بەرەو کۆتایی ئاگربەست؛ گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە لوتکەدایە

6 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرەو کۆتایی ئاگربەست؛ گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە لوتکەدایە
ڕوون میدیا

لە کاتێکدا تەنیا ٢٤ کاتژمێری ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستەی کە لە ٨ی نیسانەوە لەنێوان تاران و واشنتندا ڕاگەیەندراوە، نیشانەکانی هەڵکشانی گرژی و ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ بە ڕوونی دەردەکەون.

+ ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئێران

ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ئێران بە تەواوی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ ئامادەیە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تاران لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ستراتیژی خۆی نوێکردووەتەوە، کە بریتییە لە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی و دیاریکردنی ئامانجی نوێ، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە "کارتگەلی نوێی" بۆ قۆناغی داهاتووی ململانێکان لەبەردەستە.


+ هەڵوێستی واشنتن و جموجووڵە دیپلۆماسییەکان

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاران بە پێشێلکردنی چەندبارەی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکات و هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە خۆدزینەوە لە دانوستانەکان، ڕووبەڕووی "کێشەی بێ وێنە" دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا بە ئەرێنییەوە باسی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات.
پێگەی "ئەکسێۆس" ئاشکرای کردووە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوتووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای هەبوونی "چرا سەوز"ی ڕێبەری ئێران بۆ دانوستان، بەڵام گوشارەکانی سوپای پاسداران بۆ توندکردنی هەڵوێستی دانوستانکاران، ڕەوشەکەی ئاڵۆز کردووە.


+ تۆمەتی "چەتەیی دەریایی"

هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی "تۆسکا"ی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کرد. تاران ئەم کارە بە "چەتەیی دەریایی" و "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناودەبات و بە پێشێلکارییەکی ڕاشکاوانەی ئاگربەستەکەی دەزانێت، لەکاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا هیچ پلانێکیان بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن نییە.
چاوەکان لەسەر ڕۆژی چوارشەممەن؛ ئایا لایەنەکان دەتوانن لە دواساتەکاندا ڕێککەوتن بکەن، یان دۆخەکە بەرەو پێکدادانی نوێ دەچێت؟

ژمارەی خوێندراو : 170 جار

هەواڵی زیاتر