ئێران چەند سیخورێكی مۆساد دەسگیر دەکات​

16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئه‌مڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دو کەس کە لەلایەن ئێرانەوە تۆمەتبارکراون بە ئه‌ندامی سیخوری دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی (مۆساد) لە پارێزگای ئەلبورز لەکاتی ئامادەکردنی تەقەمەنی و کەرەستەی ئیسرائیل دەستگیرکراون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، ئەو دو سیخورە سەرقاڵی ئامادەکردنی بۆمب بون کە مەبەست لێی تەقینەوەی ئەلیکترۆنی لە دورەوە بوە، ئاژانسەکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناسنامەی ئەو دو کەسە ئاشکرا نەکردوە،
سیخوری مۆساد کە تۆمەتبار بو بە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی وەزارەتی بەرگری ئێران، مانگی ئازاری ساڵی ڕابردو لە سێدارە درا.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل هێڵکاریی فراوانی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی ئاشکرا کردبو کە بەرەبەیانی هەینی دژی ئێران دەستیپێکردوە، کە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگریی مۆساد و پیشەسازی بەرگری ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای چەندین ساڵ پلانی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و جێگیرکردنی پێشوەختەی توانا شاراوەکان لە قوڵایی ئێراندا بوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاشکرای کردوە کە، زۆر پێش هێرشەکە، بنکەیەک بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوە لەلایەن بریکارەکانی مۆسادەوە لە نزیک تاران دامەزرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە شەودا چالاک کراون و بەرەو موشەکهەڵگرەکانی سەر ڕوی زەوی بۆ سەرزەوی لە بنکەی ئێسپاغاباد هەڵدراون- یەکێکە لەو شوێنە سەرەکییانەی کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن.

ژمارەی خوێندراو : 159 جار

هەواڵی زیاتر