رێگریكردن لەمامۆستایان، ستەمكاریی ئەم حوكمڕانیە داناپۆشێت

لە لایەن سەرتیب جەوهەر26/11/2023

ئەمڕۆ مامۆستایانی سلێمانی لەسەرداوای دەسەڵاتدارانی هەرێم رێگریان لێكراو نەیانتوانی بچنە بەغدا بۆ خۆپێشاندان و گەیاندنی پەیامی ناڕەزایی و بێزاری خۆیان دژی ئەم حوكمڕانیەی هەرێم و دەسەڵاتدارانیی! بەڵام ئەو رێگرییە جگە لەعەیبەی نەدانی موچەو برسیكردنی خەڵك، لەكەیەكی دیكەی بۆ مێژووی ئەم حوكمڕانیە زیادكرد.
ئەوان پێیانوابوو بەم رێگرییە دەست دەخەنە سەردەمی خەڵكی كوردستان تا عەیبەو ناشرینیەكانی ئەم حوكمڕانیە نەگاتە بەغدا، كەچی بەپێچەوانەوە بوو، عەیبەكەیان لەخۆ گەورەتركرد! 
ئەوانەی رێگرییان لەمامۆستایان كرد وەك هەموو دەسەڵاتدارێتیەكی ستەمكار مەست و بێئاگان ئەگەر پێیانوابێت بە رێگریكردن لەهات و هاواری خەڵك لەتاو برسێتی و ناعەدالەتی و زوڵم و ستەمی ستەمكاران، گرفتەكان چارەسەر دەبن! بێئاگان لەوەی هەڵبژاردنی كوردستان زۆری نەماوە، ئەگەر وەك خۆپێشاندانەكەی مامۆستایان رێگری لێنەكەن، ئەوا ئەنجامی ستەمكارییەكانی خۆیان دەبینن!
ئەم مێژووە ناشرینەی هەیە، تەنها لایەنێك، گروپێكی دیاریكراو لێی بەرپرس نییە، بەڵكو هەموو ئەوانە لێی بەرپرسن كە ئەم مێژووەیان دروستكردووە. هەر لەئیمزاكردنی گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ توركیا بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی، تا دەگاتە بڕینی موچەو قوتی خەڵك و زیادكردنی باج و خەراج و نرخی ئاو و كارەباو سوتەمەنی و تاڵكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان لەهەموو روویەكەوە.
ئاخر ئەوانەی لەمێژووی كۆن و نوێدا ستەمكاربوون قەت رۆژێك لەرۆژان پێشبینی ئەوەیان نەدەكرد خۆری دەسەڵات و هێزیان لێ‌ ئاوا ببێت! ئەوانەی ستەمكارن، بەهۆی تەوقی دەربارو كەمینەیەكی مشەخۆری دەوروبەریان و هەستكردن بەعەزەمەتەوە، بەرچاویان تاریك بووەو راستیەكانیان وەكخۆی نەبینیوە.
ئەوەتا موعەممەر قەزافیی ساڵی 2011 لەكونێكەوە قسەی دەكرد، كەچی بڕوای نەدەكرد دەڕوخێت! هەڕەشەی دەكرد (دار دار زەنگە زەنگە) بەدوای گێرەشێوێنان دا دەگەڕێین و لەناویان دەبەین؟ّ!
نیكۆلای چاوچیسكۆی دیكتاتۆر دوای 25 ساڵ حوكمڕانی بەئاگرو ئاسن، لە22ی دیسەمبەری 1989 لەبەردەم دەیان هەزاركەس گوتارێكی دا پەنجەی دەشەقاندو هەڕەشەی لەدەنگی ناڕەزایی خەڵك دەكرد، كەچی گوتارەكەی تەواونەكرد خەڵكەكە پەلاماریانداو لەلایەن خەڵكەوە دەستگیركراو دوای دوو رۆژ خۆی و ژنەكەی لەسێدارەدرا!
زین العابدین بن عەلی دوای 24 ساڵ حوكمڕانیی، لەعەزەمەتی لەخۆبایی ببوو، قەت لەوباوەڕە نەبوو خۆ سوتاندنی عەرەبانچییەك بەناوی (محەمەد بوعزیز) لەداخی خراپی ژیان و ستەمكارییەكانی دەبێتەهۆی خۆپێشاندان و شۆڕشێكی توندوتیژو ناچاری دەكەن بەرەو سعودیە رابكات و لەوێ سەرینایەوە.

وتاری زیاتر