پەرلەمانی عێراق کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و قەیرانی بەنزینی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

18 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانی عێراق کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و قەیرانی بەنزینی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق میوانداریی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەکات، بە مەبەستی تاوتویکردنى ئەو بنبەستە یاسایی و داراییەی لەنێوان کۆمپانیاکە و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان (CMC) دروستبووە.
عەلی خاڵس شێخ، ئەندامی لیژنەکە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکانیان پێشتریش ئاسیاسێڵ و زەینی گرتووەتەوە و لە هەنگاوی داهاتوودا وەزیری گەیاندن و بەرپرسانی دەستەی CMC بانگهێشت دەکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە بڕیاری پێشووی خۆی بۆ راگرتنی رێکارەکانی دەستەی CMC لە دژی کۆڕەک هەڵوەشاندووەتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، لیژنەی بەدواداچوون بۆ پرسی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی دوێنێیان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق.
بەپێی وتەی پەرلەمانتاران، بەغدا دوو بژارەی خستووەتە بەردەم هەرێمی کوردستان: یان بەرهەمی ئەو 50 هەزار بەرمیلە لیتری بە 450 دینار بدرێتە هاونیشتمانییان، یاخود بڕی نەوتەکە رادەستی بەغدا بكرێت تا سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین بکات. لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکی پاڵاوتنی نەوتی ڕۆژانەی بەپێی ژمارەی دانیشتووان زیاتر بکرێت.

ژمارەی خوێندراو : 132 جار

هەواڵی زیاتر