ئه‌و جه‌ژنه‌ی 3800 ساڵ لەمەوبەر لە شاری ئاراپخا (کەرکوک) ده‌گێڕدرا، نه‌ورۆز بووه‌؟

لە لایەن پ.ی.د. دڵشاد زاموا20/03/2023

ئه‌و جه‌ژنه‌ی 3800 ساڵ لەمەوبەر لە شاری ئاراپخا (کەرکوک) ده‌گێڕدرا، نه‌ورۆز بووه‌؟

سێ هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر لە شاری ئاراپخا (کەرکوک) جه‌ژنێكی تایبەت بە ناوی (جه‌ژنی گەرما) لە مانگی ئاداردا ئەنجام دەدرا، ئەم جه‌ژنه‌ لایەن خەڵکی ناو شارەکەوە(کە تێکەڵەیەک بوون لە زۆرینەیەک لە گەلی خوررییەکان و بەشێک لە گوتییەکان و کاشییەکان) ئەنجام دراوە، خوررییەکان کە گەلێکی دێرینی کوردستان بوون و ئەم شارەش هەر لە هەزارەی سێیەمی پ.ز.ەوە ئاوەدان بووە.
لە سەدەی هەژدەی پ.ز.دا ئەم شارە لەلایەن شەمشی ئەدەدی یەکەمی پاشای ئاشورییەوە داگیرکرا، ئەو لە شارەکەدا بۆ ماوەیەک مایەوە، هەتا لە مانگی ئاداردا بەشداری ئەو جه‌ژنه‌ بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە خەڵکی شارەکە نزیک بکاتەوە و وەک داگیرکەر لێی نەڕواندرێت، شەمشی ئەدەد بەم شێوەیە باسی جه‌ژنه‌ دەکات:
"لە شاری ئاراپخا، لە جه‌ژنی گەرما دا بۆ خواوەندی خۆر و خواوەندی هەورەبروسکە قوربانیم کرد...و... قاچی پەیکەرەکانم ماچکرد."
وەک دەبینین، جه‌ژنه‌كه‌ ناوی گەرما بووە و کە شەمشی ئەدەدی ئاشوری بەزمانی خۆی پێی وتووە (جەژنی خەمتوم) واتە جەژنی گەرما، نازانین گەلانی دێرینی شاری کەرکوک بە زمانی خۆیان چییان پێ وتووە، جەژنەکە لەسەرەتای مانگی ئاداردا ئەنجام دراوە، بۆ هەردوو خواوەندی خۆر(شوینی) و هەورەبروسکە(تێشوپ)ی خورییەکان ئەنجامدراوە کە یەک پەرستگەیان هەبووە لە شارەکەدا، جا ئایا ناونانی جەژنەکە بە جه‌ژنی گەرما پەیوەندی هەبووە بە کۆتایی زستان و هاتنی بەهار و گەرم بوونی ئاوهەواوه‌؟
ئایا ناوی گەرمیان و کەرکوک کە دواتر لە سەرچاوەکاندا بە بێث-گرمای ناوی هاتووە پەیوەندی بە وەرگێڕانی ناوم ئەم جه‌ژنه‌وه‌ هەیە؟
باباگوڕگوڕ، ئەو گاز و نەوتەی کە بە شێوەی سروشتی لەسەر زەوییەکە بوو و سەدان ساڵ بوو کڵپەی ئاگرەی بەردەوام بوو و خەڵکی وەک شەخسێک هەتا سەدەی ڕابردوو بۆ مراز دەچوونه‌ نزیکی ئەم ئاگرەوە، ژنان ئەوانەی منداڵیان نەدەبوو یان تەنها کچیان هەبوو، دەیانگوت "باباگوڕگوڕ  بە گوڕ هاتووین بۆ کوڕ"!
دەبێت ئەوەش بڵێین، کە لەم چەند ساڵەدا کەسانێکی ناپسپۆڕ هەموو شتێک پەیوەست دەکەنەوە بە سومەرییەکانەوە، زمانیان و جەژنەکانیان و بەڵگەکانیشیان زۆر لاوازن، لەکاتێکدا گەلانی ڕەسەنی ئەم نیشتیمانە سومەری نەبوون، بەڵکو سومەرییەکان وەک هەر گەلێکی داگیرکار هاتوون، بۆ شەڕ و تاڵانی و بەکۆیلەکردنی خەڵکی ئێرە. جا نەزانییەکەش لەو دەربڕینەدایە کە دەڵێن (سومەرییەکان کوردبوون، زمانی سومەری زمانی کوردییە، و نەورۆز جەژنێکی سومەرییە)، ئەم دەبڕینە هەڵانە بۆ ئەوەیە کە هەستی پەرۆشی خەڵک ببزوێنن.
جەژن و فێستیڤاڵەکانی بەهار، پەیوەستن بە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە، ژیانی سەختی زستانی چاخی بەردینی کۆن، و پاشان ژیانی لادێی بێ بەرهەم لە وەرزی زستاندا، و هاتنی بەهار لە لادێکانی چاخی بەردینی نوێدا گرنگی زۆر گەورەیان هەبووە، و ئەم هاتنی بەهارە گۆڕانکارییەکی گەورەبووە، نەک بۆ مرۆڤ، بۆ ئاژەڵەکانیش، ئەوانەی پاییز و زستان مت بوون، هەڵدەستنەوە، زۆرینەی ئاژەڵ و باڵندەکان لەم وەرزەدا بێچوویان دەبێت، درەختەکان چرۆ دەکەنەوە، و گەڵا و گوڵ دەگرنەوە، و بۆ وەرزی بەرهەم لە کۆتایی بەهار و هاوین بەرهەمیان دەبێت.
لەبەرئەوە هاتنی بەهار، لە هەر سەردەمێکدا داستان و ئەفسانە و لێکدانەوەیەکی ئاینی بۆکراوە، و لەم نیشتیمانەشدا، بە درێژایی مێژوو، زۆربەی ڕاپەڕینەکان لەم وەرزەدابوون.
جا ئەوانەی ئەم نەورۆزە بە تەنها بە یەکێک لە ئایینە کۆنەکانەوە پەیوەست دەکەنەوە یان بە ئاینێکی کۆنەوە پەیوەستی دەکەنەوە هەر تێی نەگەیشتوون، و ئەوانەشی بەناوی دینەوە دژایەتی بەهار و نەورۆز دەکەن دووبارە کاردانەوەیەکی عاتیفی دینی ئەوانەو ئەمانیش هەر لێی تێنەگەیشتوون.

وتاری زیاتر