ئەتۆمییەکەی ئێران لە 2025 دا
تاران جارێکی دیکە وەفدی ئەتۆمی پێکدەھێنێتەوە و گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ دەکاتەوە، ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی گرینگ دەبێت بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران.
ئاژانسی ھەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردوەتەوە، ئێران دوای گفتوگۆکانی ماوەی رابردوو کە لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەردا ئەنجامیدا و، سویسرا میوانداریی کردبوو، ١٣ی ئەم مانگەش لەگەڵ فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا وتووێژ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام دەدات.
ئاژانسی ھەواڵی ئیسنا لە زاری کازم غەریبادی دیپلۆماتکاری ئێرانی و، نوێنەری تاران لە کۆبوونەوەی پێشووی جنێڤ بڵاویکردەوە، ١٣ـی ئەم مانگە ئێران لەگەڵ فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا وتووێژ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ دەکاتەوە بەڵام کۆبوونەوەکە "ڕاوێژکاری دەبێت نەک دانوستان".
ئەو وڵاتانەی کە ئێران لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە بە وڵاتانی ترۆیکای ئەوروپی ناسراون و، ئێران لە مانگی نۆڤەمبەردا خولێکی دانوستانی ـیان لەگەڵدا ئەنجام دەدات، بەپێی زانیاری میدیا ئێرانییەکان لە میانەی ئەو کۆبوونەوانەدا ئێران کار لەسەر ھەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی سەر تاران دەکات.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەکین بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی گرنگ دەبێت بۆ پرسی ئەتۆمی وڵاتەکەی، لەکاتێکدا تیمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا ئامادەییان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار" لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەربڕییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، ئێران دەیەوێت لەمیانەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا ئەو سزا ئابوریانەی کە بە ستەم بەسەر گەلی ئێرانیدا سەپێندراوە ھەڵبگرێت، لە ھەمان کاتیشدا دەرچەیەک بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدۆزێتەوە، بە شێوەیەک کە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێران پارێزراو بێت تێیدا.
بەرپرسە باڵاکەی ئێران ووتیشی، ئێمە ئامانجمانە لەم ساڵدا پرسی ئەتۆمی چارەسەرببێت، تاران بۆ دانوستان ئامادەیە و ھیچ کاتێک دەرگای گفتوگۆمان لەسەر ئەو پرسە دانەخستووە، بەڵام تەماشای وڵاتانی دیکەش دەکەین و ھەڵسەنگاندن بۆ ئامادەییان بۆ دانوستان دەکەین.
ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨ پاشەکشەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرد کە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێش خۆی لە ساڵی ٢٠١٥ واژووی کردبوو، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر سووککردنی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
پاش کشانەوەی ئەمریکاش لە ڕێکەوتنەکە، ئێران پابەندییەکانی خۆی بە ڕێکەوتنەکەوە ھەڵوەشاندەوە و پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە و، گەیاندییە ئاستێک کە شیاو بێت بۆ بەرھەمھێنانی چەکی ئەتۆمی.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 6 جار