ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە بەرامبەر بێڕێزیکردن بە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەکاتی چالاکییەکانی "رۆژی سەروەری"دا، و جەختی کردەوە لەسەر گرتنەبەری سەرجەم رێکارە یاساییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران ڕێنمایی داوە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکار و وردەکاریی ئەو پێشێلکارییە و ئاراستەکردنی دەرەنجامەکانی لە زووترین کاتدا. هاوکات عەلی فالح زەیدی، ئەندامی لیژنەکە، بە توندی سەرکۆنەی ڕووداوەکەی کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان پابەندی یاسا و نەریتە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان ببن.
ئەم بڕیارەی بەغدا دوای ئەوە هات کە لە یەکێک لە نمایشە سەربازییەکاندا، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی جۆری (هەمەر)ی سەربە حەشدی شەعبی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا ڕۆیشت و وەکو سووکایەتییەک بەرامبەر ئەو وڵاتە مامەڵەی لەگەڵ کرا.
شایانی باسە، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ڕابردوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک "رۆژی سەروەری" ڕاگەیەندرا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و بەڕێوەچوونی چەندین چالاکی و نمایشی سەربازی لە بەغدا و پارێزگاکان.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 45 جار