ڕوبـەڕوبـونـەوەی نێوان ئیدارەی ترەمپ و بـانـکـی نـاوەنـدی بـە شێوەیەکی بەرچاو پەرە دەسێنێت.

4 کاتژمێر پێش ئێستا

20 داواکاری گشتی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی تاوانکارییان لە جیرۆم پاول، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی دەستپێکرد لەسەر نۆژەنکردنەوەی بارەگای بانکی فیدڕاڵی بە بڕی دو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، بەوەش ڕوبەڕوبونەوەی نێوان ئیدارەی ترەمپ و بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەند.

جیرۆم پاول، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی رایگه‌یاند، بانکی ناوەندی ئەمریکا بانگهێشتنامەی دەستەی سوێندخواردنی گەورە و هەڕەشەی تۆمەتی تاوانکاری لە وەزارەتی داد وەرگرتوە سەبارەت بە ئیفادەکەی لەبەردەم کۆنگرێس لە هاوینی ڕابردوودا سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەکە.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەو ڕێوشوێنە یاساییە بیانویەکە بۆ سنوردارکردنی سەربەخۆیی فیدڕاڵی لە دانانی ڕێژەی سوددا، "ئەم هەڕەشە نوێیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئیفادەکەی منەوە نییە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردودا، هەروەها پەیوەندی بە نۆژەنکردنەوەی بیناکانی بانکی ناوەندی ئەمریکاوە نییە".
جیرۆم پاول وتیشی، "مەترسی تۆمەتی تاوانکاری دەرئەنجامی دانانی ڕێژەی سودە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا لەسەر بنەمای باشترین هەڵسەنگاندن بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی گشتیدایە، نەک شوێنکەوتنی خواستی سەرۆک دایده‌نێت".
ترەمپ ڕەتیکردەوە هیچ بەشدارییەکی لە لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی داددا هەبێت، ناوبراو بە کەناڵی NBC Newsی وتوە، "هیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانم، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو بەڕێوەبەرێکی گەورەی بانکی ناوەندی ئەمریکا نییە، هەروەها بیناکارێکی گەورە نییە"، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد كه‌ لێکۆڵینەوەکە پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی پاولەوە نییە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سود.
سەرەڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوەکە نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەران بەرزدەکاتەوە سەبارەت بە سەربەخۆیی گرنگترین بانکی ناوەندی جیهان، کە بەردی بناغەی سیاسەتی ئابوری ئەمریکایە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بە گرنگ دادەنرێت بۆ بازاڕە داراییەکان.
له‌ماوه‌ی رابردودا ترەمپ چەندین جار هێرشی کردوەتە سەر پاول کە بە "سەرسەخت" ناوی بردوە بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردوەتەوە تێچوی قەرزکردن کەم بکاتەوە.
دەستەی سوێندخواردنی گەورە دیاریدەکات کە ئایا داواکارانی گشتی بەڵگەی پێویستیان خستوەتەڕو بۆ ئەوەی جیرۆم پاول تۆمەتبار بكرێت یاخود نا، ڕێنماییەکانی وەزارەتی داد ئاماژە بەوە دەکەن کە داواکارانی گشتی، لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیاندا، هەندێک جار تاکەکان ئاگادار دەکەنەوە پێش ئەوەی داوای تۆمەت بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتیان پێبدرێت وته‌یان وه‌ربگیردرێت.
پێدەچێت بانگهێشتنامەکان داوای زانیاری لەبارەی ئامادەکارییەکانی پاول بۆ شایەتحاڵی و هەروەها بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی پەیوەست بە نۆژەنکردنەوەی بارەگای بانكی ناوه‌ندی ئەمریکا لەخۆبگرێت.

ژمارەی خوێندراو : 74 جار

هەواڵی زیاتر