ڕاپەڕیننامەی شاری ئەربێلا

لە لایەن پ.ی.د. دڵشاد زاموا12/03/2023

ڕاپەڕیننامەی شاری ئەربێلا....
بۆ یادی راپەڕینی جەماوەری هەولێرییانی ئازیز!
ئەگەر راپەڕینەکەی ساڵی ٥٢٢پ.ز. لە هەولێر سەرکەوتووبووایە هەموو مێژووی کوردستان دەگۆڕا!
د.دڵشاد زامواDlshad Zamua
یەکەم راپەڕین لەم شارەدا راپەڕینی گەلی خوررییەکان بوون کە دامەزرێنەری شاری ئوربیلیوم(هەولێر) بوون، دوای داگیرکردنی شارەکەیان دژ بە سوپای سومەری ڕاپەڕین و سوپای سومەرییان دەرکرد...ئەم ڕاپەڕینە لە سەدەی ٢١ی پ.ز.دا بوو.
لەوانەیە گرنگترین راپەڕین, راپەڕینی میدییەکان بووبێت لە شاری ئەربیرا/هەربیرا (هەولێر) دژی داگیرکاری فارسەکان. لە نووسینەکانی شاخی بێستون، داریوشی پاشای فارس بەبۆنەی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکانی میدییەکان و گەلانی رۆژهەڵاتەوە دژی فارسەکان، بە خەتی مێخی و ئارامی و بە زمانی فارسی-میدی، بابلی و ئیلامی باس لە دامرکاندنەوەی ئەم ڕاپەڕینانە دەکات و ده ڵێت:
«من داریوس، پاشاكه ، كوڕی هایستاسپیس، هاخامەنششییەكم، پاشای پاشاكانم، فارسێكم، پاشای وڵاتی فارسم ....چیترانتەخما، له هۆزی سەگارتییەكان، راپه ڕی و به خەڵكی دەگوت: من پاشام، نه وەی كەیئەخسار(كه یخوسرەو)م. سوپایەكم له میدی و فارسه كان بۆ نارد. تەخماسپەده ،سەركردەی خزمەتكارم، كه میدییەك بوو، كردم بە بەرپرسی ئەو سوپایه. فەرمانم پێكردن و وتم: بڕۆن، بڕۆن و راپەڕیوەكان ببەزێنن ئەوانه ی كه گوێڕایەڵم نین....ته خماسپەده بەسوپاوه به ڕێكەوتن. له جه نگێكدا کە ئاهورامەزدا پشتگیرم بوو. له ژێر پارێزگاری ئاهورامەزدادا سوپاكەم، راپەڕیوەكانیان بەزاند. له رۆژی 5ی تشریتو (تشرین)جه نگەكەیان كرد. چیترانتەخمایان بەدیلگرت و بۆ منیان هێنا. لوتیم بڕی، هه ردوو گوێچكەكانی، زمانی، یه ك چاویم كوێركرد. به ده روازه كەمدا هەڵمواسی. هەموو خەڵك دەیانتوانی بیبینن. پاشان له شاری ئه ربێلا تێڵاتڕێنم كرد. راپەڕیوه یاخیبووەكان، كوژراو و رزگاربووەكانیان چوارسه د و چل و حه وت كەس بوون."
بەم شێوەیە دەبینین کە نەوەیەکی کەیخوسرەوی پاشای میدیا لە هەولێر بووە و دژی فارسەکان راپەڕیوە، لەهەمان ساڵیشدا نەوەیەکی دیاکۆ لە هەمەدان ڕاپەڕی، بەڵام فارسەکان بە یارمەتی میدییە خۆفرۆشەکانی وەک تەهماسپەدە توانییان ئەو دەرفەتەی دروستبوونەوەی دەوڵەتی میدیا لە دوای ٢٨ ساڵ لە رووخاندنی لەلایەن فارسەکانەوە دووبارە لەبار ببەن. لەو رۆژەوە فارس هەردەم وەک دۆست ئێمەی قبوڵە، بەڵام دۆستێکی وەک تەهماسپەدەیان دەوێت خۆفرۆشییان بۆ بکات، زۆر جێگەی گاڵتەجاڕییە ئەو نووسەر و کەسایەتییانەی پێیان وایە کە فارس دوژمنێکی ئارامتری ئێمەن و لە تورک وعەرەب باشترن...ئەوپەڕی تێنەگەیشتنە لە مێژوو...دوژمنان قەت نەخەوتوون، هەموو پێکەوە لە پلانداناندان.
لەدوای دامرکاندنەوەی ئەو ڕاپەڕینە هەتا هاتنی ئەسکەندەر وراتی هەولێرێ لەژێر داگیرکاری فارسەکان مایەوە.
لە ساڵی ٢١٦ زاینیدا هەولێرییەکان دژی ئیمپراتۆری رۆمانی راپەڕین و سوپای رۆمیان لە شار وەدەرنا، بەڵام کراکالەی ئیمپراتۆری بە سوپایەکی گەورەوە گەڕایەوە و شوراکانی شاری روخاند....
هەولێرییەکان لەسەردەمی مەغۆلەکانیش ڕاپەڕینیان کرد... و چەندین راپەڕینی تر....
لە ١١ ئاداری ١٩٩١ هەولێرییەکان مەردانە سوپای بەعس و بەعسییەکانیان ڕاماڵی....
چیرۆکی داگیرکاری و ڕاپەڕینی ئەم نیشتیمانە بەردەوامی دەبێت، هەرچەندە لە ئێستادا، بەهۆی ئەوانەی کە هەموو دەستکەوت و بەرهەمەکانی ڕاپەڕینیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە، ڕاپەڕین ناوی زڕاوە، بەڵام هەموو هەڵەیەک دەکرێت ڕاستبکرێتەوە!
وێنەی یەکەم: نەخشی چیای بێستون، وێنەی چیترانتەخمای نەوەی کەیخوسرەوی میدی بە کۆتکراوی (پێنجەم کەسە)لەبەردەم داریوسدا و لەژێر هێمای ئاهورامەزدادا...
وێنەی دووەم: دەروازەی قەڵاتی هەولێرێ

وتاری زیاتر