حەقیقەتەکان وەک خۆی ببێنن

لە لایەن چیا نورى- رۆژنامەنووس22/12/2023

حەقیقەتەکان وەک خۆی ببێنن
واز لە تەخوینکردنی یەکتر بێنن
مەکەونە دوای قەرەباڵەغی فەیسبووك.. کەس تۆمەتبار مەکەن بە سوتاندنی دەنگ... حەقیقەت و واقیع وەک خۆی ببینە و ئینجا بڕیار بدە.. هەر بە نموونە:
یەکەم: هەموو دەنگی لایەنە کوردیەکان، کە 217 هەزارە، لە یەک لیستدا کۆی بکەیتەوە، هەر حەوت کورسی دەهێنێت.
دووەم: دەنگی نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان بۆ یەکێتی بوایە، ڕاستە یەکێتی 6 کورسی دەهێنا... بەڵام کورسی دووەمی پارتی دەبرد.
سێیەم: دەنگی نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان بۆ پارتی بوایە، ڕاستە پارتی دەبووە 3 کورسی، بەڵام کورسی پێنجەمی یەکێتی دەبرد.
چوارەم: نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان، پێکەوە بونایە، کورسیەکیان دەبرد، بەڵام کورسی پێنجەمی یەکێتی یان پارتیان دەبرد.
ئازیزم... بچۆ جوان سیستەمەکە بخوێنەوە، ئینجا لایەن وکەسی دیکە تەخوین بکە، ناکرێت وردەکاری سیستەمەکە جوان نەزانیت، بکەویتە دوایی قەرەباڵەغی فەیسبووك.
ئەزیزم... ئەسڵەن دەبێت سوپاسی ئەو دەنگدەرانە بکرێت، کە دەنگیان بە نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان داوە، چونکە ئەوان بە هیچ جۆرێک ئامادەنین دەنگ بە یەکێتی و پارتی بدەن.. بەشداری ئەم لایەنانە نەبوایە، ئەو دەنگدەرانە هەر نەدەچوون بۆ دەنگدان.. ئەو کات لە ڕووی ڕێژەیی سەدی، کورد کەمتری دەهێنا، ئێستا لە 40% هێناوە، ئەگەر دەنگی ئەوانی لێی دەربکەیت، دەبێتە لە 35%.
ئازیزم.. بچۆ بپرسە بڵێی بۆچی 160 هەزار کورد نەچووە بۆ دەنگدان.. دەزانی بۆچی نەچوونە:
یەکەم: یەکێتی و پارتی ئەوەندەی خەریکی کڕینی کادری یەکتر بوون، هەر ئاگایان لە ڕکابەرەکانی دیکەیان نەما.
دووەم: 20 ساڵە ئەم دوو حیزبە، هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەت و کاری حیزبیان رووی نەداوە، هەر ئاوازە کۆنەکەیە.
سێیەم: نەوەیەك هاتۆتە ئاراوە، بڕوای بەو وتارە کلاسیکەی یەکێتی و پارتی نییە.
چوارەم: بەشێکیان تۆماری بایۆمەتریان نییە.
پێنجەم: بەشێکیان لە ڕۆژی دەنگدان، پەنجەمۆری نەخۆێندۆتەوە.
شەشەم: بەشێکیان لە ئەوروپا و ئەمریکان
حەوتەم: بەشێکیان نەخۆش و پەکەوتەن یان مردوون.
هەشتەم: بەشێکیانیش بڕوایان بە حیزبی کوردی نییە، ئەگەر بە ئاوی کەوسەر بیانشۆریتەوە.
لە بەرانبەردا.. سێ لیستی عەرەبی هەبووە.. دژایەتی یەکتریان نەدەکرد.. کادر و لایەنگری یەکتریان نەدەکڕی.. بانگەشەی هاوبەشیان دەکرد.. لە زۆر لێدوانی میدیایی، وەسف و مەدحی یەکتریان دەکرد، ئەمە هانی جەماوەرەکەیانیدا بچن بۆ دەنگدان.
ئینجا دەنگی دەنگدەری عەرەبی زۆر بە جوانی بەسەر سێ لایەنە عەرەبیەکە دابەش بووە، بە جۆرێك کورسی پێنجەم و شەشەمی عەرەب، بە 19 هەزار دەنگ بردراوە.. ئەمەش وایکردووە بە هیچ جۆرێک مەترسی لەسەر کورسیەکانیان نەبێت.
بۆ نموونە: یەکێتی لە دەنگدانی تایبەت، ئەگەر دەنگی بگاتە 200 هەزاریش، بۆ کورسی شەشەم کە دابەشی 11 دەکرێت، دەبێتە 18 هەزار.. بۆیە ئەو کات کورسی دووەمی پارتی دەبات نەک عەرەب.
ئایا دەزانیت، ئەگەر لە دەنگدانی تایبەت، هاوپەیمانی عروبە، دەنگی زیاتر لە یەکێتی بهێنیت، کورسی پێنجەمی یەکێتی یاخود کورسی دووەمی پارتی دەبات.
ئەم سیستەمی سانت ڵیگۆ زۆر ئاڵۆزە.. دەبێت بەپێی کات و باردۆخ بزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
چیا نوری.

وتاری زیاتر