی ئەم دواییە پاوانە سروشتییەکانی باشتر کردووە و کەمێک باری ئاژەڵدارانی سووک کردووە، بەڵام تێچووی قەڵەوکردنی ئاژەڵ هێشتا بەرزە."
فادی تەمیم، ڕێکخەری ڕێکخراوی پاراستنی بەکاربەر ڕایگەیاند کە ئاژەڵ لە بازاڕدا زۆرە، بەڵام کڕین و فرۆشتن سستە، چونکە خەڵک ڕوویان لە سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی حکومی کردووە بۆ کڕینی مەڕی هاوردەکراو کە نرخەکەی جێگیر کراوە بە (٣٧٦ دۆلار)، لە کاتێکدا مەڕی خۆماڵی نرخەکەی زۆر بەرزە و گەیشتووەتە نێوان (١٠٥٤ بۆ ١١٢٩ دۆلار). بەهۆی ئەم گرانییەوە، هاووڵاتییەکی وەک "عەمار" دەڵێت کە لەگەڵ برا و ئاوەڵزاوەکەیدا پێکەوە عەجەلێکیان کڕیوە بۆ ئەوەی خەرجییەکەیان لەسەر کەم بێتەوە.
٣. مەغریب
لە بازاڕە میللییەکانی مەغریبدا، چاوەڕوانی و دوودڵی بەسەر کەشوهەواکەدا زاڵە. نرخەکان هێندە بەرزن کە کڕیاران ناتوانن تەنانەت چەنەبازیش (مامەڵە) لەسەر نرخ بکەن؛ بۆ نموونە مەڕی جۆری "صردی" گەیشتووەتە ٦٥٠ دۆلار. زۆرێک لە فەرمانبەران کڕینیان دواخستووە بۆ کاتی وەرگرتنی مووچە.
لە مارکێتە گەورەکانیشدا ئاژەڵ بە کیلۆ دەفرۆشرێت و نرخی هەر کیلۆیەک لە نێوان ٧.٨ بۆ ٨.٥ دۆلاردایە، ئەمەش خەڵکی دڵخۆش نەکردووە. میلوود ئیسماعیلی، کە ئاژەڵدارێکی گەورەیە، ڕوونکردنەوە دەدات کە گرانیی عەلەف و سووتەمەنی و کەمیی دەستی کار بەهۆی کۆچکردنەوە، بوونەتە هۆی ئەم گرانییە، بەڵام دەشڵێت ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا هەن کە دەڵێن نرخی مەڕ گەیشتووەتە ٨٠٠ دۆلار دوورە لە ڕاستییەوە و تەنها حاڵەتی کەم و نائاسایین، چونکە تێکڕای نرخەکان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دۆلاردان.
٤. سووریا
لە دیمەشق، نرخەکان بازدانێکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە. بازرگانان هۆکارەکە بۆ گرانی عەلەف و بەرزبوونەوەی دۆلار دەگەرێننەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی "هەناردەکردنە بۆ دەرەوە". مأمون خەلەف، بازرگانێکی گۆشتە و دەڵێت کیلۆی عەلەف لە ٤٨٠٠ لیرەوە بووەتە ٦٨٠٠ لیرە.
تێکڕای نرخی ئاژەڵی قوربانی لە ٢.٥ ملیۆن لیرەی ساڵانی ڕابردووەوە، ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی ٦ ملیۆن لیرە (واتە ٤٤١ دۆلار)، بەهۆی ئەوەی ڕێگە بە هەناردەکردنی ئاژەڵ دراوە بۆ وڵاتانی کەنداو؛ تەنها سعوودیە بۆ ئەم وەرزە پێویستی بە ملیۆنێک مەڕی جۆری "نەعیمی" سووری هەیە، ئەمەش بازاڕی ناوخۆی کەمئاژەڵ کردووە.
٥. ئۆردان
لە ئۆردان ئاژەڵی ناوخۆیی و هاوردەکراو زۆرە، بەڵام پێشبینی دەکرێت نرخەکان ١٠٪ بەرز ببنەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ، هەناردەکردنی ئاژەڵی بۆ کەنداو سنووردار کردووە.
زەعل کەوالیت، سەرۆکی کۆمەڵەی ئاژەڵداران دەڵێت مەڕێکی ناوخۆیی ٥٠ کیلۆیی نرخەکەی دەگاتە ٣٨٨ دۆلار. هەروەها مەڕی هاوردەکراوی ڕۆمانیش بەهۆی گرانی تێچووی شەن و دڵنیایی (تأمين) نرخەکەی بەرزبووەتەوە. مەحموود عەوران، سەرۆکی یەکێتیی جووتیاران پێی وایە ئەم بەرزبوونەوانە هیچیان لەجێی خۆیدا نین و "بازرگانانی قەیران" هۆکارن کە نرخەکانیان لە هەندێک حاڵەتدا ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ بەرزکردووەتەوە.
٦. قەتەر
بازاڕەکانی قەتەریش بەهۆی تێچووی گواستنەوە و عەلەف و گرژییە هەرێمییەکانەوە گرانبوونێکیان بەخۆیانەوە بینیوە. سەڵاح کوواری کە ئاژەڵدارە، دەڵێت نرخەکان ٢٠٪ زیادیان کردووە؛ مەڕی سووری و خۆماڵی گەیشتووەتە ٥٤٨ دۆلار، مەڕی سودانی ٤٣٨ دۆلار و سۆماڵیش ٢١٩ دۆلار.
بەڵام ئەوەی باری خەڵکی سووک کردووە، دەستپێشخەرییەکی حکومەتە کە بۆ هەر هاووڵاتییەکی سەروو ١٨ ساڵ، مەڕێک بە نرخی پاڵپشتیکراو تەنها بە (٢٧٤ دۆلار) دابین دەکات، ئەمەش نرخێکی زۆر گونجاوە بە بەراورد بە بازاڕ.
٧. کوێت
بازاڕی کوێت لە هەموو وڵاتان سەقامگیرترە. محەممەد ساڵح بەغیلی، سەرۆکی یەکێتیی ئاژەڵداران دەڵێت بەهۆی زۆریی ئاژەڵدارانی ناوخۆ و پاڵپشتی حکومەتەوە، بازاڕ لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
نرخی مەڕی خۆماڵی لە نێوان ٤٢٠ بۆ 520 دۆلاردایە، جۆرەکانی تریش وەک نەجدی و شەفالی لە نێوان ٢٥٩ بۆ ٤٥٣ دۆلاردان. حکومەت لە ڕێگەی چالاککردنی هاوردەکردن و چاودێری توندی لایەنە چاودێرییەکانی بازاڕەوە، ڕێگەی نەداوە نرخەکان لە کۆنتڕۆڵ دەر بچن.
٨. لوبنان
لە لوبنان قەیرانەکە قورسترە؛ تێچووی عەلەف ٦٠٪ی خەرجی ئاژەڵ پێکدەهێنێت، نرخی سووتەمەنی و کارەبا و دەرمانیش زۆر بەرزە (نرخی لیترێک بەنزین گەیشتووەتە ٠.٩١ دۆلار) ئەمەش تێچووی گواستنەوەی زۆر کردووە.
لە بازاڕدا ئاژەڵ هەیە، بەڵام هێزی کڕین نییە. یوسف ئەبو حەمزە کە قەسابە، دەڵێت مەڕێکی مامناوەند نرخەکەی ٣٣٠ دۆلارە و عەجەلیش لە ٢٠٠٠ دۆلار زیاترە. بازرگانان دەڵێن زۆربەی خەڵک تەنها پرسیاری نرخ دەکەن و بەبێ کڕین دەڕۆن، یان چەند خێزانێک پێکەوە بەشدار دەبن، چونکە نرخەکان بە تەواوی لە سەرووی توانای دارایی و داهاتی خێزانەکاندایە.
ژمارەی خوێندراو : 47 جار