گرەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی توانای بەرگریی ئێراندا هەڵە بوون

2 کاتژمێر پێش ئێستا

گرەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی توانای بەرگریی ئێراندا هەڵە بوون
ڕاپۆرت و شیکارییە ڕۆژاوایییەکان ئاشکرای دەکەن کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەو ئاراستەیەدا نەڕۆیشتووە کە لە واشنتۆن و تەلئەبیب پلانی بۆ داڕێژرابوو. سەرەڕای لێدانە سەختەکان، تیرۆرکردنی سەرکردە دیارەکان و زیادبوونی گوشارە سەربازی و ئابوورییەکان، کۆماری ئیسلامی دانەڕما و ڕاپەڕینێکی ناوخۆییی واش ڕووی نەدا کە ببێتە هۆی خێراکردنی ڕووخانی؛ هەروەها هەڵمەتەکان نەبوونە هۆی خۆبەدەستەوەدانێکی سیاسی کە ئامانجەکانی شەڕ بە خێرایی بەدی بهێنێت.
بەپێچەوانەوە، تاران توانای خۆی نیشان دا لە بەرزکردنەوەی تێچووی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ نەیارەکانی، هەروەها توانی «تەنها مانەوە و خۆڕاگری» بگۆڕێت بۆ دەستکەوتێکی سیاسی و مەعنەوی. لەم چوارچێوەیەدا، خوێندنەوە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژاوایی و ئیسرائیلییەکان لەسەر یەک ئەنجام کۆکن: گرەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی توانای بەرگریی ئێراندا هەڵە بوون، وەک چۆن لە تێگەیشتن لە کاریگەریی شەڕەکە لەسەر ناوخۆی ئێران و ناوچەکەشدا بە هەمان شێوە هەڵەیان کردووە.

+ کارتی گوشاری ئێران
ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە دیارترین لایەنەکانی هەڵەهەڵسەنگاندن، بریتی بوو لەو گریمانەیەی کە باڵادەستیی سەربازی دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بە خێرایی ڕازی بێت بە دەرچەیەکی دانوستاندن بە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. بەڵام ڕۆژنامەکە پێیوایە تاران هیچ مەیەلێکی بۆ پاشەکشە نیشان نەداوە، بەڵکو هەوڵی داوە تێچووی شەڕەکە بەرز بکاتەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کارتی تەنگەی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین دەمارەکانی وزە لە جیهاندا.
بەپێی ڕۆژنامەکە، سەرکردایەتیی ئێران توانای خۆی بۆ هێشتنەوەی تەنگەکە لەژێر گوشاردا وەک ئامرازێک بینیوە بۆ فراوانکردنی زیانە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی جیهان، و ناچارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەکان کە تەنها لە بواری سەربازیدا قەتیس نەبن. (واشنتۆن پۆست) دەشڵێت ئەم گوشارانە نەک نەبوونە هۆی شکاندنی ئیرادەی تاران، بەڵکو هێرشەكانی دەریخست کە ناتوانرێت شوێنەوارەکانی شەڕ تەنها لەناو جوگرافیای ئێراندا سنووردار بکرێت.
مانەوەی ڕێژیم
لایەنێکی تری شکستی هەڵسەنگاندنەکان پەیوەندیی بە توانای لێدانەکانەوە هەبوو بۆ دروستکردنی درزێکی ناوخۆیی کە ببێتە هۆی داڕمان یان پەککەوتنی سیاسیی ڕێژیم. بەڵام گۆڤاری (نیوزویک) لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە دانپێدانانێکی سەرنجڕاکێش دەگوازێتەوە کە مانەوەی ڕێژیمی ئێران بووەتە ئەگەرێکی واقیعی.
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل بە گۆڤارەکەی ڕاگەیاندووە کە ئێران بەهۆی قەبارەی جوگرافی، مرۆیی و دامەزراوەییەکەیەوە، ڕەنگە «تەنها مانەوە» بە سەرکەوتن دابنێت. دەشڵێت ئامانجی سەربازیی ئیسرائیل بە فەرمی ڕووخانی ڕێژیم نەبووە، بەڵکو لابردنی «هەڕەشەی بوون» بووە، لەگەڵ بەجێهێشتنی ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی ناوخۆیی بۆ خودی گەلی ئێران.
بەپێی ناوەڕۆکی بابەتەکە، ئەم وەسفە تەنها ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری لە خوێندنەوەی ئیسرائیل بۆ ڕەوتی شەڕەکە نییە، بەڵکو پاشەکشەیەکە لەو گرەوە سەرەتاییانەی کە وایان پیشان دەدا دەکرێت شەڕەکە بە جۆرێک یەکلایی بکرێتەوە کە بەرەو گۆڕانکارییەکی سیاسیی گەورە لە ناوخۆی ئێراندا بڕوات؛ چونکە تەنانەت لەگەڵ ئەو زیانە گەورانەی بەر ژێرخانی سەربازیی ئێران کەوتوون و بەردەوامیی بەئامانجگرتنی سەرکردەکان، بەپێی گۆڤارەکە هیچ ئاماژەیەکی یەکلاکەرەوە دەرنەکەوتووە کە ڕێژیم یەکگرتوویی خۆی لەدەست بدات و دەرگا بەڕووی داڕمانێکی نزیکدا بکاتەوە.

ژمارەی خوێندراو : 55 جار

هەواڵی زیاتر