بسم اللە والحمد للە
مەدخلیەت و مەنهەجی پێشینی چاکمان
سەلەفیەت بە ناو لەخۆنان نیە بەڵکو بە شوێن کەوتنی پێشینی چاکمانە ، بە شوێن کەوتنی قورئان و سوننەی "صحیح"ە بە تێگەشتنی هاوەڵان .
جا لێرەوە بەو برایانەی کە ناویان لە خۆناوە سەلەفی دەڵێم : براکانم ڕاستە ئێوە ناوتان لەخۆتان ناوە سەلەفی و ناوێکی گەورەو جوان و پڕ ماناتان بۆ خۆتان هەڵبژاردووە، بەڵام بەداخەوە ئێوە لە هەندێ قواعد و ئوسوڵی سەلەف لاتان داوە و ناوەڕۆک و کردەوەو مامەڵەو هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانتان لەگەڵ موسڵمانان و دوژمنە نەیارەکانیان پێچەوانەی ناوەکەتانە، سەلەف مامەڵەیان لەگەڵ تێکڕای موسڵماناندا پڕ بووە لە برایەتی و ڕێزو سۆزو بەزەیی و خۆشەویستی، بەڵام ئێوە بەپێچەوانەوە لەگەڵ علمانیەکاندا دۆست و براو هاو هەڵوێست و تەبان و لەگەڵ براکانتاندا هەردەم لەکێشەن و لەسەنگەری بەرانبەرن لەگەڵیان!!
ڕاستیان فەرمووە زانایانی ئوسوڵ کە فەرمویانە : التحريم تابع للحقیقة والمفسدة لا للاسم والصورة.
واتا : حەرام کردن دەگەڕێتەوە بۆ حەقیقەت و ناوەڕۆک و شتەخراپەکان نەک بۆ ناو و وێناکراوەکان.
واتا بەناو نیە بە ناوەڕۆکە نە عارەق بە ناولێنانی مەشروباتی ڕۆحی حەڵاڵ دەبێت، وە نە شەربەت بەناو لێنانی عارەق حەرام دەبێت، نە دوو ڕووەکان بە" نحن الصالحون" دەبن بە پیاو باش وە نە موسڵمانان بە ناو لێنانیان بە کۆنە پەرست و ئوسوڵی ناشیرین دەبن.
زۆر بەداخەوە کەسانێك بانگی مرۆڤەکان بکەن بۆ یەکتاپەرستی بەگومڕا ئەژمار بکرێن ، تەنها لەبەر ئەوەی لە ناو گرۆپێکی ئیسلامین ، وە کەسانێک کە هەڵگری بیروباوەڕێك بن هەڵقوڵاوی بیری مرۆڤەکان بێت، بانگەشەی وەلی ئەمر بوونیان بۆ بکەن و بەوەلی ئەمر بناسێنرێن " سبحانك هذا بهتان عظيم" .
واتا سەلەفیەت بەناو لەخۆنان نیە بەڵکو بە شوێنکەوتنی ڕاست ودروستی پێشینی چاکمانە، وە وەلی ئەمرێتیش تەنها بە گرتنە دەستی دەسەڵات نیە، بەڵکو بە کۆمەڵە مەرجێکی دیاری کراوە کە زانایانی متمانە پێکراو لە کتێبەکانی فیقە ڕونیان کردۆتەوە، وە لە هەموو ئەو مەرجانە ڕوون و ئاشکراو تایبەتتر نوێژکردنە لەناو موسڵمانان و جێ بەجێ كردنی (تطبيق)شەرعی خوایە وە ئەم دوانەش لە فەرمودەی ( صحیح ) ی پێغەمبەرەوە صلی الله علیه وسلم وەرگیراوە : ما ٲقاموا فیکم الصلاة ، هەر وەها دەفەرموێت : فاسمعوا لَهُ وأطيعوا ما أقامَ لَكم كتابَ اللَّهِ.
يَعني: ما دامَ مُتَمَسِّكًا بالإسلامِ والدُّعَاءِ إلى كِتابِ اللَّهِ تعالَى على أيِّ حَالٍ في نَفْسِه ودِينِه وأخلاقِه، ولم يَأمُرْ بمَعصيةِ اللهِ عزَّ وجلَّ.
واتا: تا ئەو کاتەی سەرکردە دەستی گرتبێ بە ئیسلامەوەو دەعوەو بانگەوازەکەی بەپێی قورئانی پیرۆز بێت و بۆ لای قورئان بێت جا ئەوکاتە لەسەر هەر حاڵەتێك بێت پیاو چاك بێت یان فاجر بێت گوێڕایەڵی بن و لە تاواندا گوێڕایەڵی مەکەن.
جا ویژدانی خۆتان دەکەم بەشایەت وە حوجەش بێت لەسەرتان بۆ دوا ڕۆژ کام لە سەرکردەکانی وڵاتە عەرەبییەکان و غەیرە عەرەبییەکان ئەو مەرجانەیان تێدایە !!! وا دەیانەوێ بەزوڵم و ناڕەوا وەک وەلی ئەمر بیان سەپێنن بەسەر میللەتانی موسڵماندا.
ئێوە بەحساب باوەڕتان بە تەقلید و حزبایەتی نیەو پێتان شەرمە و خۆتان لەوە بەگەورەتر دەزانن لەسەر یەکێک لەچوار مەزهەبەکەی ئەهلی سونە ئەژمار بکرێن، بەڵام خێرە وا کێ بڕکێتانە لە ئیتباع و تەقلید کردنی تەنها کەسێک بەناوی(شێخ ربیع بن هادی مدخەلی) وە، کەشێخ و مامۆستای بۆ لادەبردن و دادەنان و دەچوون بۆلای بۆ حیجاز کێشەکانتان بۆ یەکلایی بکاتەوە؟؟! هەرکەسێکیش سەرپێچی بڕیارو ڕێنماییەکانی کردبا تفسیق و تبدیع دەکرا و شوێن کەوتوانیشی وەك توتی بەدوایدا قسەکانیان دووبارە دەکردەوە، چۆن لەڕووتان دێ باسی حەرام بوونی حزبایەتی و تەقلید دەکەن و ئەوەش حاڵتانە!!!
والله عەزیزەکانم دڵنیام لەوەی ئێوەی بەناو سەلەفی، خەڵکانێکی زۆر دڵسۆزتان تێدایەو، بێ گومانم لەوەش زۆربەتان بێ ئاگان لەوەی کە دەستێکی موخابەراتی نێو دەوڵەتی لەوڵاتە عەرەبیەکاندا لەناو سەلەفیەکاندا هەیەو ناوی سەلەف و سەلەفیەت بکار دەهێنرێت بۆ فریودانی شوێنکەوتوانی ئەو ڕەوتە و ئەو خەڵکەی لەژێر ئەو ناوە کۆکراونەتەوە...
بەمەبەستی چەسپاندنی دەسەڵاتی بەناو وەلی ئەمرو جێبەجێ کردنی ئامانجە بێ شەرعیەکانی، کەخاڵی ستراتیژیان لەوە خۆی دەبینێتەوە نەهێڵن لەهیچ وڵاتێکی عەربیدا موسڵمانان ببنە خاوەنی دەسەڵات و دەوڵەت...
بۆ ئەم مەبەستەش لەڕێگەی ئەو وڵاتانەوە زۆر هەیئات و لیجان و زانای سەر بە دەسەڵات دروست کراون، کەبەهۆی هەوڵی بەردەوام و فەتوا داواکراوەکانیان کار لەسەر تحریم کردنی ئەو وەسیلەو ڕێگا گرنگ و سەرەکیانە دەکەن کەدەبنە مەترسی لەسەر کورسی دەسەڵاتەکەیان.
نمونەی: بە حەرام کردنی کاری ڕێخستن و جەماعی و بەموبتەدیع ناساندنی ئەندامانی هەموو حزب و جەماعەتێکی ئیسلامی لەهەموو جیهان ، ئیتر هەر مەنهەج و بەرنامەو ناونیشانێکی هەبێت، موسڵمانی یەکتاپەرستی ناو جەمعە ئیسلامییەکانیش بەموبتەدیع دانرێن و هەڵگرانی فیکری عەلمانی وەلی ئەمر بن!!!
چونکە کاری دەستە جەمعی و کۆکردنەوەی تواناکان و ڕێکخستن و ئاراستەکردنیان لەلایەن سەرکردەیەکی بەتواناو سەرکردایەتیەکی دڵسۆزەوە دەبێتە هۆکاری دروست بوونی هێزێکی کاریگەر و هۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ گۆڕینی هەر دەسەڵاتێکی خوار و گەندەڵ.
لەبەرانبەریشدا ئەو دەوڵەتانە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری جەماعەتە ئیسلامیەکان بەهاوکاری زانایانی دەسەڵات(علماء السلاطين)هەوڵ دەدەن لەڕێگەی ناساندنی ئەم دەسەڵات دارە خوێن مژانە بە وەلی ئەمرو چواندن و شوبهاندنیان بە ئیمام و خەلیفەی موسڵمانان و هێنانەوەی ئەو ئەحکامە شەرعیانەی باس لە مامەڵەی دانیشتوانی هاوڵاتیانێك دەکات لەژێر سایەی حوکمی شەریعەتی ئیسلامدا بژین و فەتوای حرام کردنی کاری جماعی و خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەریان...هتد ، و هەر شتێکی تر کەبەپێویستی بزانن فەتوای بۆ دەردەکەن.
ئەگەر سەرنج بدەن مەدخەلیەکان ئەوەندە کار لەسەر حەرام بوون و بیدعە بوونی کاری دەستەجەمعی و کۆکردنەوەی تواناکان و ئاراستەکردنیان لە کاری ڕێخستن و جەماعەتێکدا دەکەن؟؟ کار لەسەر حەرام بوونی حزبە عەلمانی و دیمکرات خوازەکان ناکەن و ئیشە حزبیەکەی ئەوان بەبیدعە و حەرام ناناسێنن ، لایەنی کەم بێ دەنگن بەرانبەریان؟!
لەکاتێکیشدا هەردوولا حزبن و ئەوان حزبی عەلمانی و دیمکراسی خواز و خاوەنی پەیڕەو و پرۆگرامێکی ئاشکراو ڕوون و نوسراو کەهەر حزبەیان ئامانج و بیروباوەڕ وقەناعەتی خۆیانیان بەئاشکرا نوسیوەو دیارە و بەیانیان کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هەرچەندە ئیددعای ئەوە دەکەن کەلەسەر عەقیدەی ئەهلی سوننەن و سەلەفین، بەڵام بەکردەوە هیچ حسابێک بۆ (عەمەل) و مەنهەج و بەرنامە و ئیشکردنیان بە قانوونی وەزعی و پابەند نەبونیان بەهیچ واجباتێکی دینیانەوە ناکەن،کە تێکڕای زانایانی ئەهلی سەلەف (عەمەل)یان داخل بەئیمان کردووە.
لەکۆتاییدا دەڵێم : نەختێک لەخوا بترسن و هێندە ئازاو بوێرو بێ بەزەیی مەبن بەرانبەر تبدیع کردنی ملوێنەها خەڵکی سەربە جەماعەتە ئیسلامیەکان، بەڵام بەسۆزو مهرەبان و سینگ فراوان و بەحەزەر و ئیحتیات بن بەرانبەر عەلمانی و دەسەڵات داران.
بەزەڕەبین گەڕان بەدوای عەیب و ناتەواوی موسڵمانان و موحامێتی و سترو داپۆشین و بیانو هێنانەوە بۆ فسوق و فوجرو عەیب و ناتەواوی عەلمانێکان لەکوێی مەنهەجی سەلەف جێی دەبێتەوە!!!
بێ زەحمەت پێمان بڵێن دروست کردنی حزب و کاری جەماعی هێندە گوناهێکی گەورەیە و هەرکەس لێی نزیک بێتەوە دەبێتە موبتەدیع و ئەوەندە زیادەڕەویتان لەباس کردنی کردووە، زانایانی سەلەف لەژێر چ بابێکی فقهی و عەقیدەیدا باسیان کردووەو؟؟؟ چ حوکمێکی هەیە
کەدڵنیام لەهیچ بابێکی فقهی و لەهیچ کتێبێکی عەقیدەیی هیچ زانایەکی خاوەن ئیعتباری سەلەفی بابێکی تایبەتی بەناوی حەرام بونی کاری جەماعی و بە موبتەدیع کردنی هەرکەسێک لەناو هەر حزب و کۆمەڵێکی ئیسلامیدا کار بکات نەکردووە، جگە لەباس کردنی دەمارگیری(تعصب) بۆ حزب و شێخ و مەزهەب بە هەق و ناهەق کەپێم وایە ئەویش لەناو مەدخەلیەکاندا زیاترە.
وآخر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین.