گۆڕانکاری لە سیستمی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ دەکرێت و کامێراکانی کەلار - کفریش دەکەونە کار

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگەدا سیستمی کارکردنی بەشێک لە کامێراکانی چاودێریی تیژڕۆیی (خاڵ بۆ خاڵ) لە سنووری پارێزگای سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ سیستمی یەک خاڵ، بە جۆرێک کامێرای یەکەم و کۆتایی ڕێگاکان سەرپێچی تۆمار دەکەن. هاوکات لە هەمان بەرواردا کامێراکانی ڕێگەی (کەلار – کفری) بە فەرمی دەکەونە کار.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەسەر ڕێگەی (کەلار – کفری) بە فەرمی دەکەونە کار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.
لەسەر هۆکاری گۆڕانکارییەکە، ئەفسەرێکی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر کامێرای یەکەمی سیستمی خاڵ بۆ خاڵ تەنیا کاتی چوونەژوورەوەی ئۆتۆمبێلی دیاری دەکرد و سزای نەدەنووسی، ئەوەش وای لە هەندێک شۆفێر دەکرد بە خێراییەکی زۆر لە کامێرای یەکەم بدەن و دواتر لە شوێنێک بوەستن بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتەکە تا کامێرای دووەم سزایان نەدات. بۆ ڕێگریکردن لەمە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە کە کامێرای یەکەمیش وەک کامێرای جێگیر سەرپێچیی خێرایی تۆمار بکات.
ئەو ڕێگایانەی گۆڕانکارییەکە دەیانگرێتەوە: بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆ، ئەو کامێرایانەی لە خاڵ بۆ خاڵەوە دەبنە یەک خاڵ ئەمانەن:
ڕێگەی تاسڵووجە - دووکان (و بەپێچەوانەوە)
ڕێگەی تاسڵوجە – چەمچەماڵ (و بەپێچەوانەوە)
ڕێگەی هوانە – زەڕایەن (و بەپێچەوانەوە)
ڕێگەی عەربەت - پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن (و بەپێچەوانەوە)
ڕێگەی کەلار – کفری (و بەپێچەوانەوە)
سەبارەت بە دیاریکردنی خێرایی لەسەر ڕێگەی کەلار - کفری، موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، بەرزترین خێرایی ڕێگەپێدراو لەسەر ئەو ڕێگایە ١٠٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا. بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم خێراییە لە نزیک گوندەکان کەم دەبێتەوە بۆ ٦٠ کیلۆمەتر، و لە نزیک قەزای ڕزگاریش بەرزترین خێرایی ڕێگەپێدراو ٨٠ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

ژمارەی خوێندراو : 67 جار

هەواڵی زیاتر