لە دڵى پەکینی قاییمدا، لەو شوێنەی ژاوەژاوی پایتەخت بێدەنگ دەبێت بۆ ئەوەی مێژوو بدوێت و چارەنووسەکان دروست بکرێن، دەرگا داخراوەکانی کۆمەڵگەی "چۆنگنانهای" بەڕووی میوانێکی نائاساییدا کرانەوە.
شی جین بینگ، سەرۆکی چین، ئەو کۆمەڵگە حکومییە زۆر پارێزراو و نهێنییەی لە پەکین هەڵبژارد تا ببێتە ئەو شوێنەی کە لەگەڵ میوانەکەی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تێیدا کۆببێتەوە.
چۆنگنانهای بە یەکێک لە پارێزراوترین و لێڵترین شوێنە سیاسییەکانی چین دادەنرێت؛ لەبەر ئەوەی لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە نووسینگە و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردە باڵاکانی پارتی کۆمۆنیستی تێدایە و بە دەگمەن دەرگاکانی بەڕووی سەرکردە بیانییەکاندا دەکرێنەوە.
هەروەها لەو کاتەوە تا ئێستا وەک دڵە لێدەرەکەی دەسەڵات لە چین ماوەتەوە؛ شوێنێکە تەمومژ دایپۆشیوە و چوونەژوورەوە بۆی قەدەغەیە، بە پێچەوانەی کۆشکی سپی لە واشنتۆن کە بەڕووی سەردانیکەراندا کراوەیە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز (New York Times) لە ڕاپۆرتێکی هەواڵیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ لە سەردانی پێشووی بۆ پەکین لە ساڵی 2017دا بۆ ئەم کۆمەڵگەیە بانگهێشت نەکراوە، ئەمەش واتای سیاسی تایبەتی بە سەردانە کۆتاییەکەی بەخشی.
ڕۆژنامەکە لە زاری "شین دینگلی" توێژەری چینی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بڵاویکردەوە: بەڕێوەچوونی دیداری لووتکە لە ناوەوەی کۆمەڵگەکە، ڕەنگدانەوەی ئارەزووی پەکینە بۆ نیشاندانی ئاستی متمانە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان شی و ترەمپ، بەتایبەتی لەژێر سێبەری گرژییە ئابووری و جیۆپۆلیتیکییە پەرەسەندووەکانی نێوان هەردوو هێزە جیهانییەکە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، چۆنگنانهای میراتێکی مێژوویی پڕ لە گۆڕانکاری هەڵگرتووە؛ لە باخچەیەکی ئیمپراتۆرییەوە کە گەواهیدەری کودەتایەک بوو کە پاشایەتی "چینگ"ی لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووخاند، تا دەگاتە ئەو شوێنەی کە "ماو تسی تۆنگ" و سەرکردە باڵاکانی تری پارتی کۆمۆنیست وەک شوێنی نیشتەجێبوون و نووسینگەی خۆیان هەڵیانبژارد دوای دامەزراندنی کۆماری چینی میللی لە ساڵی 1949دا.
هۆڵەکانی ئەم کۆمەڵگەیە گەواهیدەری ساتەوەختە یەکلاکەرەوەکانی مێژووی هاوچەرخ بوون، کە ڕەنگە دیارترینیان سەردانەکەی ڕیچارد نیکسۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بێت لە ساڵی 1972 کە بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی توانەوە، تا دەگاتە گەشتەکانی سەرۆک باراک ئۆباما کە پەکین وەک ساتەوەقتی یەکلاکەرەوە لە ڕێڕەوی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وەسفی کردن.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆمەڵگەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا میوانداری ژمارەیەکی سنووردار لە سەرکردە بیانییەکانی کردووە، لەوانە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا، لەگەڵ کەسایەتییە ئابوورییە دیارەکانی ئەمریکا وەک ملیاردێر و بازرگان "ئیلۆن مەسک" و "تیم کوک" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ (Apple).
ژمارەی خوێندراو : 96 جار