دۆخی ژن لەژێر چەپۆکی گورگەکاندا

لە لایەن ئارام عبدالکریم، ڕۆژنامەنوس17/12/2023

ڕۆژانی ٧ و ٨ی ١٢ی ٢٠٢٣ زانکۆی سلێمانی، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی بۆ مافەکانی ژن ساز دا، لەژێر ناونیشانی (ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا). خێرا ڕیزی پێشەوەی کۆنفرانسەکە، بۆ سەرکردە سەربازییەکانی زۆنی سلێمانی تەرخانکرا. ئەوانەی لەگەڵ مەڕ شین دەکەن و لەگەڵ گورگیشدا دەخۆن. ئەوانەی چەندان ساڵە دەستیان بە ڕژانی خوێنی هەزارەها ئافرەتی بەشمەینەتی ئەم هەرێمەدا هەبوو. ئەوانەی دەمانچە و چەکیان بەخشییەوە بەسەر سمێڵ بابڕەکانی خۆیاندا، تا دەستی چەپەڵیان بچێتە خوێنی خوشک و دایک و خێزانی خۆیانەوە.

ساڵانە بەرپرسانی ئەم هەرێمە، بە فرمێسکی درۆیینە هاوسۆزی بۆ ژنان دەردەبڕن، کەچی ڕۆژانە لەژێر باڵ و سایەی ئەواندا، بەناوی شەرەف و پارێزگاریی لە نامووسەوە، سەدان کچ کوژران، سەدان ئافرەت سووکایەتییان پێکرا. تەڵاق و جیابوونەوە، دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی، بوونەتە سیمای ئەم هەرێم و شارەی سلێمانی، ڕۆژ بەڕۆژ هەیکەلی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەچێت.

سەرەنجامەکەشی هەر ژن و مێینە تێیدا دەبنەوە بە قوربانی. ئەوان بە بانگەشەی درۆینە، بە میدیای زەردیان، بە کۆنفرانسی نێودەوڵەتییان دەیانەوێ پەڵەی ڕەشی نێوچاوانیان بسڕنەوە، دەیانەوێ لە شەوی ئەنگوستە چاودا، مۆم و ئاگر هەڵکەن، تا جەستەی ناسکی ژنی پێ ڕاو بکەن، ئەوان بەناوی فێمێنیزمی و مافی ژن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەوە، بوونەتەوە بە گەورەترین سەرەخۆرەی ژن، بەردەوام میکیاجی کەسایەتی و ڕووخساری خۆیان دەکەن، کەچی ئەوەی شەوە سوورەکانیان دەڕازێنێتەوە و چێژی لێ دەبینن و وەک گورگ بەر دەبنە جەستەی، تەنها و تەنها کچانی ناسکۆڵەی ئەم هەرێمەن و بەس.

وتاری زیاتر