دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەست دەکات بە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، ئەمەش لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ ئاماژەی بە بەردەوامیی "دانوستانە ئەرێنییەکان" لەگەڵ ئێران کرد، هاوکات فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەشداریکردنی خۆی لە پڕۆسەکەدا پشتڕاستکردەوە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە سەکۆی "تروس سۆشیاڵ" وردەکارییەکی کەم دەربارەی پڕۆسەکە خستەڕوو، ئەم هەوڵانەی وەک "دەستپێشخەرییەکی مرۆیی" وەسف کرد کە تەنها ئامانجی هاوکاری وڵاتە بێلایەنەکانە، ئەوانەی بەشدارییان لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران نەکردووە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە "لە ئەگەری ڕێگری لێکردن لەم پڕۆسە مرۆییە، بەداخەوە دەبێت بە هێز مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستوەردانەدا بکرێت".
هەروەها نووسیویەتی: "ئەوەی ئەنجامی دەدەین لفتەیەکی مرۆییە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و بە تایبەتی لەلایەن ئێرانەوە"، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر زیاد بکات. وتیشی ئەم پڕۆسەیە بڕێکی زۆر لە "نیازپاکی" هەموو ئەو لایەنانە نیشان دەدات کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە توندی شەڕیان دەکرد، و ناوی "پڕۆژەی ئازادی" لە پڕۆسەکە نا. ڕوونیشیکردەوە کە جووڵاندنی کەشتییەکان تەنها ئامانجی ئازادکردنی ئەو کەس و کۆمپانیا و وڵاتانەیە کە هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە، بەڵکو قوربانی بارودۆخەکەن.
بۆچی ئەم پڕۆسەیە؟ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتانی جیهان -کە زۆربەیان بەشداری ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین- داوای یارمەتییان لە ئەمریکا کردووە بۆ ئازادکردنی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز، بەڵام ناوی ئەو وڵاتانەی نەبرد. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا ئەو وڵاتانەی ئاگادارکردووەتەوە کە بەرپرسیارێتی ڕێنماییکردنی کەشتییەکان و دەرهێنانیان بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز دەگرێتە ئەستۆ تا بتوانن ئیشوکارەکانیان بە ئازادی دەستپێبکەنەوە.
هەڵوێستی ئێران چییە؟ ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، جەختی کردەوە کە هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە سیستەمی گەرووی هورمز وەک پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە ئەژمار دەکرێت کە لە ٨ی نیسانەوە بەردەوامە. وتیشی گەرووی هورمز و ئاوەکانی کەنداو بە منشورە "خەیاڵییەکانی" سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوە نابرێن.
سوپای ئێران ڕایگەیاند کە ڕێگرییان لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کردووە بچنە ناو گەرووی هورمزەوە "دوای هۆشدارییەکی توند". هەروەها بنکەی سەربازی "خاتم الانبیاء"ی ئێران هۆشداری دا کە هەر هێزێکی بیانی، بەتایبەت سوپای ئەمریکا، ئەگەر لە هورمز نزیک ببنەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە. فەرماندەی بنکەکە وتی هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرە نەوتەکان لە گەرووەکە دەبێت بە هەماهەنگی لایەنی ئێرانی بێت بۆ پاراستنی ئاسایشیان.
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێرانیش ڕایگەیاند کە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و هەر جووڵەیەکی دەریایی پابەندی ڕێکارە ڕاگەیەندراوەکان نەبێت، ڕووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەبێتەوە.
ئایا پڕۆسەکە سەربازییە و چۆن جێبەجێ دەکرێت؟ سەرەڕای ئەوەی ترەمپ باسی لایەنی سەربازی نەکرد، بەڵام سێنتکۆم پشتڕاستیکردەوە کە هێزەکانیان لە ڕۆژی دووشەممەوە دەست دەکەن بە پشتگیریکردنی "پڕۆژەی ئازادی". ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ بڵاویکردەوە کە پڕۆسەی هاوکاریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان ڕەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران.
وردەکارییەکانی جێبەجێکردن بەم شێوەیەیە:
هەماهەنگی نێودەوڵەتی: ترەمپ ئاماژەی بە بوونی "دانوستانی زۆر ئەرێنی" لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە کردووە.
ڕێنمایی سەربازی: هێزە ئەمریکییەکان ئەرکی ڕێنماییکردن و دەرهێنانی کەشتییەکان دەگرنە ئەستۆ.
پشتگیری سەربازی: سێنتکۆم ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە لە ڕێگەی بڵاوەپێکردنی دەریایی و ئاسمانییەوە دەبێت، کە ناوشکێنەری موشەکی و زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی و هێزێکی ١٥ هەزار سەربازی دەگرێتەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ لە ئێستادا هاوڕێیەتی (Escort) کەشتییە جەنگییەکان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە خۆ ناگرێت، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ هەماهەنگی جووڵەی گەشتیاری.
چەند کەشتی گیراون؟ بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە ٩٠٠ کەشتی بازرگانی لە ئاوەکانی کەنداودا ڕصد کراون و زیاتر لە ٢٠ هەزار دەریاوان بۆ چەندین هەفتەیە لەسەر کەشتییەکان گیریان خواردووە و بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە و خۆراکەوە دەناڵێنن.
ژمارەی خوێندراو : 45 جار