"دەترسن هەمان چارەنوسی خاشقچیان هەبێت"
محەمەد بن سەلمان لێبوردن بۆ نەیارەكانی دەردەكات
#روون_میدیا
عەبدولعەزیز محەمەد هوەیرینی، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی سعودیە، پەیامێك بۆ هەموو ئەو كەسانە دەنێرێت كە بە (نەیار)یان وەسفدەكات و لە دەرەوەی سعودیە دەژین و دەڵێت "بگەڕێنەوە بۆ سعودیە و سزاش نادرێن" .
سەرۆكی دەزگای ئاسایشی سعودیە لە ڕێگەی كەناڵی MBC سعودیەوە پەیامەكەی بڵاوكردوەتەوە و ڕایگەیاندووە "هەركەسێك نەیار و ئۆپۆزسیۆنە و ئێستا لە وڵاتانی دەرەوە دەژی، ئەگەر بگەڕێتەوە، بە مەرجێك هیچ تاوانێكی دیكە ئەنجامنەدات، ئەوا سزا نادرێت" .
بەوتەی هوەیرینی، شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان لێبوردنی بۆ ئەو هەموو نەیارانە دەركردووە كە لەخۆیان باییبوون و پێیاندەڵێین؛ ئەگەر هیچ تاوانێكی وەك دەستدرێژیی و كوشتن ئەنجامنەدەن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەتان .
ئەم لێبوردنەی بن سەلمان، بە فێڵ و داوێك وەسفدەكرێت بۆ ئەو كەسانەی كە لە ترسی ناوبراو و بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعودیە و بەهۆی جیاوازی بیروڕاوە وڵاتیان جێهێشتووە و دەترسن هەر كە گەڕانەوە، هەریەكەیان بە پاساوێك لەناوببرێن .
لە چەند ساڵی رابردوودا، جەمال خاشقچی، یەكێك لە قەڵەمە دیار و رۆژنامەوانە سعودییەكان كە بەیەكێك لە رەخنەگرانی ڕژێمەكەی بن سەلمان دادەنرا، لەناو باڵیۆزخانەی سعودیە لە توركیا كوژرا و تەرمەكەشی پارچە پارچە كرا .
لە ئێستاشدا سەدان بانگخواز و كەسایەتی ئیسلامیی و رەخنەگر لە گرتوخانەكانی سعودیە لەژێر ئازار و ئەشكەنجەدا دەناڵێنن، تەنها تاوانیشیان ئەوەیە كە ناكۆكن لەگەڵ سیاسەتەكانی بن سەلمان بەرامبەر بە مسوڵمانان و ڕێگەدان بە كردنەوەی باڕ و یانەی شەوانە لە وڵاتەكە و هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیی و پشتگوێخستنی ئیسلام و رۆڵی زانایان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا .
بەڵام عەبدولعەزیز محەمەد هوەیرینی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی سعودیە دەڵێت "ئەوانەی ئێستا لە زیندانەكاندان، لەسەر داوا و خواستی كەسوكاری یان بە هەماهەنگیی لەگەڵ خێزانەكانیان دەستگیركراون، چونكە هەستیان بەوەكردووە كە دەوڵەت چارەیان دەكات نەك سزا تا ئەوكاتەی كە فیكری خۆیان راستدەكەنەوە"
ژمارەی خوێندراو : 18 جار