ترمپ: وەڵامی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ "بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە"

7 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ٧٢ـەمین ڕۆژی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ئاڵۆزییەکان پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە. لە کاتێکدا واشنتن وەڵامی تاران ڕەتدەکاتەوە، ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامی هێرشەکانی دەکاتەوە و بەرەی لوبنانیش بە گەرمی دەمێنێتەوە.
دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەخنەی توندی لە وەڵامی تاران گرت سەبارەت بەو پێشنیارانەی واشنتن بۆ ڕاگرتنی جەنگ خستبوونیە ڕوو. ترمپ ڕایگەیاند: "وەڵامی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئێرانی بە (جەزیرە)ی ڕاگەیاندووە کە وەڵامەکەی ئەوان جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە تەواوی ناوچەکە بەتایبەت لە لوبنان دەکاتەوە، لەگەڵ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانیان لەگەڵ واشنتن.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا مەترسییەکان ماون و ڕایگەیاند: "جەنگ لە ئێران کۆتایی نەهاتووە"، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی تاران لە پاراستنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
لە ئەنجامی بۆردومانە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، ٦ کەس کوژران کە دوانیان کارمەندی تیمی پزیشکین.
حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند کە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە، لە ڕێگەی درۆن و تۆپخانەوە بنکە و بارەگا و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیلیان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
لە نێوەندی ئەم گرژییانەدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا هەوڵیدا هێورکەرەوە بێت و ڕایگەیاند، پاریس "بە هیچ شێوەیەک بیری لەوە نەکردووەتەوە" کە کەشتیی جەنگی لە گەرووی هورمز جێگیر بکات.

ژمارەی خوێندراو : 69 جار

هەواڵی زیاتر