وێنه‌كه‌ی شێروان شێروانی

لە لایەن ئارام عبدالکریم، ڕۆژنامەنوس05/09/2023

 

وێنەی رۆژنامەنوسێک لە زیندان تا دێت پێشێلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان تۆختر دەکاتەوە.

شیروان شێروانی رۆژنامەنوس که لە سەر چەند تۆمەتێکی بێ بنەما لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە بە چوار ساڵ زیندان سزادرا بۆ جارێکیتر و دوبارە سزای چوار ساڵیتری بۆ نوێ کرایەوە بووە سبمولی ئازادی و زیاتر شکۆی هەرێمی کوردستان و ئازادی رۆژنامەگەری لەم پارچەی کوردستان شکاند. بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیەی شیروان شێروانی لە زیندانەوە پەیامێکی ورەبەرزی دایە ئەو رۆژنامەنوسانەی کە بە هۆی نوسین و رەخنەکانیان لە دەسەڵاتی ستەمکاری یەکێتی و پارتی گیانیان لە مەترسیدایە. لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادی وتن و رەخنە گرتن و بەرهەڵستاکاری گەندەڵی ، چەند رۆژنامەنوسێک له ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە فیشەکی چەکدارەکانی یەکێتی و پارتی و بەرپرسەکانیان تێرۆر کراون و تا ئێستاش کەس نازانێت بکۆژی ئەم رۆژنامەنوسانە کێ بووە و حکومەتی هەرێم و داواکاری گشتیش لە ئاست ئەو تێرۆرانەدا بێدەنگە. لە دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی شیروان شێروانی لە زیندان ئێستا ئەو قسەیە لای ئێمەی رۆژنامەنوس باوە دەڵێن ئاخۆ گەر ( سۆرانی مامەحمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی ) لە ژیاندا بوونایە و لە بری کوشتن لەزیندان بوونایە چ پەیامێکیان به وێنەکانیان دەدایە خەڵک؟ بەڵام بە داخەوە کوشتنی رۆژنامەنوسان و دەستگیر کردنی شیروان شێروانی و گۆهدار زێباری و هاوڕێکانیان بووەتە توندترین پەیامی ئەم دوو دەسەڵاتەی هەرێم بۆ رۆژنامەنوسان کە چارەنوسی رەخنەکانتان یان زیندانە یان کوشتن. مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێ وایه‌ به‌ سه‌ركوتكردنی ئازادییه‌كان و رێگه‌گرتن له‌ جوڵانه‌وه‌كان، ده‌توانێت زیاتر تەمەنی ده‌سه‌ڵات خۆسەپێنەکەی قایمتر بکا ، به‌ڵام له‌ راستیدا هیمەتی ئازادی و بەرنگاربوونەوەی ستەمکاری لەم وڵاتە بە جۆرێکە رۆژ بە رۆژ لە تەمەنی ئەو دەسەڵاتە کەم دەکاتەوە.

وتاری زیاتر