عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، هاوڕێ لەگەڵ شاندێكی مەكتەبی سیاسی سەردانی پیرمام-یان كرد و ئێستا لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەودان.
ئامانج لە كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی چەند پرسێكە، لەوانە بەردەوامیی ئەو قەیرانە كەڵەكەبووانەی بەرۆكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، لە دواكەوتنی مووچە و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و قورسبوونی باروگوزەرانی خەڵك، كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی هەرێم بەگشتی داناوە.
هەوڵدان بۆ پاراستن و دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستان لە جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی بە میكانیزمی حەكیمانە و بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانە.
هەروەك باس لە هەوڵەكانی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دۆسیە و گرفتە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەكرێت، بەجۆرێك ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكات.
تەبایی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و سازانی نێوخۆیی، هەروەها كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكان باسوخواسی لێ دەكرێت، بەتایبەت كە ناتەبایی و لێكترازانی سیاسیی نێوخۆیی هەرێمی كوردستان، بە فاكتەری بنەرەتیی چارەسەرنەبوونی قەیرانەكان دادەنرێت.
هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هەنگاونان بە ئاڕاستەی پەرەپێدانیان، بابەتێكی دیكەی نێو كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و پارتی دیموكرات دەبێت.
ژمارەی خوێندراو : 33 جار