Neتاوانی كۆمەڵکوژی بارزانییەکان - ئەگەر قوربانیەکانمان زیندوو ببنەوە؟w Title

لە لایەن ئەبوبەكر كاروانی01/08/2022


بارزانییە بێ دیفاعەکانی ئۆردووگا زۆرە ملێکەی قوشتەپە، دوای فەیلییەکان، دووەم گروپی پاکتاوکراو و سزادراوی دەستەجەمعی دەستی ڕژێمی وەحشیگەری بەعس بوون، دوای ھەڵگیرسانی جەنگی عێراق- ئێران. من وەك قوتابییەکی کۆلیژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین لە نیوەی دووەمی ھەشتاکاندا، لە نزیکەوە شایەتی کۆژان و ڕەنج و بەدبەختی ئەو ھەزاران ژن و منداڵە بارزانیانە بووم، بەعسی جانەوەر سیفەت، دوای قەتڵ و عام و بێسەروشوێنکردنی باوك و براو سەرپەرشتیارەکانیان، بێ ھیچ سەرچاوەیەکی ژیان و پارێزەریەکی یاسایی، فڕێیدابوونە بیابانی سەخترین ھەل و مەرجی ژیانەوە. لێرەشەوە بە ڕێز و وەفاداریەوە یادی شەھیدەکان و ڕەنج و ئازاری کەس و کار و بنەماڵەکانیان دەکەینەوە، کە بەشێ لەو ئازارە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامەو بە شەو ڕۆژ ڕۆحیان ئازاردەداو تاڵاوی حەسرەتیان پێ دەنۆشێت.
تاوانی ئەو مرۆڤانە تەنھاو تەنھا ناسنامەکەیان بوو، ئەوەبوو کورد و بارزانی بوون!! ئەم ناسنامەش لە سایەی ڕژێمێکی فاشی و کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی دووڕوو بەرژەوەندی پەرست و نادادپەروەر، بەس بوو بۆ ئەوەی، نەك ھەر پیاوانی بارزانی، بەڵکو دواتر و لە چوارچێوەی پرۆسەی کۆمەڵکوژی بەدناوی ئەنفالەکاندا، دەیان ھەزار ژن و منداڵانی کوردیش، مافی ژیانیان لێبسەنرێتەوە!! بە گەرانەوە بۆ ئەخلاقی سەردەمی جاھلییەتی عەرەبیش بە دڕندانەترین شێوە زیندەبەچاڵ بکرێن.
ھەموو ئەم کارەسات و تاوانانەش، بۆ ڕژێمێکی ناسیۆنال سۆشیالیستی ڕەگەزپەرست و خوێناوی وەکو بەعس سەیر نەبوو، کە لە بنەرەتدا ستراتیژی تواندنەوەی کورد و شکستپێھێنانێکی ستراتیژی و پشتشکێنی ناسیۆنالیزمەکەی ھەبوو، بەڵکو ئەوەی سەیرە ئەوەیە، دواترو دوای ڕزگارکردنی بەشی زۆری کوردستانی باشوور، ھێزە کوردییە تەقلیدییەکان لەسەر ئێسك و پروسکی ئەوان و بە بەرچاوی دوژمنەکانی دوێنێ و ڕوحی ستەملێچوی ئەو قوربانی و شەھیدانەوە، بە چاوی دوژمن سەیری یەکتر بکەن شەڕی یەکتر بکەن، لەو نێوەندەشدا ھەزران ڕۆڵەی تر لەسەر سەکۆی شانۆیەکی عەبەسیدا گیانیان ھەرزان فرۆش بکرێت و یاری بە چارەنووسی میللەتێکەوە بکرێت!! کۆمەڵگەیەکی پارچەکراو و جەزرەچەشتووی دەستی مێژووش، زیاتر ونجڕ ونجڕ و شەکەت و نائومێد بکەن!
ھەروەھا لە کاتێکدا دەبوو، بەرھەمی ئەم تاوانە گەورەیە بە وتەی بیرمەندێکی خۆرئاوایی سەربەخۆیی کوردستان و دەرچوون بێت لە چوارچێوەی ئەو قەوارە سیاسییەی جینۆسایدەکەی تێدا ڕوویدابوو ، کەچی دۆخێ بخوڵقێ، باسکردن لەم مێژووەوە و چارەنوسی نەتەوە لە سبەینێداو نەتەوایەتی، وەك ئاماژە بۆ بەتەنگەوە بوونی وڵات و گەلێك، بۆ ھەندێك جێی بایەخ نەمێنێ بۆ ھەندێکیش بە مەخسەرەوە باسی بکرێت!! کە رەنگە لەم ڕووەوە کورد لە ھەموو دنیادا وێنەی نەبێ.
ئەوەش دەخوازێت، تێگەیشتنمان بۆ زیندووکردنەوەی ئەم یادانە بگۆڕین، ڕەمزیەت و ئیعتیباری نیشتیمانی سەرلەنوێ بۆ قوربانییەکان لە ویژدانی نەوەکاندا بگێڕینەوە، کە خۆمان بەھۆی ناکۆکی حیزبی و ناعەدالەتی و لاوازی بیری نیشتیمانپەروەرێتی کوردستانیەوە، لێمان سەندوونەوە. مافی خۆشمانە پرسیاری بیرمەندە دراوسێکەمان لە نوخبەی دەسەڵاتدار بە خودی بارزانییەکانیشەوە و نوخبەکان بە گشتی بکەینەوەو بڵێین: گەلۆ داخۆ ئەگەر قوربانی و شەھیدەکانمان زیندووببنەوە دەبێت چیی بڵێن بێگومان لە ڕوویەکەوە دڵخۆش دەبن و سوپاسی خوا دەکەن کە دەبین ئەو ڕژێم و تاوانبارانەی ئەو کارەساتەیان بەسەردا ھێنان، بوون بە پەندی زەمانەو تیاچوون.
بەڵام پرسیار ئەوەیە, کاتێك ھەرێمێکی نایەکگرتوو دابەشکراوی ناکۆکیە حیزبی و بێمتمانەیی و نارەزایەتی و ناعەدالەتی و گەندەڵیەکانی ناوی و نەبوونی ناسنامەیەکی نیشتیمانی یەکگرتوو کۆکەرەوەی ڕۆڵەکان دەبینن، دەبێت بۆچونیان چی بێت و چی بڵێن؟

وتاری زیاتر