جەلادەکەی نوگرەسەلمان لەبەردەم دادگا؛ دان بە لاقەکردنی کچانی کورددا دەنێت

07/05/2026


روون میدیا
ئەمڕۆ لە دادگای ڕەسافەی شاری بەغدا، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان) ناسراو بە "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" دەستیپێکرد. تۆمەتبارەکە ڕووبەڕووی دەیان شایەتحاڵ دەبێتەوە و دان بە چەندین تاوانی قێزەوندا دەنێت کە دەرهەق بە زیندانیانی کورد ئەنجامی داون.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان وردەکاریی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند:
"عەجاج دانی بەوەدا ناوە کە لە ماوەی کارکردنیدا لە زیندانی نوگرەسەلمان، دەستدرێژیی سێکسی (لاقەکردن)ی کردووەتە سەر کچانی دەستبەسەرکراوی کورد. هەروەها دانی بەوەدا ناوە کە بە ئەنقەست زیندانییەکانی برسی کردووە و ڕێگری لە گەیشتنی خواردن پێیان کردووە."
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، عەجاج تەنها لە نوگرەسەلمان تاوانی ئەنجام نەداوە، بەڵکو بەشدار بووە لە:
- هەڵمەتەکانی لەناوبردنی کوردی فەیلی.
- ڕاوەدونان و چەوساندنەوەی ئەو کەسانەی ڕژێمی بەعس بە "التبعیة" (لایلەنگری ئێران) ناوی دەبردن.
- تۆمەتبارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی کارکردنیدا لە دەزگای ئەمن، پڕۆسەی "کوشتنی ڕاستەوخۆ"ی ئەنجام نەداوە.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، بڕیارە زیاتر لە ٢٠٠ کەس وەک شایەتحاڵ و قوربانیی دەستی ئەو جەلادە ئامادەی دادگا بن. ئەم شایەتحاڵانە کە زۆربەیان کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕزگاربووانی نوگرەسەلمانن، دوای دەیان ساڵ لە مۆتەکەی ئەو زیندانە، ئێستا ڕووبەڕووی یەکێک لە هێماکانی ستەمکاری دەبنەوە.
عەجاج ٥ ساڵ خزمەتی هەبووە، کە ٣ ساڵی لە زیندانی نوگرەسەلمان بەسەربردووە. بەرپرسی زیندانی نوگرەسەلمان بووە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس. لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٥، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکرا.
ئەم دادگاییکردنە وەک یەکێک لە گرنگترین کەیسەکانی ساڵانی ڕابردوو دەبینرێت، بەوپێیەی پەردە لەسەر بەشێکی دیکەی مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کورد لە سەردەمی بەعس لادەبات.

ژمارەی خوێندراو : 4669 جار

هەواڵی زیاتر