عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە خولی گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لەگەڵ واشنتۆن باشترین خول بووە، لە هەمان کاتدا بەرپرسێکی ئەمریکی جەختی کردەوە کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی جنێف لەگەڵ ئێران ئەرێنی بوون.
عێراقچی لە کۆتایی خولی سێیەمی دانوستانەکانی جنێفدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتنی باش لە دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان بەدەستهاتووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لەسەر هەندێک خاڵ ڕێککەوتوون و لەسەر هەندێک خاڵی تریش هێشتا ناکۆکییان هەیە. وتیشی: «هەڵوێستی خۆمان سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت، ڕوون کردەوە.»
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەگەری سازکردنی خولی چوارەمی دانوستانەکانی لە هەفتەی داهاتوودا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ڕاوێژکردنی هەر لایەنێک لەگەڵ سەرکردایەتیی وڵاتەکەی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە ڤییەنا گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەڕێوەدەچێت.
لەنێوان گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەدا
عێراقچی جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر جددین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، بژاردەشی خستە بەردەم ئەمریکا لە نێوان گفتوگۆ یان ڕووبەڕووبوونەوە و گرژیدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ دۆسیە ئەتۆمییەکە نییە و لایەنی بەرامبەر پێشتر ئەوەی تاقیکردووەتەوە و شکستی هێناوە. وتیشی: «تاکە چارەسەر بۆ دۆسیە ئەتۆمییەکەمان گفتوگۆیە، ئەوەش ئەو کارەیە کە ئێستا ئەنجامی دەدەین.»
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کرد دوور بکەونەوە لەو وتە و ڕەفتارانەی کە گرژی زیاد دەکەن و دیپلۆماسی لاواز دەکەن. دووپاتی کردەوە کە لێکتێگەیشتن لەسەر زۆربەی توخمەکانی ڕێککەوتنی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکا هەیە، بەڵام چارەسەرکردنی وردەکارییەکان پێویستی بە گفتوگۆی ورد و چڕ هەیە.
لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی ئێرانی بە (الجزيرة)ی ڕاگەیاند کە هەڵوێستی ئەمریکا لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی جنێفدا لە ڕاستییەکانی سەر زەوی نزیکتر بووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بە کردەیی دەستیان پێکردووە و کەشوهەوای دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەرێنی بووە. ئەو بەرپرسە وتیشی کە هەلی سەرکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن بەرزە، مەگەر هەندێک لایەن کە پاڵ بە ئاراستەی پەرەسەندنی گرژی و جەنگەوە دەنێن، ڕێگریی لێ بکەن.
ئەرێنیبوون و بێئومێدی
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ڕاگەیاند دوای ئەوەی پێشکەوتنێکی بەرچاو لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەدەستهات. باسی لەوەش کرد کە هەفتەی داهاتوو لە ڤییەنا گفتوگۆی تەکنیکی ئەنجام دەدرێت و دانوستانەکان دوای ڕاوێژی شاندەکان لەگەڵ تاران و واشنتۆن دەستپێدەکەنەوە.
لەلایەکی تریشەوە، تۆڕی (CNN) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتی خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ عێراقچی ئەنجام داوە. بەڵام ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی ئاماژەی بەوە کرد کە دیداری عێراقچی و ویتکۆف تەنها لە چوارچێوەی سڵاوکردن و تەشریفاتی دیپلۆماسیدا بووە.
هاوکات ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە کە ویتکۆف و جارید کۆشنەر (زاوای دۆناڵد ترەمپ) بێئومێد بوون لەوەی ئێرانییەکان لە دانیشتنی بەیانیدا پێشکەشیان کردووە، بەڵام هەر هەمان ماڵپەڕ لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستییەوە کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی جنێف لەگەڵ ئێران ئەرێنی بوون.
نە سفرکردنەوە و نە هەڵوەشاندنەوە
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە (الجزيرة)ی ڕاگەیاند کە پێشنیازی تاران لە دانوستانەکانی جنێفدا بە پلەی یەکەم سەرنج دەخاتە سەر هەڵگرتنی سزاکان و مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئەمریکا. ئاماژەی بەوەش کرد کە پرەنسیپی «سفرکردنەوەی پیتاندن بۆ هەمیشە» و «هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان» و «گواستنەوەی یۆرانیۆمی کۆگاکراو بۆ دەرەوە» بەتەواوی ڕەتکراوەن. دووپاتیشی کردەوە کە پێشنیازەکە هیچ بیرۆکەیەکی تێدا نییە سەبارەت بە سیستەمی مووشەکیی ئێران و بەرنامە بەرگرییەکانی.
ئەو بەرپرسە وتی: «پێشنیازەکەمان بۆ چارەسەر چەند ڕێڕەوێکی تەکنیکی و کردەیی لەخۆدەگرێت کە دەیسەلمێنێت ئێمە چەکی ئەتۆمیمان ناوێت، جەختیش دەکاتەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی نیشتمانییە و تەنها هەڵپەساردنی کاتیی پیتاندن بۆ ماوەیەکی سنووردار پێشکەش دەکات.» هەروەها وتی پێشنیازەکە کەمکردنەوەی کۆگای یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی نزمی پیتاندن لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیدا دەگرێتەوە.
پێداگریی ئەمریکا لەسەر ڕاگرتنی پیتاندن
لەلایەکی ترەوە، (CNN) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە دانوستانکارانی ئەمریکی لە جنێف پێداگرییان لەسەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێرانیان کردووە. ئەو سەرچاوەیە وتی شاندی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی پیتاندن دەبێت بۆ هەمیشە بێت.
هەروەها ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) ئاماژەی بەوە کرد کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ کاژێر گفتوگۆیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام داوە. ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)یش بڵاوی کردەوە کە پێشبینی دەکرێت واشنتۆن داوا لە ئێران بکات ٣ پێگەی ئەتۆمی هەڵبوەشێنێتەوە و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە ڕادەست بکات.
دانوستانی چڕ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی نزیکەی ٣ کاژێر دانوستانی چڕ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عومان و بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەتۆم بەڕێوەچووە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو تیمی ئەمریکا و ئێران بەجددی تێڕوانینەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو، بەڵام هەندێک لێدوانی دژبەیەکی بەرپرسانی ئەمریکی شک و گومان لەسەر جددیەتی ئەوان دروست دەکات.
شایەنی باسە ئەم خولە نوێیەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکەی نێوانیان و دوورکەوتنەوە لە لێدانی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە.
ژمارەی خوێندراو : 94 جار