هەندێکجار کۆمەڵێک براو خوشک بەدڵسۆزانە باس لە کرانەوە دەکەن و مەبەستیان گەشەکردنی بانگەوازە، بەڵام بەهۆی شارەزا نەبوونیان لە شەریعەتدا یان بێئاگابوونیان لەوەی کە مەرجی وەرگرتنی کردەوە سەرەڕای بۆ خوابوون و ئیخلاص، پێویستە بەپێی شەرع و لە چوار چێوەی شەرعدا بێت.
بۆیە ئەگەر بەڵگەی شەرعی لەسەر هەرکردەوەیەک نەبوو ڕازیکردنی جەماوەرو زۆرو بۆر دەبێتە مایەی توڕەبوونی خوداو پاشان لە دەسدانی جەماوەرە دڵسۆزەکە. هەر وەک دایکی ئیمانداران خاتوو عائشە (رضي الله عنها) دەفەرموێت: قال رسول ️ اللّٰه (صلى الله عليه وسلم): من التمس رِضا اللهِ بسخَطِ الناسِ؛ رضِيَ اللهُ عنه ، وأرْضى عنه الناسَ، ومن التَمس رضا الناسِ بسخَطِ اللهِ، سخِط اللهُ عليه، وأسخَط عليه الناسَ. رواه الترمذي وصححه الالباني.
واتا هەرکەسێک خوازیاری ڕەزامەندی خوا بێت بە نیگەرانی و توڕەیی خەڵک ئەوە خوا لێی ڕازی دەبێت و خەڵکیشی لێ ڕازی دەکات، هەروەها هەرکەسێک خوازیاری ڕەزامەندی خەڵک بێت بە توڕەیی خوای گەورە، ئەوە خوای لێ دەڕەنجێ و خەڵکەکەشی لێ دەڕەنجێنجێت.
پێشەوا شافعی دەفەرمەێت: " رضَى النَّاسِ غَايَةٌ لا تُدْرَكُ، فَعَلَيْكَ بِمَا يُصْلِحُكَ فَالْزَمْهُ، ودع ما سواه فلا تعانه، فإرضاء الخلق لا مقدور ولا مأمور، وإرضاء الخالق مقدور ومأمور.
واتا : ڕازیبوونی خەڵکی ئامانجێکە بەدەس ناهێنرێت، جا ئەوەی کە لەسەرت پێویستە دەست بگرە بەوەی، کە چاکت دەکات، دەستبەرداری مەبە، وە جگە لەوەی کە چاکت دەکات دەستی لێ هەڵگرەو گرنگی پێمەدە، وە ڕازیبوونی خەڵکی لەتوانادا نیەو فەرمان پێکراو نیە، بەڵام ڕازیبوونی خوای بەدیهێنەر لە توانادایەو فەرمان پێ کراوە.
بۆیە ئەو جۆرە کەسانەی، کە بە بێ ڕەچاوکردنی سنووری شەرع دەیانەوێت خەڵکی لە خۆیان ڕازیبکەن، دەبنە مایەی خوا لە خۆ ڕەنجاندن و پاشان لە دەسدانی خەڵکە دڵسۆزەکان، لەمڕوەوە ئەوەی کە جێگای نیگەرانیەو بەڕای من تاوانێکی گەورەیە، بەناوی ئاین و چالاکیەوە کوڕو کچی نامەحەرەم تێکەڵبکرێن بەبێ ڕەچاوکردنی پۆشاکی شەرعی، جا چ بۆ وەزشکردن یان شاخڕەوی یان ڕاگەیاندن بێت. بۆیە ئەمە بریتییە لە کاڵبونەوەو ناشەرعی و نائیلتزامیە نەك کرانەوە، چونکە پابەندبوون بە ئاینەوە فەرمانی شەریعەتەکەمانەو ئەرکی سەرەکی سەرشانی باوەڕدارانە.
بۆیە ڕێکخراو و گروپە ئیسلامیەکان بۆ ئەوە دروستبوون، کە جەماوەر بگەڕێننەوە بۆ پابەندبوونی ڕاست و تەواو بە بیروباوەڕو ئاینەکەیانەوە، نەک لە بیروباوەڕەکەیان لابدەن و ئاینەکەیان شوین حەزو ئارەزووی جەماوەری بخەن، جا بۆیە هەرکاتێک وایانکرد و خەڵک و جەماوەری موسڵمانان پشتیوانیان نەبوون و پشتیان لێهەڵکردن، دەبێت تەنیا لۆمەی خۆیان بکەن، چونکە ئەوان جگە لە دۆستایەتیان بۆ ئاینەکەیان بەهیچ شتێکی تر دڵخۆش نابن و تەنیا بەرژەوەندیان پاك ڕاگرتنی بیروباوەڕەکەیانە، بە پێچەوانەوە هەر کاتێک بەهۆی ئەو بێشەرعیانەوە ئەو دڵسۆزانە باوەڕیان بەخزمەت کردنی ئەو گروپ و جەمعانە لاواز بێت و دووریان لێبگرن، ئەوکەسانە بەرپرسیارن، کە ئەو ناشەرعیانە دەکەن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لێیان و بێدەنگن لە هەڵوێست و کردووە ناشەرعیەکانیان.
لەکۆتایدا دەڵیم تەماشاکەن چۆن: مردنی گەنجێك (کاك هەریم )دەبێتە مایەی گەشەکردنی کاری ئیسلامی و فەخرو و دڵخۆش بوون ، بەڵام بەناو چالاکی هەندێ کەسەوە کە (ناشەرعیە)دەبێتە مایەی کاڵبونەوەی بیروباوەڕو مەبادیئ و نیگەرانی خەڵکە دڵسۆزەکە و تانەو تەشەری کەسانی تر .
دلێر گەرمیانی
8 / محرم / 1444
6 / 8 / 2022