میدیا ھۆکار یان چارەسەرێک بۆ گەندەڵی
گرنگی و تەشەنەکردی ئەم بابەتە سەرنجی ڕاکێشام بۆ قسەکردن لەسەری ، بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردی بووە بە خاڵێکی زەق و ئەساسی بۆگەنی گەندەڵێ ھێندە زیادی کردوە لەھەموو کایەکانی کۆمەڵگە سەر دەردێنی .
گەندەڵی چیە؟
گەندەڵی واتە شتێک یان مافێک هی تۆ نیە و بۆ تۆ نیە بتەوێت بە ڕێگایەکی نا یاسایی و نا ئەخلاقی بەدەستی بهێنیت.
گەندەڵی میدیا چیە؟
میدیا لە بەهێزترین چەکە هزری و زانیارییەکانی جیهانە، کە روماڵی رووداوەکان دەکات، یان رووداو دروستدەکات، بە ئامانجی ئاراستەکردن و سەرکرادەیەتی کردنی کۆمەڵگە لە بەرژەوەندیی ئەوانەی لە پشتییەوەن، بێگومان پەیوەندییەکی گەرم و گوڕ لە نێوان دراو و میدیا و دەسەڵاتدا هەیە، ئەمەش وایکردووە ئەو پیشە پڕ لە سەرئێشەیە ببێتە بزوێنەری سەرەکی یارییە سیاسییەکان.
رەنگە لە بنەڕەتدا ئەرکی میدیا، بریتی بێت لە روماڵکردنی رووداوەکان و پەروەردەی کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی و رۆشنبیریی تاکەکانی کۆمەڵ و بانگەشەکردن بۆ بیرکردنەوەیەکی دیاریکراو، بەڵام ئەوەی لە میدیای ئەمڕۆدا دەگوزەرێت، پاڵنەرێکی تری سەرەکی هەیە، کە خۆی لە باڵادەستی و سەپاندنی هەژموونی کەسی و تایبەتی و ئایدیایەکی دیاریکراو و ئاراستەکراوە بۆ بەرژەوەندییەکی زۆر تەسک، زۆرجار جەماوەر بە شێوەیەک چەواشەدەکرێت، کە نەزانێت راستی چییە، یان بۆچی دەبێت راستی ئەوەبێت کە ئەو میدیایە بانگەشەی بۆدەکات.
میدیا لە ئێستادا :
دۆخی نوێ، کەشێکی لەباری بۆ میدیای هەڵگری باوەڕی سیاسیی بازرگانی خوڵقاندووە، لەبەرامبەردا سەربەخۆییەکەی لە پاشەکشەدایە، هەتا لە کۆمەڵگە دیموکراتییەکانیشدا، ئەمەش نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر ئەو بۆچوونەی کە میدیا ئەرکی چاودێریکردن و نوێنەرایەتی کۆمەڵ و رایگشتی هەیە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لە ئەستۆدایە لەبەرامبەر بەرژەوەندیی گشتیدا.
میدیای هاوچەرخ، رۆڵێک دەبینێ، کە دەشێت زۆرگرنگ و بونیادنەربێت، یان روخێنەر و شکێنەر و تێکدەر و وێنرانکەری هەر کۆمەڵگەیەک بێت، ئەو میدیا روخێنەرە، هێند بە چڕی کار لەسەر بەرنامەکانی دەکات، هێند درێژەی پێدەدات، دەرفەت بە کۆمەڵگە نادات فریای بیرلێکردنەوەی بکەوێت، یان هەڵسەنگاندن بۆ پەیامەکانی بکات، ئەوەندە پەیامە ئاراستەکراوەکانی دووبارەدەکاتەوە، جەماوەر هەست بەوەنەکات هەڵخەڵەتێنراوە، یان چەواشەکراوە، کە زۆربەی جارەکان بەڵگەکانیان هێندە لاواز و بێ ناوەرۆک و بێ پاساون، ئەگەر بتەوێت بیسەلمێنیت یان ساغیان بکەیتەوە، نەتگەیەنێت بە هیچ، بەڵام لە ڕێی نووسەر و کۆمێنتەر و لە رێگای کەناڵی جیاجیا و ناوی جیا جیا و بەناو رۆژنامەنووسی ئاراستەکراو دەخرێنەوەڕوو هزری وەرگر دادەشۆرن و ناچاردەکرێت بەڕاست وەریبگرێت، ئەو بنەمایەش دەقۆزنەوە کە ئەوەی لە میدیا باسبکرێت و بخرێتەڕوو دەبێت بەلای کۆمەڵگەوە راستبێت، چونکە لێیکۆڵدراوەتەوە و پشتڕاستکراوەتەوە و بەدڵنیاییەوە دەبێت دروستبێت.
گرنگیی میدیا بۆ دەسەڵات:
گرنگیی میدیا بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتخوازان، دەرفەتی ئەوە زیاتر فراواندەکات کە لەژێرناوی میدکارانەوە دزە بکرێتە ناو کایەی رۆژنامەنووسی و هێندەی تر ئەرکی میدیا لە ئاشکراکردنی گەندەڵی سەختتر دەکات. لە ساڵی 2005 دا، ناوەندێکی توێژینەوە بریتانیایی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە نێو هەر 400 رۆژنامەنووسی بریتانیادا 90 رۆژنامەنووس یان نووسەری پەیوەندیدار بە دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکان هەن.
نوسەر :نیان كایا