وردەکارییەکانی وەڵامی ئێران
سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئێرانی ڕایگەیاند کە وەڵامی تاران بۆ پێشنیارەکانی ئەمریکا "بە شێوازێکی واقیعی و ئەرێنی بووە" و جەختی کردەوە کە ئەم وەڵامە "لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و ئەنجامی ڕاوێژەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە داڕێژراوە".
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە:
وەڵامەکە جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو ناوچەکە بەتایبەت لوبنان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ واشنتۆن دەکاتەوە.
پێشنیارەکەی ئێران وتووێژکردن لەسەر تەنگەی هورمز، بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی تەواوی سزاکان لەخۆ دەگرێت.
پێویستی بوونی میکانیزمێکی ڕوون و گەرەنتی کراو بۆ هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان.
بوونی گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ واشنتۆن واژۆ دەکرێت.
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانیش بڵاوی کردەوە کە تاران مەرجی داناوە سزاکانی ئەمریکا (لەوانەش سزاکانی ئۆفاک تایبەت بە هەناردەی نەوت) لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا هەڵبگیرێن و گەمارۆی دەریایی دەستبەجێ دوای واژۆکردنی "لێکتێگەیشتنی سەرەتایی" کۆتایی پێ بێت.
بەربەستەکان و دیدگای ئەمریکا
لە بەرامبەردا، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە کە وەڵامەکەی ئێران داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکای لەبارەی چارەنووسی بەرنامەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێنراو بەدی نەهێناوە. تاران لەبری ئەوە پێشنیاری چارەسەرێکی قۆناغبەندی کردووە کە تێیدا کردنەوەی تدریجی تەنگەی هورمز بەستراوەتەوە بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر کەشتی و بەندەرە ئێرانییەکان.
سەبارەت بە لایەنی تەکنیکی:
ئێران ئامادەیی نیشانداوە پیتاندن ڕابگرێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر کەمتر لەو ٢٠ ساڵەی کە واشنتۆن داوای دەکات.
ڕەتیکردۆتەوە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەڵوەشێنێتەوە.
پێشنیاری کردووە بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە کەم بکاتەوە و بەشەکەی تری بنێرێت بۆ وڵاتێکی سێیەم، بەمەرجێک ئەگەر واشنتۆن لە ڕێککەوتن بکشێتەوە، یۆرانیۆمەکەی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
یەکگرتوویی بەرەکان
وەڵامی ئێران ستراتیژیەتێکی ئاشکرا کرد کە تێیدا "ڕاگرتنی شەڕ" لە هەموو بەرەکان و "ئاسایشی دەریاوانی" وەک یەک پاکێجی دانەبڕاو دەبینێت. سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، ڕایگەیاند کە دانوستان بۆ "بەدەستهێنانی مافەکانی گەلە" نەک خۆبەدەستەوەدان. لە هەمان کاتدا، موجتەبا خامنەیی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کردووە بەردەوام بن لە "ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن" وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران.
هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران و ئۆباما
ترەمپ لە لێدوانەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر باراک ئۆباما و تۆمەتباری کرد بەوەی لایەنگری تارانی کردووە و پشتی لە ئیسرائیل کردووە. وتیشی ئەو پارانەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستی کەوت، ئیتر هەرگیز بەدەستی ناهێنێتەوە.
دیپلۆماسی تێپەڕین
لە لایەکی ترەوە، کەشتییەکی قەتەری (الخريطييات) کە گازی سروشتی هەڵگرتبوو، بە سەلامەتی لە تەنگەی هورمز تێپەڕی، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ئێرانی بۆ دروستکردنی متمانە لەگەڵ نێوەندگیرەکان بینرا.
لە واشنتۆن و تەلئەبیب هێشتا گومان و ترس باڵدەستە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت جەنگ کۆتایی نەهاتووە تا ئەو کاتەی دامەزراوەکانی پیتاندن هەڵدەوەشێنرێنەوە. ترەمپیش هۆشداری دا کە "هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا" چاودێری وردی شوێنە ئەتۆمییەکان دەکات و هەر هەوڵێکی نزیکبوونەوە بە تەقاندنەوەی دەستبەجێ وەڵام دەدرێتەوە.
دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد
شاری ئیسلام ئاباد بووە گۆڕەپانی یەکەمین دانوستانی ڕاستەوخۆی ئاست بەرز لە نێوان واشنتۆن و تاران. وەفدی ئەمریکی لەلایەن "جەی دی ڤانس" جێگری سەرۆک و وەفدی ئێرانی لەلایەن "محەمەد باقر قالیباف" سەرۆکی پەرلەمانەوە سەرکردایەتی دەکرا، بەڵام هەردوولا لەسەر "هێڵە سوورەکانیان" سوور بوون و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ژمارەی خوێندراو : 167 جار