دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە "شی جین بینگ"ی هاوتای چینی، زۆر دڵخۆشە بە دۆخی ئێستای گەرووی هورمز و ئاماژەی بەوەش کرد کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دیدارە چاوەڕوانکراوەکەیانە لە چین.
دەقی پەیامەکەی ترامپ ترامپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە ڕایگەیاند: "سەرۆک شی زۆر دڵخۆشە بە کردنەوەی گەرووی هورمز و ئەو خێراییەی کە تێیدا کرایەوە. کۆبوونەوەکەمان لە چین تایبەت و ڕەنگە مێژووییش بێت. من بە پەرۆشم بۆ دیداری سەرۆک شی و پێکەوە دەستکەوتی زۆر بەدەست دەهێنین."
ئەم لێدوانانەی ترامپ دوای ئەوە دێت کە ئێران کردنەوەی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند، ئەوەش دوابەدوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەستی کاتی لە لوبنان کە ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێکرد.
ئەو جەنگەی کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستی پێکرد، ببووە خاڵێکی نوێی گرژی لەنێوان واشنتۆن و پەکین؛ بەتایبەت کە چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانە و پێشتریش ململانێی "باجە گومرگییەکان" لە نێوانیاندا هەبوو.
بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا لە ١٤ و ١٥ی ئایاری داهاتوو، یەکەم سەردانی خۆی دوای ٨ ساڵ بۆ چین ئەنجام بدات، کە پێشتر بەهۆی جەنگی ئێرانەوە داخرابوو. ئەم دیدارە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی نێوان هەردوو سەرۆک لە دوای کۆبوونەوەکەی تشرینی یەکەمی ڕابردوویان لە کۆریای باشوور، کە تێیدا لەسەر هودنەیەکی بازرگانی ڕێککەوتبوون.
ژمارەی خوێندراو : 67 جار