تاران تاوتوێی پێشنیازەکەی ئەمریکا دەکات و ئیسرائیلیش کوژرانی فەرماندەی هێزی ڕزوان رادەگەیەنێت

16 کاتژمێر پێش ئێستا

- لە ٦٩یەمین ڕۆژی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان خێراتر بوون. لە کاتێکدا واشنتۆن چاوەڕێی وەڵامی تارانە، ئیسرائیل هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حزبوڵا پشتڕاست دەکاتەوە.
- ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، ئەمریکا چاوەڕوان دەکات لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی ئێرانی پێ بگات. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی پەیوەندییەکان سستە، بەو پێیەی پەیامەکان پێویستە لەلایەن ڕێبەری باڵای ئێرانەوە بڕیاریان لەسەر بدرێت، کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە لە شوێنێکی نادیارە.
- لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆکان سەبارەت بە ئێران "زۆر باش" بوون و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ئارادایە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران هێشتا وەڵامی فەرمی خۆی سەبارەت بە تێبینییەکانی ئەمریکا لەسەر پێشنیازە ١٤ خاڵییەکەی ئێران، ڕادەستی وڵاتی پاکستان نەکردووە کە وەک نێوەندگیر کار دەکات.
- حکومەتی پاکستان پێشوازی لە هەواڵی ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو زانیاری لەسەر کات و شوێنی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکات، بە مەبەستی پاراستنی متمانەی نێوان هەردوولا.
- لەسەر ئاستی لوبنانیش، نەبیهـ بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بە "الجزیرە"ی ڕاگەیاند: "هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل پێویستی بە گەرەنتییە، چونکە ئەو وڵاتە پابەندی بەڵێنەکانی نابێت."
- لە کاتێکدا ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە فەرماندەی "هێزی ڕزوان"ی سەر بە حزبوڵای لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بەیرووت کوشتووە، تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو بە نادیاری ماوەتەوە. دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکەوە گواستییەوە کە کردەی تیرۆرکردنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە.
- فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی باشووری لوبنان.
- حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کۆبوونەوەکانی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری وڵاتەکە کردووەتە ئامانج.

ژمارەی خوێندراو : 73 جار

هەواڵی زیاتر