ڤایرۆسی هانتا (Hantavirus) گرووپێکە لە ڤایرۆسەکان کە لە ڕێگەی شیردەرە قرتێنەرەکانەوە (وەک مشک و جرج) دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
ئەم ڤایرۆسە نوێ نییە، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو؛ بۆ یەکەمجار لە کاتی جەنگی کۆریادا لە نزیک ڕووباری هانتا لە کۆریای باشوور دەرکەوت، ناوی ڤایرۆسەکەش لەو ڕووبارەوە وەرگیراوە.
نیشانەکان و مەترسییەکانی چیە؟
بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی دوو جۆر نەخۆشی سەرەکی:
نیشانەی کۆئەندامی هەناسەدان (HPS): کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلەمەنی لە سییەکاندا.
تای خوێنبەربوون لەگەڵ نیشانەی گورچیلە (HFRS): کە کاردەکاتە سەر کارکردنی گورچیلەکان.
نیشانە سەرەتاییەکان:
تایەکی بەهێز، ئازاری ماسولکە
سەرئێشە و دڵتێکهەڵاتن.
لە قۆناغی پێشکەوتوودا، تووشبوو تووشی تەنگەنەفەسییەکی توند دەبێت, ڕێژەی گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە نزیکەی 38%, ئەمەش وادەکات لە ڕووی کلینیکییەوە زۆر کوشندەتر بێت لە کۆرۆنا.
هانتا و کۆرۆنا و کەرەنتینە
هیچ پەیوەندییەکی بایۆلۆژی لە نێوان هانتا و کۆرۆنادا نییە. جیاوازی سەرەکی لە شێوازی گواستنەوەدایە؛ کۆرۆنا بە خێرایی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەڵام ڤایرۆسی هانتا تەنها لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پاشەڕۆ، میز، یان لیکی مشکی تووشبوو دەگوازرێتەوە. گواستنەوەی لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر دەگمەنە.
بۆیە، لە ڕوانگەی زانستییەوە پێویست بە کەرەنتینەی گشتیی ناکات، چونکە نابێتە هۆی پەتایەکی جیهانی (Pandemic) هاوشێوەی کۆرۆنا. مەترسییەکە تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە لە شوێنە گوندنشینەکان یان کۆگاکاندا کاردەکەن کە مشکی لێیە.
چۆن خۆمان لە توشبوون بە ڤایرۆسی هانتا بپارێزین؟
خۆپارێزی تەنها لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی قرتێنەرەکانەوە دەبێت:
ەکەم: پاککردنەوەی ماڵ و شوێنی کار لە پاشەڕۆی مشک بە بەکارهێنانی دەرمانە پاککەرەوەکان (وەک سپراکردن نەک گسکدان، بۆ ئەوەی تەپوتۆزەکە نەفڕێت).
دووەم: داخستنی ئەو کونکونانەی کە مشک لێیانەوە دێتە ژوورەوە.
سێهەم: بەکارهێنانی دەستکێش و ماسک لە کاتی پاککردنەوەی شوێنە گوماناوییەکاندا.
بە کورتی، هانتا ڤایرۆسێکی کوشندەیە بەڵام گواستنەوەی سنووردارە، وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئاماژەی پێداوە، ترس لەم ڤایرۆسە تەنها دەبێت ببێتە هۆی زیادکردنی هۆشیاری ژینگەیی، نەک دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی.
ژمارەی خوێندراو : 10 جار