تەنها چەند کاتژمێرێک پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتی دووەم کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو و تێیدا هەڕەشەی لێدانی وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێرانی کردبوو ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ترەمپ جیهانی سەرسام کرد بە ڕاگەیاندنی مۆڵەتێکی سێیەم بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەمە لە کاتێکدایە کە چاودێران پێیان وایە ئەم سێ مۆڵەتە تەنها "فێڵێکی ستراتیژییە" بۆ خۆشکردنی ڕێگە و ئامادەکردنی زەمینە بۆ وەشاندنی گورزێکی یەکلاکەرەوە.
ڕاگەیاندنی ئەم مۆڵەتە هاوکاتە لەگەڵ دوو ئاڕاستەی دژبەیەک: یەکەمیان هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە لەلایەن وڵاتانی وەک پاکستان، تورکیا و میسر؛ دووەمیشیان باس لە بژاردە سەربازییە پێشکەوتووەکان دەکرێت وەک هێرشی زەمینی بۆ سەر دوورگە نەوتییەکانی ئێران یان پڕۆسەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز، کە لەلایەن پنتاگۆنەوە بە بژاردەکانی "گورزی بێهۆشکەر" ناوبراون.
+ وردەکاریی سێ مۆڵەتەکە
لە ماوەی نێوان 21 تا 26ی ئازاری ئەمساڵ، ترەمپ سێ مۆڵەتی یەک لە دوای یەکی بۆ ئێران ڕاگەیاند:
مۆڵەتی یەکەم (شەممە 21ی ئازار - 48 کاتژمێر):
ئامانج: ترەمپ وتی مۆڵەتێکی کۆتایییە بۆ ئەوەی ئێران تەنگەی هورمز بەتەواوی بەڕووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا بکاتەوە.
وەڵامی ئێران: بنکەی سەربازی "خاتم الأنبیاء" هەڕەشەی کرد کە تاران وێستگەکانی وزە و تەکنەلۆژیای ئەمریکا و ئیسرائیل دەکاتە ئامانج.
مۆڵەتی دووەم (دووشەممە 23ی ئازار - 5 ڕۆژ):
ئامانج: ترەمپ پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتی یەکەم وتی گفتوگۆی باش و بەرهەمدارمان لەگەڵ ئێران هەبووە و خاڵی هاوبەشی گەورە هەیە.
وەڵامی ئێران: تاران هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ڕەتکردەوە. قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وتەکانی ترەمپی بە "هەواڵی درۆ" ناوبرد بۆ یاریپێکردنی بازاڕەکانی نەوت و دارایی.
جوڵەی نێودەوڵەتی: ئەمریکا پێشنیازێکی 15 خاڵی و ئێران پێشنیازێکی 5 خاڵییان لە ڕێگەی وڵاتانی ناوەندگیرەوە گۆڕیوەتەوە.
مۆڵەتی سێیەم (پێنجشەممە 26ی ئازار - 10 ڕۆژ):
ئامانج: ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە دواخستنی تێکدانی وێستگەکانی وزەی ئێران تا 6ی نیسانی داهاتوو لەسەر داوای حکومەتی ئێران بووە و گفتوگۆکان بە باشی دەڕۆن.
وەڵامی ئێران: تاران هێشتا بە فەرمی وەڵامی ئەم مۆڵەتەی نەداوەتەوە.
+ جوڵەی سەربازی و بازاڕەکان
سەرەڕای باس لە گفتوگۆ، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا نزیکەی 10 هەزار سەربازی زیادە (مارێنز و چەتریستەکان) دەنێرێتە ناوچەکە. لە لایەکی تریشەوە، بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا (وۆڵ ستریت) گەورەترین دابەزینیان لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە بەخۆوە بینی و نرخی نەوت بەرزبووەوە.
گورزی کۆتایی و یەک ملیۆن شەڕکەر
کەناڵی 14ی ئیسرائیلی پێی وایە درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە بۆ ئەوەیە ڕێگە بدرێت هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا بگەنە ناوچەکە. پنتاگۆن 4 بژاردەی سەرەکی بۆ "گورزی بێهۆشکەر" ئامادە کردووە:
داگیرکردن یان گەمارۆدانی دوورگەی خارک (ناوهندی سهرهکی ههناردهی نهوتی ئێران).
داگیرکردنی دوورگەی لارک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز.
دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی ستراتیژی ئەبو موسا.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانەی نەوتی ئێران دەگوازنەوە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی "تەسنیم" لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە کە زیاتر لە یەک ملیۆن شەڕکەر ئامادەکراون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زەمینی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ژمارەی خوێندراو : 22 جار