لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاستی داواکارییەکانی بەرز کردووەتەوە بۆ "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"ی ئێران و بەڵێنی هەڵبژاردنی "سەرکردەی باش" بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە دەدات، لە ژوورە داخراوەکانی واشنتۆن تاوتوێی بابەتێکی تر دەکرێت.
ڕاپۆرتێکی نهێنی "ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی" ئەمریکا (NIC) پەردەی لەسەر بۆشاییەکی قووڵ لاداوە لە نێوان ویستە سیاسییەکانی کۆشکی سپی و واقیعی ئاڵۆزی مەیدانی، ئەمەش بڕیار بەدەستانی خستووەتە بەردەم هەڵسەنگاندنێک کە سنووری هێزی سەربازی لە داڕشتنی "ڕۆژی دوای" جەنگدا دووبارە دیاری دەکاتەوە.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە کە وردەکارییەکانی بۆ ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" دزەی کردووە، دیمەنی ئێران لە چەند گۆشەیەکی ستراتیژییەوە شیکار دەکات کە واشنتۆن و تەلئەبیب دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە.
شکستهێنانی "مۆدێلی ڤەنزوێلا"
ستراتیژییە ڕاگەیەندراوەکەی ترەمپ لە هەوڵێک دەچێت بۆ کۆپیکردنی ئەوەی دەکرێت ناوی بنرێت "سیناریۆی ڤەنزوێلا"؛ واتە وەشاندنی گورزێکی سەربازی کوشندە کە سەری هەرەمەکە لابدات (وەک ئەوەی دواتر بە تیرۆرکردنی ڕێبەری کۆچکردوو عەلی خامنەیی ڕوویدا)، و هێشتنەوەی پێکهاتەی حکومەت بە ساغی، پاشان دەستنیشانکردنی سەرکردایەتییەکی نوێ.
بەڵام ڕاپۆرتی ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی —کە گوزارشت لە ڕای یەکگرتووی هەر ١٨ دەزگا هەواڵگرییەکەی ئەمریکا دەکات— ئەم تێڕوانینە زۆر بچووک دەکاتەوە و بە گومانەوە سەیری دەرفەتی جێبەجێکردنی دەکات. ڕاپۆرتەکە بە ڕوونی دەڵێت: "تەنانەت هێرشێکی بەرفراوانیش لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، دوورە لەوەی بتوانێت دامەزراوە سەربازی و ئایینییە ڕەگداکوتاوەکانی ئێران بڕوخێنێت."
تەڵەی "ڕۆژی دواتر" و بۆشایی دەسەڵات
گۆشەی دووەمی هەڵسەنگاندنەکە پەیوەندی بە بەدیلەوە هەیە. ئەمریکا بە لێدانی سەرکردایەتی ئێستا، ڕەنگە ڕووبەڕووی تەڵەی "بۆشایی کوشندە" ببێتەوە. ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی وڵات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی پەرتەوازەی ئێرانەوە بە "دوور لە ڕاستی" وەسف کراوە.
مەترسی ڕاستەقینە لە "بۆشایی ئەمنیدا" خۆی دەبینێتەوە؛ لەگەڵ داخورانی دەسەڵاتی ناوەندی بەهۆی بۆردومانەکانەوە، کەمینەکان ئامادەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە. هەر لە ئێستاوە ٥ لایەنی کوردی هاوپەیمانییەکی چەکدارییان لە ڕۆژئاوا (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) پێکهێناوە، هاوکات لەگەڵ جموجۆڵی ڕێکخراوە بەلوچییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵات.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە پڕچەککردنی ئەم کەمینانە لەبری "دیموکراسییەکی لایەنگری ڕۆژئاوا"، ڕەنگە ئێران بکاتە مەڵبەندی "جەنگی ناوخۆیی" کە دەستێوەردانی هەرێمی (وەک تورکیا و پاکستان) بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەمەش سوپای پاسداران دەگۆڕێت بۆ تۆڕێکی نامەرکەزی کە جەنگی دارستان و شارەکان بەڕێوە دەبەن.
فجوەی نێوان خەمڵاندنەکانی ئەمریکا و ئامانجەکانی ئیسرائیل
بەڵگەنامە نهێنییەکە جیاوازییەکی شاراوە لە نێوان تەماحی هاوپەیمانەکان نیشان دەدات. لە کاتێکدا ئیسرائیل —بەتایبەت لە گوتارەکانی نەتانیاهودا— ئەم جەنگە وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ڕوخاندنی مۆدێلی ئێرانی دەبینێت، هەواڵگری ئەمریکا درک بە مەحاڵبوونی ڕیشەکێشکردنی تەواوەتی ئەم ڕژێمە دەکات.
ئەم تێڕوانینە وای کردووە کۆشکی سپی ئامانجەکان تەنها لە چوارچێوەی سەربازیدا کورت بکاتەوە، وەک: "تێکشکاندنی موشەکە بالیستییەکان، لەناوبردنی هێزی دەریایی، و بڕینی توانای چەکدارکردنی بریکارەکانی ئێران."
ئەم جیاوازییە لە خوێندنەوەی ستراتیژیدا ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی پێکدادانی سیاسی لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر دیاریکردنی ساتەوەختی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
ژمارەی خوێندراو : 315 جار