شەوی ڕابردوو هەیینی (٢٢-٠٥-٢٠٢٦)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاسایشی سنوور بەپێی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانیدا تاوتوێ کراوە. هەروەها هەردوولا بیروڕایان دەربارەی بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان گۆڕییەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جەخت لە گرنگیی هەوڵی وڵاتانی ناوچەکە کرایەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هاوکات، میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیشکیان خستە سەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و ئاماژەیان بەوە کرد کە عێراقچی و نێچیرڤان بارزانی بە وردی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و جەختیان لەسەر ئەو پرسانە کردووەتەوە کە جێگەی بایەخی هاوبەشی هەردوولان بۆ پاراستنی هاوسەنگی و دۆخی ئەمنی.
ئەمە دووەم پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێرانە لە ماوەی یەک مانگدا، دوای ئەوەی پێشتر لە ٢٤-٠٤-٢٠٢٦یشدا پەیوەندییەکی هاوشێوەیان ئەنجامدا و تێیدا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و هاتنەدیی ئاشتی کردبووەوە.
دیپلۆماتکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم چڕکردنەوەیەی پێوەندییە تەلەفۆنییانە لە کاتێکدایە، هەوڵێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی و هەرێمی لە ئارادایە بۆ بەردەوامبوونی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و هێورکردنەوەی تەواوەتیی گرژییەکانی ناوچەکە.
#هەرێمی_کوردستان #ئێران #نێچیرڤان_بارزانی #عەباس_عێراقچی #کوردستان #تاران #ڕۆژهەڵاتی_ناوەڕاست #دیپلۆماسی
ژمارەی خوێندراو : 69 جار