پرۆسەی ئاشتی
تورکیا و پەکەکە، سوریا و ھەسەدە
لە تورکیا و سوریا کە کورد بە نەتەوەی دووەم دیتە ئەژمار و پارت و گرووپی چەکدارییان هەیە ؛ گوتارێک بە ئاراستەی چارەسەری پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی هاتوەتە ئاراوە کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بانگەشەی بۆ دەکەن و داوای کۆتایی ھاتنی پێکدادانی چەکداری و دانوستان دەکەن.
لە تورکیا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە داوای چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا داوا دەکەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆتایی ھێنان بە پێکدادان و ململانێی چەکداری.
یەکەم ھەنگاویش سەردانی وەفدێکی دەم پارتی "کە گەورەترین پارتی کوردییە" بۆ دورگەی ئیمڕاڵی و کۆبوونەوە بوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەپێی ڕاگەیەنراوی پارتەکە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پرۆسەی ئاشتی و دەستپێشخەرییەکان لەپێناو پرۆسەکەدا کردووە و ئۆجەلان لەو بارەیەوە بۆچونەکانی خستوەتە ڕوو.
(پەروین بۆڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر) کە بە نوێنەرایەتی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆبوونەوە رایانگەیاند، ئۆجەلان بە ئەرێنییەوە لە دەستپێشخەرییەکانی ئەردۆغان و باخچەلی ڕوانیوە و پێی وابووە، سەردەم سەردەمی برایەتی نێوان کورد و تورکە و "ئۆجەلان" ھەرچییەکی پێ بکرێت دەیکات.
ھاوکات لە سوریا کە دیسانەوە کورد نەتەوەی دووەمە تێیدا و لەڕووی سەربازییەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی ئەو وڵاتەی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، گوتاری ئاشتی و دانوستان لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتەوە پەخش دەکرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، لە نوێترین ھەڵوێستیدا رایگەیاندووە، کورد نەتەوەیەکی گرینگی سوریایە و لەماوەی رابردوودا و لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ستەمیان لێکراوە.
شەرع رایگەیاندووە، ئەوان لە ئیدارەی نوێی سوریا ئامادەن ھێزە کوردییەکان کە لەژێر ناو ھەسەدە کۆبوونەتەوە وەک ھێزی فەرمی لە ریزەکانی وەزارەتی بەرگری سوریا تۆماربکەن و بە ھێزی فەرمی وڵات پێناسەیان بکەن، کە ئەوەش داوا و خواستێک بووە کە پێشتر کورد لە سوریا داوایکردووە.
سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، جەختی لەوە كردوەتەوە كە سەردەمی شۆڕش لە سوریا کۆتایی ھاتووەو ئێستا سەردەمی نوسینەوەی دەستوور و بونیاتنانی سوریای نوێیە، کە تێیدا مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بە کوردیشەوە پارێزراو بێت.
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، پێویستە کورد و پارتە چەکدارییە کوردییەکانی تورکیا و سوریا ئەو دەستپێشخەریی و نەرمییە لەلایەن حکومەتەکانی تورکیا و سوریاوە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دانوستان بەھەند وەربگرن و سود لەو دەرفەتە وەربگرن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و زامنکردنی مافی کورد لەو وڵاتانە ، نەهێڵن ئەم دەرفەتە وەک ڕابردوو لە کیس بچێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، دۆخی ئێستای ناوچەکە بەشێوەیەکە کە ئەوەی بە دانوستان و لەسەر مێزی گفتوگۆ بەدەست دێت بە شەڕ و پێکدادانی چەکداری بەدەست نایەت، بە تایبەتی بۆ کورد کە پشتیوانێکی نێودەوڵەتی نییە و، دابەشبوونە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەش لە بەرژەوەندیدا نیە.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 8 جار