كورته‌ وه‌ڵامێك بۆ به‌ڕێز د.محه‌مه‌د سینه‌مۆكی

لە لایەن سامان ره‌باتی02/08/2019

 


بەڕێز (د.محمد سینەمۆکی)ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی ئەم بۆچونەی پێشتر لەواڵی خۆی بڵاوکردبۆوە ، چونکە بابەتێکی گەرم و بەردەوامە و ئیشی جدی لەسەر ئەکرێت ، وە بەزانین و نەزانینەوە ھەوڵی کەنارخستنی خیتابی سیاسی ئیسلامی ئەدرێت ، بەندەش کورتە وەڵامێکم ھەیە بۆ بۆچونەکەی بەڕێزیان ، ھەرچەندە گومانی باشم بە دکتۆر ھەیە کە نیەتی خزمەتە بەڵام زۆرجار نیەت نابێتە شەفاعەتکار بۆ بۆچونێک کە خزمەت ئەجندای (دابڕان) ئەکات لە دورمەودا.

ووتەکانی بەڕێزیان :-
بەرەو سەربەخۆیی دامەزراوەو ڕێکخراوەکانی زانایان و بانگخوازان

(هەوڵدان بۆ بە سەربەخۆیی کردنی بانگەواز و دامەزراوەکانی بانگخوازان و زانایان ئەرکێکی هەنوکەییە و پێویستیەکی سەردەمە و ناکرێ چیدی دامەزراوەکانی زانایان و بانگخوازان بەشێک یا ئۆرگانێك بن لە هەر هێزو حیزبێکی سیاسی.....
پێویستە ئەوەش بزانین کە بە سەربەخۆیی کردنی بانگەواز و زانایان نە جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت و نە جیاکردنەوەی بانگەوازیشە لە جەستەی ئوممەت!!!!
بەڵکو جیاکردنەوەیەتی لە لاشەو جەستەی حیزب و حکومەت !!!!
دیارە کە زانایان و بانگخوازانیش میراتگری پێغەمبەرن - صلی‌ الله علیه وسلم - ئەویش خوای‌ گەورە ناردویەتی کە ڕەحمەت بێت بۆ هەموان... (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِڵّا رَحْمَه‌ً لِّلْعَاڵمِینَ).
بۆیە پێویستە بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان زانایان و بانگخوازان موڵکی گشتی بن نەك حیزبی!!!

تێبینی: ئەم بابەتە مشتومڕ و ڕای جۆراوجۆر هەڵدەگرێ.

وەڵامی بەندە :-

یەکەم :- ێەکسان کردن و کۆکردنەوەی حیزب وەکو ناوەڕۆک لە چوارچێوەی تەنھا وشەی حیزب ئەوە ئیجحافە ، چونکە حیزب بەلای کەمی دوو جۆری ھەیە لەکوردستان عەلمانی و ئیسلامی .
دووەم : ئامانجی حیزبی ئیسلامی و عەلمانی زۆر دورن لەیەکتر سەبارەت بە بەشداری پێکردنی داعی و زانا لەناو پرۆژە حیزبیەکەیان .
سێھەم : حیزب ھەندێک جار بەس ناویان یەکە ئەگینا لە ئامانجا ھەیانە جیاوازی نێوان ئامانجی شەیتان و پیاوچاکێکە ، بۆیە ئەبێ زۆر وردتر باسی حیزب بکرێت .
چوارەم : داعی و زانا لەسەری فەرزی عەینە کە بەگژ گەندەڵی و ستەما بچێتەوە ، وە باشترین ھۆکارێکیش بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و بەرپاکردنی عەدالەت گرتنەدەستی حوکم و دەزگای تەشریعیە ، ئەوەش بە حیزب ئەکرێت ، کەواتە واجبە پشتیوانی و سەرخستنی پرۆژەی حیزبی ئیسلامی ، تەنازول لەم ئەرکە بە بیانوی جیاکردنەوەی تەخەسوس بانگەشەیە بۆ (دع ما لقیصر لقیصر وما لله لله) .
پێنجەم : کەواتە مەرج نیە ھەمو مامۆستا و بانگخوازێک ئەندامی حیزبێکی ئیسلامی بێت ، بەڵام واجبە پشتیوانی حیزبی ئیسلامی بکات و ھاوکات ڕەخنەو تێبینی و پرۆژەی خۆشی تەقدیم بکات ، بەپێچەوانەوە حەرامە پشتیوانی حیزبێکی عەلمانی بکات (مەگەر بۆ {دفع المفسده‌}ی حیزبێکی تربێت واتە بۆ گۆڕینی مونکەری گەورە بە مونکەری بچوک ، ئەویش لەکاتی غیابی بەدیلێکی ئیسلامی )چ جای ئەندام بێت تیایدا ، بۆیە جیاوازیەکە ئاسمان و ڕێسمانە .
شەشەم : ئەگەر جیاکردنەوەکە بۆ تەوزیعی ئەدواربێت ، (فنعم و بھا)ئەگەرنا یەکێکە لە پرۆژەترسناکەکانی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و داماڵینی پشتیوانی داعی و زانایانە لە حیزبی ئیسلامی و وێناکردنی حیزبی ئیسلامی و عەلمانیە بە یەک جۆر ، ئەوەش ستەمە لە پرۆژە سیاسیەکەی ئیسلام .

وتاری زیاتر