ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی مردوە، تەنها لە یادەوەری ئەو عینادانە دەمێنێتەوە کە بۆ تێرکردنی ئیگۆی خۆیان، بۆ شاردنەوەی شکست و سیاسەتە ماڵوێرانکەرانەکانیان، بۆ درێژەدان بە حوکمڕانیی تاکڕەویی خۆیان و دەستبەسەرداگرتنی نەوتی کەرکوک، ساڵانە یادی دەکەنەوە و بە <<تاپۆی رەش>> بە ناوی دەکەن.
مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانی و حکومەتی هەرێم دژ بەو بڕیارانەن کە دادگای فیدرالی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەریکردون، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم کە لەلایەن هەمان دادگاوە دەرچو، نەک هەر قبوڵیان بو، بەڵکو بە شانازییەوە بەکاریانهێنا بۆ جارێکی تر دانوستان لەگەڵ بەغداد. کەچی ئێستا هاتون ئەو عینادییە پیرۆز دەکەن و باسی تاپۆی رەش دەکەن. زاکیرەی خەڵک وەک زاکیرەی ئەوان لاواز نییە!
کەس خۆی نەچەماند جگە لە مەسعود بارزانی. رۆژانی دوای ریفراندۆم هەمو کەسێک وەکو خۆی مایەوە تەنها ئەو و جەماعەتەکەی نەبێ. ئەو دەیگوت دوای ریفراندۆم سەربەخۆییە و خۆی ناچەمێنێتەوە، کەچی کە فشاری هاتەسەر هەم خۆی چەماندەوە و ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە، هەمیش توانای روبەڕوبونەوەی نەبو.
پارلەمانی کوردستان ویستیان ئەزمونی دیموکراسیی حوکمی قانون و شەریعەتی پارلەمان بکەن و قانونی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەمواربکەنەوە، کەچی مەسعود بارزانی لەڕێی کۆدێتایەکی سپییەوە دو ساڵ پارلەمانی داخست و رێگری لە سەرۆکەکەی کرد بگەڕێتەوە هەولێر. مەسعود بارزانی بۆ گەل و پارلەمانی خۆی سەری دانەنواند، بەڵام بۆ بڕیارێکی دادگای فیدرالی لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر خۆی چەماند.
ئێستا هاتوە دەڵێ خۆتان مەچەمێنن وا دەزانێت زاکیرەی خەڵکیش وەک زاکیرەی ئەوان لاوازە.