نزیکەی هەفتەیەکە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێکردووە و بەهۆی کورتهێنانی داراییەوە دواکەوتنی تێدا دروستبووە. پەرلەمانتارێکی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە کۆتایی ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەگرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دوو پەرلەمانتار پێشبینی دەکەن کە هەفتەی داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت لە پەرلەمانی عێراق بۆ میوانداریکردنی وەزیری دارایی بەڕێوەبچێت، کە خۆی داوای کردووە دۆخی ئابووری و دارایی و هەنگاوەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 تاوتوێ بکەن.
دابەشکردنی مووچە لە 28ی تەمووزەوە دەستیپێکردووە و بەراورد بە سەرەتای ساڵ دواکەوتنی تێدکەوتووە، هۆکارەکەشی بۆ بوونی کورتهێنانی زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار گەڕێنراوەتەوە.
بارودۆخی ئێستای وەزارەتی دارایی: سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا ڕایگەیاندووە کە ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەنێوان 1.5 بۆ 2 تریلیۆن دیناری لەبەردەستدایە و چاوەڕێی کۆکردنەوەی داهات دەکات بۆ ئەوەی هەر وەزارەتێک یان دەستەیەک پارەی بۆ بێت، ئاگاداری بکاتەوە بۆ وەرگرتنی مووچە.
ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی عێراق. پێشبینی دەکرێت بۆ مانگی دووەم لە دوای یەک، بەغدا بە لێبڕینی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم دەڵێت بەهۆی پێویستیی ناوخۆیی و کورتهێنانی دیکەوە ناتوانێت هیچ بڕە داهاتێکی دیکە ڕادەستی بەغدا بکات.
ژمارەی خوێندراو : 78 جار