خێزانی زیندانیانی ایۆنی: ناتانیاهۆ ڕێگری لە ڕێکەوتنەکە دەکات، ناشتوانیت حەماس لەناو بەرێت
بنەماڵەی زیندانیانی ئیسرائیلی کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون، تۆمەتەکانیان لەسەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران نوێکردەوە، هاوکات یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند کە هەر ڕۆژێک حکومەت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە دەتوانێت بە کارەساتێکی گەورە کۆتایی پێبێت.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب، بنەماڵەکان ڕایانگەیاند، "ناتانیاهۆ درۆ دەکات و بەدوای ڕزگارکردنی خۆیدا دەگەڕێت نەک دەستگیرکراوەکان"، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو ڕێگرییە لە بەردەم هەر ڕێککەوتنێک و گەڕانەوەی بەکۆمەڵی زیندانییەکان.
ڕادیۆی سوپای زایۆنی لە زاری باوکی زیندانییەکی ئیسرائیلییەوە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیجی، ڕایگەیاندووە، "دڵنیا نییە وەزیر دێرمەر بیر لە وەرگرتنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە دەکاتەوە پێش ئەوەی حەماس لەناوببات".
باوکی ئەو زیندانییە زاینییە ئاماژەی بەوەشکرد، کە نازانیت ئەگەر ڕێککەوتن نەكریت، زیندانییەکان چۆن دەگەڕێندرێنەوە، هاوکات زیندانییەکی پێشوو کە لە غەززە ئازادکرابوو ڕایگەیاند، "گیانی دەستگیرکراوەکان لە مەترسیدایە".
ئەو زیندانییە ئازادکراوە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی دیلێتیدا، هەركاتێك بۆردمان دەكرا هەستم کردووە لەناو تونێلەكان بەجێهێڵراوین و كەس نەماوە .
هەروەها یرۆژنامەی يديعوت أحرونوت بە پشتبەستن بە برای زیندانییەک لە غەززە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل لە غەززە کارەکانی بەشی پێویست ناکات و پێناچێت شەڕی ئێستا ببێتە هۆی "پچڕان"ی حەماس.
خۆپێشاندانەکان بەردەوامن، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە هەزاران هاووڵاتی ئیسرائیل لە بەردەم وەزارەتی بەرگری لە تەلئەبیب خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، وەک هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو زیندانیانەی لە غەززە دەستبەسەر کراون.
خۆپیشاندەران خوازیاری ئەوە بوون کە حکومەتی ئیسرائیل کار بۆ وەستاندنی شەڕەکە بکات و ڕێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی دیلەکان دەستبەجێ و بە یەک وەجبە ئەنجامبدات.
خۆپیشاندانێکی دژە حکومەت لەلایەن بنەماڵەی زیندانییەکانەوە لەگەڵ خۆپیشاندانێکی دیکە تێکەڵ بوو، بەشداربووان دروشمیان بەرزکردەوە کە ئیدانەی دەرکردنی ڕۆنێن بار، سەرۆکی شاباك و داوای متمانەسەندنەوەی متمانەیان لە دادستانی گشتی گالی بەهاراڤ-میارا کرد.
لای خۆیەوە لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند، "هەر ڕۆژێک حکومەت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە ڕەنگە بە کارەساتێکی گەورە کۆتایی پێبێت و ببێتە هۆی لەدەستدانی گیانی خەڵک".
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ماریڤ لە زاری فەرماندەی پێشووی فیرقەی کەناری ڕۆژئاوای سوپای ئیسرائیلەوە نووسیویەتی، گوشارە سەربازییەکان شکستی خۆیان سەلماندووە و بارمتەکان ناگەڕێندرێنەوە جگە لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە.
ئەو ئەفسەرە ئیسرائیلییە ڕوونیشیکردەوە کە ساڵ و نیوێک فشاری سەربازی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 41 زیندانی ئیسرائیلی. جەختیشی لەوە کردەوە کە ناتانیاهۆ دەیەوێت سەرنجی میدیاکان لەو پرسانە لابدات کە کێشەی بۆ دروستکردووە و بە هۆکاری سیاسی خۆی لە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە بەدوور گرتووە.
ڕۆژی شەممە، لیواکانی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس)، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ژێر ناوی "کات تەواو دەبێت" بڵاوکردەوە، کە تێیدا دوو زیندانی ئیسرائیلی پیشان دەدەن کە لە دەستیاندایە.
لە تۆمارەکەدا، ئەو دوو زیندانییە دەڵێن، لەکاتی دەرچوونیان لە تونێلەکە بۆ ئەوەی هەندێک هەوا بەدەستبهێنن، تۆپبارانی سوپایان بۆ کراوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا برینداربوون بەڵام ڕزگاریان بووە.
ئەبو عوبێدە، وتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام، هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند، "نیوەی زیندانییە زیندووەکانی دوژمن لەو ناوچانەدان کە سوپای داگیرکەری ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای چۆڵکردنی کردووە".
ئەبو عوبێدە جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر داگیرکەری "خەمی ژیانی زیندانییەکان بێت، دەبێت دانوستان بکات"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "حکومەتی نەتانیاهۆ بەرپرسیارێتی ژیانی زیندانییەکان لە ئەستۆ دەگرێت. ئەگەر خەمی ئەوان بوایە، پابەندی ئەو ڕێککەوتنە دەبوو کە واژۆی کردووە، زۆربەیان لە ماڵەکانی خۆیدا دەبوون".
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئیسرائیل شەڕی قڕکردن لە غەززە بەڕێوەدەبات و زیاتر لە ١٦٥ هەزار فەلەستینی کوژراو و بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە برسێتی خراپتر بەسەر ئەو ناوچەیە گەمارۆدراوەدا دەڕوانێت.
ژمارەی خوێندراو : 62 جار