لە ٣٣یەمین ڕۆژی جەنگدا ئیران چی كردووەو چە روودەدات

3 کاتژمێر پێش ئێستا

+ لە ٣٣یەمین ڕۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ هێرشە بەرانبەرەکان پەرەسەندنێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی؛ تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند کە سوپای پاسداران لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا ٣ وەجبە مووشەکی ئاڕاستەی خاکە داگیرکراوەکان کردووە.
+ هەروەها فریاکەوتنی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەهۆی بۆردومانە مووشەکییەکانی ئەم بەیانییەی ئێرانەوە، ١٤ کەس لە ناوەڕاستی ئیسرائیل بریندار بوون. لە لایەکی ترەوە وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٠٦ کەس لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و لوبنانەوە بریندار بوون.
+ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کرد کە لە یەک کاتدا لە لوبنان و ئێرانەوە مووشەک بەرەو ئیسرائیل تەقێندراون. پێشتریش میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردبووەوە کە مووشەکێک کە لە یەمەنەوە بەرەو ناوچەکانی دیمۆنا، بەئر سەبع و عەسقەلان تەقێندرابوو، تێکشکێنراوە.
+ لە ناوخۆی ئێرانیش، تەلەڤزیۆنی فەرمی ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکان ناوچەکانی باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا و ناوەڕاستی تاران پایتەختیان کردووەتە ئامانج.
+ لە بەرەی لوبنانیشەوە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند شارۆچکەیەک لە باشووری لوبنان، لەوانە دوبین، سەجد و مەروانییە. هاوکات حزبوڵا ڕایگەیاند کە لە دەوروبەری قەڵای شارۆچکەی شەمع لە باشووری لوبنان، لە گەڵ هێزێکی ئیسرائیلی لە شەڕ و پێکدادانێکی سەختدایە.
+ لەسەر ئاستی سیاسی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی (تەلەگراف)ی بەریتانی ڕاگەیاندووە کە بە جدی بیر لە کشانەوە لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" دەکاتەوە، دوای ئەوەی ناتۆ "شکستی هێنا" لە بەشدارییکردن لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوپەیمانییەکە بووەتە "پڵنگی سەر کاغەز".

ژمارەی خوێندراو : 204 جار

هەواڵی زیاتر