دوورگەی خارک: خوێنبەری مانەوەی تاران و گۆڕستانی تەماحەکانی ترەمپ

5 کاتژمێر پێش ئێستا

د. شەیما مورسی - توێژەر لە کاروباری ئێران
ئایا داگیرکردنی دوورگەکە ئەنجام دەدرێت؟ ئەگەر وەڵامەکە لە نێوان (بەڵێ) و (نەخێر)دا بێت، نزیکترین سیناریۆ بۆ ئەم پەرەسەندنەی ئێستا چییە؟

دوورگەی خارک بە (دوورگەی قەدەغەکراو) دەناسرێت، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت پێی تێبخات مەگەر بە مۆڵەتی ئەمنی و چاودێریی سەربازیی زۆر توند نەبێت. لە پشت دیوارە ئاسنینەکانیدا، مێژووی کۆن و گرنگترین خوێنبەری ئابووریی ئێران بەیەک دەگەن. ئەمە ئەو بەردە مەرجانییەیە، کە نووسەری کۆچکردووی ئێرانی "جەلال ئال ئەحمەد" ناوی نابوو (مروارییە تاقانەکەی کەنداو)، ئەمڕۆش (٩٠٪)ی نەوتی ئێران بەم دوورگەیەدا تێدەپەڕێت. بۆیە هەر هەڕەشەیەکی ئەمریکا بۆ سەر ئەم دوورگەیە، لێدانێکی ڕاستەوخۆیە لە دڵی پیشەسازیی نەوت، ئەمەش پرسیاری ترسناک دەربارەی پەرچەکرداری تاران و شێوازی جەنگی داهاتوو دروستدەکات.

خوێنبەری شارستانیەت و نەوتی ئێران:
خارک بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئێران دادەنرێت، چونکە ساڵانە نزیکەی (٩٥٠) ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت. دوورگەکە تەنها (٢٨) کیلۆمەتر (١٥ میلی دەریایی) لە کەناراوەکانەوە دوورە، قووڵیی ئاوەکەشی ڕێگە دەدات کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان، کە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا و بەتایبەت چین دەڕۆن، تێیدا لەنگەر بگرن. لە ئایاری (٢٠٢٥)دا، ئێران توانای کۆگاکردنی دوورگەکەی بە بڕی (٢) ملیۆن بەرمیل زیاد کرد، تا توانای بارکردن لە کاتی لوتکەدا بگاتە (٧) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا هەناردەی ڕاستەقینەی ئێستا نزیکەی (١.٦) ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا (بەپێی ئاماری ئاکۆئێران).
لە هەمان کاتدا، دوورگەکە میراتێکی مێژوویی گرنگی هەیە، چونکە شوێنەواری نیشتەجێبوون تێیدا بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە (ئیلامییەکان، ئەخمینییەکان و ساسانییەکان). پورتوگالییەکان و دواتر هۆڵەندییەکان داگیریان کردووە، هۆڵەندییەکان لە ساڵی (١٧٥٣) قەڵایەکیان تێدا دروستکرد پێش ئەوەی لەلایەن فەرمانڕەوای ناوخۆیی (میر مەهنا) لە ساڵی (١٧٦٦) دەربکرێن. لە سەردەمی پەهلەویدا، شوێنی دوورخستنەوەی زیندانیانی سیاسی بوو، بەڵام سەردەمی زێڕینی نەوتیی لە ساڵی (١٩٥٨) دەستیپێکرد، تا لە ساڵانی شەستەکاندا بوو بە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردن لەبری بەندەری ئابادان.
سەرەڕای سیمای پیشەسازییەکەی، دوورگەکە شوێنی ئایینی، وەک: (مەزاری میر محەمەد) لە سەدەی حەوتەمی کۆچی و مەزاری (میر ئیرەم)ی تێدایە، هەروەها گۆڕستانی زەردەشتییەکان، مەسیحییەکان و (دەخمە)ی ساسانییەکانی (شوێنی ناشتنی مردووان) تێدایە، جگە لە نەخشێکی مەرجانی، کە یەکێکە لە کۆنترین بەڵگەنامەکان، کە ناوی (کەنداوی فارس) بە ڕاشکاوی تێدا هاتووە.

کاردانەوە نەوتییەکانی داگیرکردنی دوورگەکە:
ئەگەر خارک لە کار بکەوێت، بازاڕی جیهانی ڕۆژانە (١.٥ بۆ ١.٧) ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەست دەدات. هەرچەندە ڕەنگە وڵاتانی (ئۆپێک پڵەس) بتوانن ئەم بڕە قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام کێشەکە لە بەرزبوونەوەی مەترسییەکاندا دەبێت؛ ئابووریناسان پێشبینی دەکەن نرخی نەوت دەستبەجێ بگاتە (١٢٠) دۆلار و ئەگەر ململانێکان بگاتە داخستنی تەنگەی هورمز، نرخەکە دەگاتە (١٦٠) دۆلار. بەو پێیەی چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی خارکە، وەستانی ئەم هەناردەیە وای لێ دەکات پەنا بۆ یەدەگی ستراتیژیی خۆی ببات یان فشار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات.
جگە لەوەش، خارک تەنها (سی)ی ئابووریی ئێرانە لەژێر سێبەر و گەمارۆکاندا، چونکە زیاتر لە (٦٠٪)ی داهاتی دراوی بیانیی ئێران پشت بەو بارانە دەبەستێت، کە لە سەکۆکانی (T-head)ی دوورگەکە دەردەچن. تێکشکاندنی کۆگاکانی نەوت لەوێ، واتە لەدەستدانی یەدەگێکی ستراتیژیی مەزن، کە قەرەبووکردنەوەی ساڵانێکی زۆری دەوێت.
لە بەرامبەردا، کێڵگە نەوتی و گازییەکانی وڵاتانی دراوسێ دەکەونە بەر هێرشی درۆن و مووشەکی ئێران. تاران هۆشداریی داوە کە: (بەرەی تر دەکەینەوە، کە ببێتە سوپرایز بۆ ئەمریکا، بە جۆرێک داگیرکردنی دوورگەکە هیچ سوودێکی نەبێت و تێچووەکان دوو هێندە بن. ئەگەر ئەمریکییەکان هەڵەیەک بەرامبەر تەنگەی هورمز بکەن، با ئاگاداری تەنگەی باب المەندەبیش بن). قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش هەڕەشەی کردووە، کە تەواوی ژێرخانی ئەو وڵاتە ناوچەییانە تێکدەشکێنن، کە هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیل بن بۆ داگیرکردنی دوورگەکە.
ئەگەر نرخی نەوت بەربەستی (٢٠٠) دۆلار ببەزێنێت، جیهان ڕووبەڕووی پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن و وەستانی وزە و کاڵا دەبێتەوە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

ستراتیژی (ڕێگری لە گەیشتن) و سەختیی داگیرکردن:
ئایا داگیرکردنی دوورگەکە مومکینە؟ وەڵامەکە ئەوەیە، کە ئێران خۆی بۆ ئەم سیناریۆیە ئامادە کردووە لە ڕێگەی ستراتیژیی (Anti-Access/Area Denial)، کە ئامانجی ئەوەیە هەر هەوڵێک بۆ داگیرکردن ببێتە (خۆکوژیی سەربازیی)، لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١- نزیکی لە وشکانی: خارک تەنها (٢٥-٣٠) کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە. ئەمەش وای کردووە لەژێر چەتری ئاگرێکی زەبەلاحی وشکانیدا بێت. هەر هێزێک بیەوێت دابەزێتە ناو دوورگەکە، دەبێتە ئامانجێکی ئاسانی تۆپخانە و مووشەکەکان، کە لە وشکانییەوە ئاراستەدەکرێن. ئێران دەتوانێت لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا هێزی پشتیوانی بە بەلەمی خێرا و هێلیکۆپتەر بگەیەنێتە ئەوێ.
٢- هێزی دەریایی سوپای پاسداران: لێواری دوورگەکە لەلایەن لیوای (ذو الفقار)ی دەریاییەوە دەپارێزرێت، کە خاوەنی سەدان بەلەمی خێرای خۆکوژ یان موشەکهەڵگرە. ئەم بەلەمانە بەهۆی بچووکییانەوە بە ڕادار نابینرێن و دەتوانن، وەک: (کۆمەڵەمێش- Swarms) هێرش بکەنەسەر کەشتییە گەورەکان. هەروەها ناوچەکە پڕە لە مینی دەریایی ژیر و تەقلیدی.
٣- بەرگری ئاسمانی: پاراستنی ئاسمانی دوورگەکە بە سیستەمی دوورمەودای، وەک: (باوەر ٣٧٣) و (S-300) دەبێت، کە لە بوشەهر و وشکانی جێگیرکراون، جگە لە سیستەمە مامناوەند و کورت مەوداکانی ناو خودی دوورگەکە، وەک: (سێی جۆزەردان- سوم خرداد) و موشەکی شانبەر بۆ لێدانی هێلیکۆپتەرەکان.
٤- تۆڕی تونێلەکان: دوورگەکە تەنها دامەزراوەی سەر زەوی نییە، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزی تونێل و سەنگەری لەژێر بەردە مەرجانییە ڕەقەکاندا هەیە. ئەمەش وای کردووە سەربازەکان تەنانەت دوای بۆردوومانی توندیش بە زیندوویی بمێننەوە. هەروەها (٢٠) هەزار کەس لە دوورگەکەدا دەژین، ئەمەش هەر هێرشێکی زەمینی دەگۆڕێت بۆ (جەنگی شەقام)ی خوێناوی و ئاڵۆز.
٥- درۆنەکان: خارک بنکەی هەڵدانی درۆنی، وەک: (شاهید ١٣٦)ی تێدایە. لە کاتی هێرشدا، ئەم درۆنانە دەتوانن کەشتی و کەرەستە ئەمریکییەکان لە بەندەرەکانی وڵاتانی دراوسێ یان لە ناو دەریاوە بکەنە ئامانج.

دەرئەنجام: ئایا ترەمپ ئەم سەرکێشییە دەکات؟
ئەم سیناریۆیە دوو ڕووی هەیە: ئەگەر تاران ئامادە نەبێت بۆ دانوستان، پڕوپاگەندەی میدیایی ڕۆژئاوا بۆ داگیرکردنی دوورگەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام جێبەجێکردنی بە کردەیی بەدوور دەزانرێت. لە بەرامبەردا، ڕەنگە واشنتۆن و تەلئەبیب بە لێدانێکی کتوپڕی ژێرخانی وزە و کارەبا تاران تووشی شۆک بکەن.
بە بڕوای ئێمە، هێرشی زەمینی بەدوور دەزانرێت بەهۆی تێچووە زۆرەکەی، بەڵام سیناریۆی نزیکتر لێدانی وێستگەکانی کارەبا و بارکردنی نەوتە. ئەم لێدانەش دەبێتەهۆی قەیرانی ئابووریی بێوێنە و وێرانبوونی ژێرخانی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئەو وڵاتەی (ئیمارات)، کە دارایی ئێرانی بەستووە و بەشدارە لە گەمارۆکاندا. ئایا ئیمارات سەرکێشی بە بازاڕەکانییەوە دەکات یان لەژێر فشاری سعودیە و قەتەردا بێلایەنی هەڵدەبژێرێت؟ وەڵامەکە بەندە بە قەبارەی فشاری ئیسرائیل و ڕادەی شێتییەکەی نەتەنیاهۆوە.

 

ژمارەی خوێندراو : 117 جار

هەواڵی زیاتر