ئەو کارەساتانەی خەریکە بەتەواوی کۆمەڵگەکەمان بەرەو هەڵدێر دەبات

لە لایەن خەدیجە عەبدولجەبار20/07/2022

سەرەڕای قەیرانی موچە و سوتەمەنی و گرانی بازاڕ و بێ خزمەتگوزاری، لەوە خراپتر باندەکانی کوشتن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ ومادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و باندی هێنانی خواردن و سوتەمەنی ژەهراوی و باندی هاوردەکردنی بیری نامۆ و ژەهراوی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بۆ تێکدانی ئەخلاقی تاک و نەهێشتنی ڕێز و حورمەت .
هەر پۆخڵەواتێک کە زادەی بیری مادی و پوچگەرایی یە هاوردە دەکرێت هەندێک بە پیلانگێڕی بۆ مەرامی دوورخستنەوەی خەڵک لە دینداری ڕاستەقینە و سڕینەوەی ناسنامەی ئیسلامی و ڕەسەنایەتی میلەتەکەمان .
هەندێکیشی بۆ مەست کردن و بەنجکردنی گەنج و لاوەکان و سەرقاڵکردنیان تا بیر لە گۆڕینی دەسەڵات نەکەنەوە .
دوای سی ساڵ سەرەڕای شکستی دەسەڵات لە دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسایی لە بودجە و موچە و خزمەتگوزاری سەرەتایی . لە لایەکی ترەوە لێشاوی شێرپەنجە و باندە هەمە جۆرەکانی لێکترازانی کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئەخلاقی هەڕەشەیەکی مەترسیدارترە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگەکەمان .
بەداخەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە نابەرپرسەی لە بری قۆستنەوەی ئەو فرسەت و هەلە مێژوویەی کە هاتە پێش بۆ گەلەکەمان لە دوای ڕاپەڕین تا بیر لە سەربەخۆبوون و دەوڵەتداری بکەینەوە ، ئەم هەرێمەی بە ئاقارێکدا برد کە سەرەڕای ئەوەی خەمی سەرەکی خەڵک بووە بە خەمی قووت و ژیان ، خەمی لە دەستدانی ئاین و ئەخلاق و کلتور و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگەییشی هاتووەتە سەر کە بێگومان مەترسییەکی گەورەترە و دەبێ خۆمان و ماڵ و مناڵمانی لێ بپارێزین .
بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم مەترسیانە ،وێڕای ئەرکی حیزب و گروپ و ڕێکخراوە و کاری دامودەزگایی، پابەندبوون بە بنەما چەسپاوە کانی شەریعەت و کارکردن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی بەها باڵاکان ئەرکێکە پێویستە لە سەر خێزان و تاکەکان بە گرنگیەوە لێی بڕوانن و کاری بۆ بکەن .
وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَّا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنكُمْ خَاصَّةً ۖ

وتاری زیاتر