دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری داوە کە پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان و درەنگکەوتنی کاراکردنەوەی دامەزراوەی تەشریعی، هەرێمی کوردستانی خستووەتە ناو قەیرانێکی قوڵی یاسایی و دامەزراوەیی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای ئەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دەستی بەکار کردووە و 97 پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام تا ئێستا نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و نە لیژنە هەمیشەییەکان پێکهاتوون، ئەمەش وایکردووە پەرلەمان لە ئەرکە دەستورییە سەرەکییەکانی داببڕێت.
دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم دۆخە بەهۆی ململانێی سیاسی نێوان هێزە سەرەکییەکان، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، دروست بووە و پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە بنبەست.
ڕاپۆرتەکە هەروەها هۆشداری لە دەرئەنجامە ئابورییەکانی ئەم پەککەوتنە داوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە نەبوونی یاسای بودجە بۆ ساڵانی 2025 و 2026، چاودێری پەرلەمانی بەسەر داهات و خەرجییە گشتییەکاندا لاواز کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم دۆخە پرسی موچە و پارەی گشتی خستووەتە ناو نادیارییەوە و ژیانی فەرمانبەران و هاوڵاتیان بە مەترسییەوە بەستووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە غیابی پەرلەمانێکی کارا، پێگەی هەرێمی کوردستانی لە بەرامبەر بەغدا لاواز کردووە و ڕێگەی بۆ دەستوەردانی زیاتر لە کاروباری دارایی، نەوتی و دادگایی هەرێم خۆش کردووە.
دامەزراوەی پەی ڕەخنە لە بێدەنگی پەرلەمانتاران دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەندامانی پەرلەمان بەرپرسیارن لە شکاندنی ئەم بنبەستە و دەبێت بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ هاوڵاتیان قسە بکەن و فشار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دروست بکەن.
وەک ڕێگەچارە، دامەزراوەکە داوای دیاریکردنی خشتەیەکی کاتیی خێرا دەکات و پێشنیاری کردووە لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی 90 ڕۆژیشدا هەموو بڕیارە ستراتیژییەکان بگەڕێندرێنەوە ناو پەرلەمان.
شایانی باسە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستا هێشتا ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەھەمی حکومەت و تەواوکردنی دامەزراندنی پەرلەمان نەگەیشتووەتە ئەنجام، لە کاتێکدا زۆرێک لە دامەزراوەکانی هەرێم بە بێ چاودێریی پەرلەمانی بەردەوامن.
ژمارەی خوێندراو : 37 جار