عێراق لە بەردەم ئەگەری تەقینەوەی قەیرانی سیستمدا

لە لایەن ئەبوبەكر كاروانی30/07/2022

وەك دەبینین دۆخی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزبوون و مەترسی زۆرتر دەچێت. قەیرانەکەش پرۆسەی سیاسی و حکومەتی تێپەراندووە بۆ خودی سیستمە سیاسییەکەی دوای ٢٠٠٣ و گرێبەستە سیاسییەکەی کە بۆ بەشێك لە ھێزەکان لە ژێر جەبری واقیعەکەدا ڕەزامەندی لەسەر نیشاندرا.
دۆخی ئێستای عێراق دۆخی دەستشکاندنەوە، بەرەو سفریی چوونی بەشێك لە ململانێکان، بێتوانایی دام و دەزگاکان لە لەخۆگرتنی ناکۆکییەکان، ناکارایی بەرکەوت و میکانیزمە دەستورییەکانە بۆ دەرچوون لە کێشەو قەیرانەکان و بەلاداخستنیان. بەمەش عێراق وەك قەوارەو گەل و سیستم لە قەیرانێکی قوڵ و ھەمەلایانەدایە دەکرێت لەم چوارچێوەشدا ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:
یەکەم: چوارچێوەی ھەماھەنگی ویستی و ،ڕەنگە بەشێکی تا ئێستاش بیەوێت، کشانەوەی سەدر لە پەڕلەمان بقۆزێتەوە بۆ لاوازکردنێکی ستراتیژی لە ڕێی بەکارھێنانی ڕەوایەتی و تواناکانی دەوڵەتەوە. بەحوکمی ئەوەی بە مەترسییەکی وجودی سەرخۆیانی دەزانن، بەتایبەتیش مالیکی و لیستەکەی. چونکە ململانێی نێوان سەدر و مالیکی لە ئێستادا تا ڕاددەیەکی زۆر سفریە، واتە قۆناغی پێکەوە ھەڵکردن و سازشکردنی تێپەڕاندووەو بیر لە شکستپێھێنان و وەدەرنانی یەکجارەکی یەکتر لە گۆڕەپانەکە دەکەنەوە، گەرچی ئەمە لە قۆناغێکدا پێویستی بە بەکارھێنانی ھێز و توندوتیژیش بێت. لە بەرامبەرەوە، سەدریش لەم ڕاستیە تێگەیشتووە، بۆیە ئاسان نیە ڕێگە بدات کشانەوەی بە قازانجی نەیارەکانی تەواو ببێت و بەناوی دەوڵەتەوە وەك لەیاسادەرچوو بیخەنەڕوو و ھەوڵی لاوازکردنی بدەن. بۆیە یان ھەر لە بنەرەتەوە ناھێڵێت چوارچێوەی ھەماھەنگی حکومەت پێکبێنێت، یان ئەگەر ڕێگەشی دا، بۆ زیاتر نیشاندانی شکستیان دەبێت و ناھێڵێت کاری لەبەربڕوا.
لەم پێناوەشدا، قۆناغ بە قۆناغ ھێز لە خۆنیشاندان و جوڵەو ئامانج دیاریکردنەکانی لە ھەڵکشاندایە. گوتار و جوڵەکانی سەدر پێمان دەڵێن، خۆی وەك مەرجەعی کۆتایی بڕیاری سیاسی و خاوەن ڤیتۆی گۆڕەپانە سیاسیەکە دەردەخات.
بە جوڵەی ئەم چەند ڕۆژەی دوایشی چەندین پەیامی نارد و چەند ئامانجێکیشی بەدیھێنا، لەوانەش:
١- ھیچ کەسێ بێ ڕەزامەندی ئەو ناتوانێت ببێتە سەرۆکی حکومەت، کە جۆرێکی تری ماف بەخۆدانی پێکھێنانی حکومەت و پیادەکردنی مافی گەورەترین فراکسیۆنە لە دەرەوەی سیاق و بەرکەوتە دەستورییەکانەوە.
٢- ڕێگریکردن لە دانیشتنی چاوەڕوانکراوی پەڕلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. لێرەشدا ڕۆڵی دادگایەکی میللی فیدراڵی باڵا دەبینێ، ھاوشێوەی ڕۆڵی دادگای باڵای فیدراڵی لە پەکخستنی ھەوڵی ھاوپەیمانییە سێ قۆڵیەکە بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە.
٣- نیشاندانی ئەوەی ئەم پەڕلەمانەی ئێستا خاوەن بڕیار نییە و ڕەوایەتیەکەی گوێزراوەتەوە بۆ شەقام و گەل، کە نوێنەرەکانیان لە جیاتی ئەندام پەڕلەمانەکان لەسەر کورسییەکانییان دانیشتبوون؟
ئەوەی جێگەی سەرنجیشە سەدر لە ئێستادا داخوازییەکی دیاریکراو ھاوشێوەی: ھەڵبژاردنی پێشوەختە، جۆری پێکھێنانی حکومەت یاخود درێژەدان بە حکومەتی کاربەڕێکەر ناخاتەڕوو. کە ئەوەش ئاییندەی تەم و مژاویتر کردووەو دۆخەکەی لە نیمچە پاشاگەردانی نزیککردۆتەوە. پێشم وایە لەم ناڕوونی و تەم و مژەدا چەند ئامانجێکی ھەیە، لەوانەش:
أ- بە شکشتخواردوو نیشاندانی مالکی و چوارچێوەی
ھەماھەنگی.
ب- داچۆراندنی تواناکانی سیسم و بێتوانایی نیشاندانی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە چوارچێوەی ڕێساو میکانیزمەکانی و ئەو گرێبەستە سیاسیەی لەسەری دامەزراوە.
ج- نائومێدکردنی ھێزەکانی تری ناوخۆو دەرەوە، بەرامبەر ئەگەری دەرچوون لەم قەیرانە خنکێنەرەو ناچارکردنییان بۆ بیرکردنەوە لە بژاردەی نوێ و لەوانەش گۆڕینی سیستم و ڕێساکانی گەمە سیاسیەکە.
د- کۆتاییھاتن بە دەرکەوتنی سەرجەم دیدگا، ھەوڵ و دەستپێشخەری، پلان و دەستێوەردانەکان و نیاز و مەیلی شاراوەی لایەنە ناوخۆو دەرەکییەکان، لەپێناو دیاریکردنی ستراتیژی کۆتایی و سیناریۆ جۆراوجۆرەکان و چۆنیەتی بەرەو ڕووبوونەوەیان.
لێرەوە دەردەکەوێت قەیرانی ئێستای عێراق، قوڵ و ھەمەلایەنەو مەترسیدارە. بەحوکمی ئەوەی خودی سیستمی گرتۆتەوە.
ئەوەش بە جۆرێك لە جۆرەکان یەکسانە بە لاوازبوون و ناکارایی دەزگا ناوبژیوانەکان، کە ڕەنگدانەوەی لاوازی خودی دەوڵەتی ھەمووان و ناوبژیکارە.
لە دۆخێکی لەم جۆرەی بنبەستی سیاسی و دامەزراوەیشدا، چاوەڕوانکراوە سیستم ببێتە تەوەرەی ململانێیەکی توند، واتە ھەندێك بەرگری لە مانەوەی بکەن، بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانییان دەکات، ھەندێکیش ھەوڵی گۆڕانی بدەن بۆ تێپەڕاندی بەشی یەکەم و دەستپێکردنی قۆناغێکی ڕاگوزەری نوێ.
ئەمەش پێمان دەڵێت، ڕەوشەکە تا ڕاددەیەکی بەرچاو قۆناغی چاکسازی لەناو خودی سیستمدا تێپەڕاندووە. لە سایەی وەھا ھەل و مەرجێك و بوونی دەستێوەردانی دەرەکی نائاساییشدا، کە بەشێکی گرەو لەسەر مانەوەی سیستم بە ناکارایی و واقیعی مەوجود دەکات و بەشەکەی تریش چاوی لە گۆڕین و تێپەڕاندنی بڕیوە، بەکارھێنانی ھێز، بۆ ھێنانەکایەی ھاوکێشەی نوێ و شێوازێکی کرداری بۆ شکاندنی بنبەستەکەو ھێزو دامەزراوەکانی، ببێت بە ئەگەرێکی کراوە. لای ھەندێکیش وەك پێویستیەك ببینرێت؟!
بەم جۆرەش، ژیانی عێراقیەکان ھاوشێوەی ژیانی وێناکراوی دۆزەخییەکانە لە قورئاندا، نە ئەوەیە بمرن نە ئەوەشە بژین و لە دۆخی سێھەمی پێناسە نەکراوەوە، کە دۆخی نێوان ژیان و مردنە. بەداخیشەوە عێراق وەك قەوارە بە درێژایی زۆربەی بڕگەکانی مێژووەکەی، ڕۆڵی دۆزەخی بۆ ڕۆڵەو پێکھاتەکانی گێڕاوە!!

وتاری زیاتر