هۆڵەندا هاتنی بێن گڤیر و سمۆتریچ بۆ ناو خاکەکەی قەدەغە دەکات

2 رۆژ پێش ئێستا

هۆڵەندا ڕۆژی دووشەممە ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیلی قەدەغە کرد بۆ چوونە ناو خاکی وڵاتەکەی، چونکە ئەوان هاندەری توندوتیژی دژی فەلەستینییەکان بوون و داوای پاکتاوی نەتەوەیی لە کەرتی غەززە و فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی نایاسایی کرد.
هەروەها حکومەتی هۆڵەندا بڕیاریدا باڵیۆزی ئیسرائیل لە لاهای بانگهێشت بکات بۆ دانیشتنی سەرزەنشتکردن لە نووسینگەی كاسبار فالديكامب وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا.
بەپێی میدیاکانی هۆڵەندا، كاسبار فالديكامب بۆ ئەندامانی پەرلەمانی نووسیویەتی "دۆخی غەززە بەرگەی ناگیرێت و ناتوانرێت بەردەوام بێت".
ئەم بڕیارە پێش دانیشتنێکی یەکێتیی ئەورووپا هات کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە سەبارەت بە ڕاگرتنی دەستڕاگەیشتن بە گەورەترین بەرنامەی هاوکاریی توێژینەوەی زایۆنی لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە بەڕێوە بچێت بەهۆی پابەندنەبوونی بەڵێننامە مرۆییەکان لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەوروپا سەبارەت بە یارمەتییەکانی کەرتی غەززە.
لای خۆیەوە ديك سكوبف ، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە میانی دانیشتنی یەکێتی ئەوروپا پاڵدەنێت بۆ ڕاگرتنی ڕێککەوتنە بازرگانییەکەی ئەوروپا لەگەڵ ئیسرائیل و سەپاندنی سنووردارکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە ئەگەر دیاری بکرێت کە پابەند نەبووە بە بەڵێنە مرۆییەکانی خۆی لە کەرتی غەززە سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییەکان بەبێ بەربەست و سەلامەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەم پەیامەی بە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل گەیاندووە، ئەویش لە ڕێگەی تویتەرەوە وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت "یەکێتی ئەوروپا ئەم هەنگاوانە بنێت، هەڵەیەکی گەورە دەبێت".
لە وەڵامی بڕیاری قەدەغەکردنی چوونە ناو هۆڵەندا، بن گڤیر وتی، "تەنانەت ئەگەر ڕێگریم لێ بکرێت بۆ چوونە ناو هەموو ئەوروپا، بەردەوام دەبم لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل"

لای خۆیەوە سمۆتریچ لێدوانی لەسەر بڕیاری هۆڵەندا بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناو خاکی وڵاتەکەی دا و وتی "ئەوروپا لە ڕابردوودا سەلامەتی بۆ جولەکەکان دابین نەکردووە و لە داهاتووشدا ئەو کارە ناکات".

ڕۆژی یەکشەممە، دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی هۆڵەندا بۆ یەکەمجار ئیسرائیلی خستە لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسی لەسەر ئەو وڵاتە دروست دەکەن، ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئیسرائیل کرد بۆ کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی هۆڵەندا و بڕیاردانی سیاسی بە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە.

سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر و ڕێگە بدات یارمەتییە مرۆییەکان بگاتە غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد کە تەلئەبیب دەبێت پابەند بیت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو کارە.

 

ژمارەی خوێندراو : 76 جار

هەواڵی زیاتر